هۆشداری له‌به‌غداوه‌ بۆ كۆمپانیاكانى بواری نەوت له‌هەرێم

ليست هناك تعليقات



كۆمپانیای سۆمۆى عێراقى تایبه‌ت بەبازاڕكردنی نەوت، هۆشداریدەدات بەو كۆمپانیایانەی لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا کاردەکەن، ده‌شڵێت:"بەبێ ڕەزامه‌ندى حکومەتی ناوەندی هیچ هەنگاوێك نەنێن‌و پابەندبن بەبڕیاری دادگای فیدراڵیەوە".

کۆمپانیای سۆمۆ لەوەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا دەربارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بەنادەستورییبوونى یاسای نەوت‌و غازی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکان کە لەهەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون بۆ دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت کراوە نادەستوریین".

سۆمۆ جەختدەكاتەوە، بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی نەوت‌و غاز موڵکی حکومەتی ناوەندنین‌و بەهەماهەنگی لەنێوان هەرێم‌و بەغدا بەڕێوەدەبرێن.

وەك لەڕاگەیەندراوەكەی سۆمۆدا هاتووە، بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵا سەرجەمی ئەو گرێبەستانەی کراون بەهەڵوەشاوە دادەنرێن‌و نادەستورین‌و هۆشداریداوەتە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەهەرێمدا کاردەکەن بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی‌و وەزارەتی نەوت مامەڵە بەنەوتی هەرێمەوە نەکەن.

دەشڵێت:"ڕێز لەبڕیاری دادگا دەگرین‌و پێویستە، کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتیش هەستن بەڕادەستکردنی نەوت بەحکومەتی ناوەندیی، چونکە دەسەڵاتی دەرهێنانی نەوت‌و هاوشێوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هۆشداریدەدات بەکۆمپانیاکان، بەبێ ڕەزامەنی حکومەتی ناوەندی هیچ هەنگاوێك نەنێن‌و سەرپێچی یاسایی لەئیدارەدانی نەوت‌و غازی هەرێمدا نەکەن.

ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت‌و گازی هەرێمی كوردستان‌و فرۆشتنی نەوتی لەلایەن حكومەتەوە بەنایاسایی‌و پێچەوانەی دەستوری عێراق لەقەڵەمدا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق