نەوزاد هادی: هەر جۆرە ھێرشێك پێشێلکاریی سەروەریی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵە

ليست هناك تعليقات


ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: بەشێکین لە عێراقی فیدڕاڵ و ھەر جورە ھێرشێك، ڕاستەوخۆ پێشێلکاریی سەروەریی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵە، ئەم ھێرشانە خروقاتێکی زەقی نێودەوڵەتین

نەوزاد هادی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكی میدیاییدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگیداوە كە ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێكەوتنەكە

بۆچی عێراق گه‌یشته‌ ئەو دۆخەی ئێستا كه‌ پرۆسەی سیاسی بە بنبەست بگات؟

نه‌وزاد هادی: پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەم دۆخەی ئێستا گەیشتووەتە بنبەست، کە دەڵێین ھەڵبژاردن و دیموکراسییەت وەک دوو پێوەری سەرەکین بۆ سیستەمی حوکمڕانی، ئاساییە ھەندێ جار لە بابەت پێکھێنانی کابینە بگاتە بنبەست، ھەر بەتەنیا لە عێراقدا نا، بەڵکوو لە زۆر وڵاتانی دونیاش ھەندێ جار ئەم پرۆسەیە دەگاتە بنبەست، بەتایبەت کە نیسابی دروستکردنی کابینەی نوێ بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان و دەستوور لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران تەواو نەکرێت و سازانیش لە نێوان تەواوی ھێزە سیاسییەکاندا دروست نەبێت. لە عێراقدا ھێزە براوەکان کە زۆرترین کورسییان ھێناوە دیارن کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتییەکدا کۆ بوونەتەوە بە ناوی ھاوپەیمانیی ڕزگاریی نیشتمان، لە بەرانبەریشدا ھێزێک ھەیە بە ناوی سەربەخۆکان، ئەوانیش بە دەوری یەکتردا کۆ بوونەتەوە کە بە گوێرەی ھەڵوێست و تەوقیتی گفتوگۆ لەگەڵیان مامەڵە دەکەن، ھێزێکی دیکەش، کە سێیەکی پەکخەرن، ئەوانیش چوارچێوەی ھەماھەنگین.

کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ھێزە سیاسییەکانی نێو بەیتی شیعە ھێشتا لەسەر کارنامەیەکی ھاوبەش تەبا نین، ئەم دۆخە بە پلەی یەک پێوەندیی بە نێوماڵی شیعەوە ھەیە، کورد و سوننە لە سەرەتادا چاوەڕوان بوون کە ڕێککەوتنێک لە نێوماڵی شیعە بکرێت، بەڵام ئەمە نەکرا، پارتی و سوننە و سەدر لێکتێگەیشتنیان ھەیە، وەک ئەوەی یەکێتی و چوارچێوەی ھەماھەنگییش لێکتێگەیشتنیان ھەیە، جارێ پرۆسەکە وایە ھەرچەند دانوستانی زۆر کراوە و دەستپێشخەریی نوێیش ھەن، بەڵام ھێشتا ڕێککەوتن نەکراوە کە پرۆسەکە بگاتە پێکھێنانی کابینە. بۆ پێکھێنانی کابینە ڕوونە کە پێویستە سازان ھەبێت، ئەگەرنا عێراق لە دوای ٦ی ئەم مانگەوە دەچێتە بۆشاییی دەستوورییەوە و ئەو کاتەیش حکوومەتێکی کاربەڕێکەری خێرا دروست دەکرێت، تا چارەنوسی ھەڵبژاردن تێیدا بە گوێرەی بەندەکانی دەستوور یەکلا دەبێتەوە، هەرچەند کە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق تەفسیری یەکلاکەرەوەی نەداوە کە لە دوای شەشی مانگ بەڕوونی سیستەمی حوکمڕانی دەچێتە بۆشاییی دەستوورییەوە، یان وەک ساڵانی ڕابردوو لە پێکهێنانی یەکێک لە کابینەکاندا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پرۆسەکە نزیکەی هەشت مانگی خایاند تاوەکوو سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێردران.

ئـێستا سه‌در 40 ڕۆژی داوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ ته‌شكیلی حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ نه‌یتوانی له‌و ماوه‌یه‌دا حكوومه‌ت دروست بكات، چی ڕوو ده‌دات؟

نه‌وزاد هادی: وەک لە سەرەتادا باسم کرد، ئەگەر ڕێک نەکەون بۆ تەواوکردنی نیساب، ئەوا سیستەمی حوکمڕانی یان دەچێتە بۆشاییی دەستوورییەوە کە ئەوکات کابینەیەکی کاربەڕێکەری خێرا دروست دەکرێتەوە و ڕەنگە دۆخەکە تا ھەڵبژاردنێکی تر وا درێژە بکێشێت، یان تەفسیرێکی دیکە لە دوای شەشی ئەم مانگە دەکرێت و دەرفەت بە ڕێککەوتن دەدرێت لە هەر وادەیەکدا کە هێزە سیاسییەکان بەرەو ڕێککەوتن هەنگاو بنێن بە حاڵەتێکی کراوە دابنرێت بۆ پێکهێنانی کابینە، ھەرچەند ھەوڵ ھەن لە بەغدا کە هێزە سیاسییەکانی بەیتی شیعە لەم ڕۆژانەدا دەستپێشخەریی نێوانیان ئاڵوگۆڕ بکەن تا لەم ماوە کورتەدا بتوانن لێکتێگەیشتن دروست بکەن، یان بگەنە نەخشەڕێگایەک، بەڵام تا ئێستا دەستپێشخەرییەکان سەریان نەگرتووە، ھەرخۆی زۆر بژارە هەیە و زۆر سیناریۆش دانراوە، بەڵام لە باشترین حاڵەتدا سازانێکی نیشتمانی پێویستە کە بتوانرێت ئەم ئاستانگەی بەردەم پێکھێنانی کابینە لابەرێت، یان ئەگەر پرۆسەکە گەیشتە حکوومەتێکی دیکەی کاربەڕێکەر گرینگە دیموکراسیەت زەخیرەی یەکتر قبووڵکردن بێت، تا چارەنووسی عێراق لە داھاتوودا بە گوێرەی بنەما دەستوورییەکان یەکلا بکرێتەوە. سەدرییەکان تا ٩ی شەواڵ مۆڵەتیان داوە بە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهینانی کابینە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە دوو ڕوانگەی جیاواز بۆ سیستەمی حوکمڕانی هاتوونەتە پێشەوە، یەکێکیان بریتییە لە زۆرینەی نیشتمانی و ئەوی تریان زۆرینەی مکونات، بۆیە جارێ چارەسەرییەکان لە نێوان ئەم دوو ڕوانگەیەدا ماونەتەوە.

ده‌رچه‌ی كردنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان له‌ عێراق چییه‌؟ ئه‌گه‌ر باس له‌ گفتوگۆ ده‌كه‌یت، یانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بێنه‌وه‌ ناو حكوومه‌ت و به‌وانیشه‌وه‌ حكوومه‌ت ته‌شكیل بكرێت، ئەمە تا ڕادەیەک ئەستەم نییە؟

نه‌وزاد هادی: کارنامەی سەدر و پارتی و سوننە ڕوونە، لە بەرامبەریشدا چوارچێوەی ھەماھەنگی کارنامەیەکی تریان ھەیە، لە کارنامەی ھاوپەیمانیی ڕزگاری نیشتماندا خاڵەکان خراونەتە بەردەم ھێزە سیاسییەکان کە حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی ھەبێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێن نا، کابینە دەبێ بنکە فراوان بێت، بۆیە تا ئێستا کێشەکە لەسەر ئەم خاڵەیە، لەگەڵ ئەوەی ھێزە سەرەکییەکانی نێو بەیتی شیعە لە نێوخۆیاندا ڤیتۆیان لەسەر ھەندێ سەرکردەی یەکتر ھەیە، چارەسەر بریتییە لەوەی کە ڤیتۆکان ھەڵگیرێن، یەکترخوێندنەوە ھەبێت، کارنامەیەکی ھاوبەش ھەبێت کە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ڕاست بکرێتەوە و لەم ڕێگەوە دەرچەیەک دەدۆزرێتەوە بۆ پێکھێنانی کابینە، یان دەبێت لە سەدر، یان چوارچێوەی ھەماھەنگی لایەنێک ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بھێڵێت ھێزەکانی دیکە بچنە کابینەوە، یان تەواوی سەربەخۆکان لەگەڵ سوننە و کورد بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنێکی شیعە بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینە، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەکان ھەر لە دوو بەرەی چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانیی ڕزگاری نیشتمانی دەخولێتەوە و سەرباری دەستپێشخەری زۆر، ھێشتا ڕێککەوتن نەکراوە. باشترین حەل ھەر دیالۆگێکی نیشتمانییە لە چوارچێوەی چارەسەرییە دەستوورییەکاندا بە گوێرەی نەخشەڕێگایەک کە بەرژەوەندیی باڵای عێراقی فیدڕاڵ و لە نێویدا مافە دەستورییەکانی ھەرێم بەڕوونی بکرێتە ئەولەویەت، هاوکات مافی سوننە و شیعە ڕوونە کە چییان دەوێت، ئەم داواکارییانە ببنە نەخشەڕێگایەکی پێشوەختە بۆ ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

ئه‌گه‌ر بگه‌ینه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ هاوكێشه‌كان ئاوا ده‌مێننه‌وه‌؟ كورسیی سه‌ربه‌خۆکان 40 كورسین، چاره‌نووسی ئه‌وان چی ده‌بێت؟

نه‌وزاد هادی: پێشبینیکردن شتێکە و ھێزی دەنگدەریش لەسەر سندووقی دەنگدان شتێکی ترە، ئەگەر پرۆسەکە بچێتەوە بەردەم ھەڵبژاردنێکی تر و ڕێککەوتن نەکرێت، خەڵکی عێراق تێگەیشتنی تازەیان بۆ پرۆسەی سیاسی دەبێت، سەربەخۆکانیش بەشێکن لە پرۆسەکە، بە تەئکید کەسانی سەربەخۆ دەنگ دەھێنن، بەڵام لێرە نزیکی و دووری ئەم سەربەخۆیانە ڕۆڵ دەبێنێت، ئایا لە داھاتوودا لەسەر میزانی کام ھێزی سیاسی کارنامەی خۆیان سەنگین دەکەن و دەچنە پاڵ کام ھێزەوە، ھەرخۆی ھەڵبژاردن ھونەری خۆی ھەیە لە چۆنیەتی ئەو کارنامە و گوتارانەی کە ھێزە سیاسییەکان لەنێو ڕای گشتیدا دەیخەنە ڕوو، بۆیە بۆ ھەر پێشھاتێکی نوێ قسەی نوێی دەوێت کە جارێکی تر ڕیزبەندی ھاوپەیمانێتی و قەبارەی ھەر ھێزێکی سیاسی چەند دەبێت و ھاوپەیمانێتیی نێوان قەوارە سیاسییەکانیش چی لێ دێت، ھەڵبژاردن تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و ئەگەر گەیشتینە ئەم پرۆسەیە، واتا نەتوانرا کابینەی نوێ پێک بهینرێت، ئەو کاتە کارنامەی ھێزە سیاسییەکان و شەرعیەتی خەڵک دەزانێت کە چارەنووسی ھەر ھێزێکی سیاسی چی لێ دێت و کێ کەمینە و زۆرینە دەبێت.

هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر دونیای ده‌ره‌وه‌ی نیگه‌ران كردووه،‌ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هێرشه‌كان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و پارێزگاری له‌ هه‌ولێر ئه‌ركی كێیه‌؟

نه‌وزاد هادی: ئێمە بەشێکین لە عێراقی فیدڕاڵ، کە ھەرێمێکی شەرعیمان ھەیە، ھەر جورە ھێرشێک ڕاستەوخۆ پێشێلکاریی سەروەریی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵە، ئەم ھێرشانە خروقاتێکی زەقی نێودەوڵەتین، ئەرکی دەوڵەتی عێراقە لەم بابەتەدا پێداگری ھەبێت، وەک ڕوونیشە کە دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێم داوای لیژنەیەکی نێودەوڵەتیی لێکۆلینەوەیان بۆ ئەم ڕووداوە کردووە، ھەرخۆیشی لە ئاستی عێراقدا بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و کەسایەتییە پێوەندارە ئەمنییەکان لە عێراق ھاتنە شوێنی ڕووداوەکە و ھەڵوێستیشیان نیشان دا و پاڵپشتی ڕاشکاوانەی ھەرێمی کوردستان بوون، ھەرێم ئامادەیە بە کەناڵی دیپلۆماسی بێت، یان یاسایی، ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، لە کەناڵی دیپلۆماسییەوە ھەڵوێستی ھەرێم ڕوونە کە ھەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی ھیچ دراوسێیەک، لە ڕووی کاری نێودەوڵەتییشەوە دەبێ کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە کۆبوونەوەی وەرزیی پێوەست بە عێراقی ھەیە، ھەڵوێستێکی ڕوونتری ھەبێت کە عێراق نەبێتە کێڵگەی دەستوەردانی ئیقلیمی، دواجاریش بۆ ئێمە گفتوگۆی دیپلۆماسی و لێکتێگەیشتن باشترین ھەنگاوی پێشوەختەن، ئەرکی عێراقە ھەڵوێستی بەڕدەوام و جدیتری ھەبێت، ئەوەی پێویستیشە ھەرێم بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێی کردووە.

وەک سه‌رۆكی حكوومه‌ت باسی كرد، بڕیاره‌ له‌ نزیکترین كاتدا هه‌ولێر ببێته‌ ناوه‌ندی وزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌ولێر چ ڕۆلێك ده‌بینێت له‌ داهاتووی وزه‌ی ناوچه‌كەدا‌؟

نه‌وزاد هادی: ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و وزە، ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا جیھانییەکان لە ھەرێمدا کاری وەبەرھێنان لەم سێکتەرە دەکەن، ھەرێمی کوردستان وەک لە سەرەتادا ھەڵوێستێکی ڕوونی ھەبووە لەسەر وزە، ئێستاش ئەم ھەڵوێستە بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی پێوەندیدار هەیە و ھەنگاوی جدی ھەن کە ھەرێم لەسەر نەخشەی جیھانیی وزە جێگیر بکرێت.

ھەرێمی کوردستان خاوەنی یەدەگێکی زۆری غازی سروشتییە، ئەمە سەرچاوەیەکی داھاتووی گرینگە بۆ پێداویستیی غاز لە عێراق و تورکیا و ئەورووپاش، ھەروەک لە نەوتدا ڕوونە کە سیاسەتی ھەرێم لەم بوارەدا گەیشتووەتە ئاستێکی جێگیری نێودەوڵەتی، بۆ ئەم بابەتە بەڕێز سەرۆکی حکوومەت لەسەر ھێڵە کە بۆ داھاتوو غازی سروشتی لە کەناڵی پێویستدا ھەناردە بکرێت، ئەم بابەتش ڕەھەندی دەولی ھەیە و پرسی وزەش ئێستا پرسێکی تەواو جیھانییە، بۆیە ھەرێم دەیەوێت وەک بەشێک لە چارەسەری پرسی وزە لە جیھاندا ھەنگاو بنێت، نەوەک وەک بەشێک لە دروستکردنی کێشە بێت بۆ ئەم پرسە.

نامه‌ی سه‌رۆك بایدن بۆ سه‌رۆك نیچیرڤان بارزانی له‌م ئانوساته‌دا هۆكاری چی بوو، چی لەپشت خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كەوە بووه‌؟

نه‌وزاد هادی: نامەکە ھەرخۆی پەیامێکە بۆ ئەوەی ھەرێم لە ناوچەکەدا بە ئارامی و سەقامگیری و گەشاوەتر بمینێتەوە و بەھێزتریش بێت، بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان قەت بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی ماندوو نابێت، ھەروەک دەستپێشخەریی پێشووتریشی بۆ عێراق ھەبووە و بەوردییش بۆ پرسە نێودەوڵەتییەکان و بەھێزکردنی پێگەی ھەرێم لە ئاستی نێوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمی و جیھانیدا لەسەر ھێڵە تا بتوانێت ئەوەی لە بەرژەوەندیی ھەرێمە وەھا بڕیاری لێ بدات بە پاڵپشتیی ھێزە سیاسییەکان.

ڕۆڵی بەڕێز مەسعود بارزانی له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا چۆن ده‌بێت؟ سه‌رۆك بارزانی به‌ پشتیوانی سه‌در و سوننه‌كان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ پارتی له‌ ته‌وافوقی سیاسیدا ڕاستگۆیه‌، ئه‌مه‌ ده‌رخه‌ری چییه‌ و چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ له‌ داهاتووی عێراقدا ڕۆڵی هه‌بێت؟

نه‌وزاد هادی: سەرۆک بارزانی لە عێراقدا ھەمیشە پەیامی ڕاشکاوی ھەبووە، لە نووسینەوەی دەستووری عێراق و لە ئەنجومەنی حوکم و لە پێکھێنانی سەرجەم کابینەکانی عێراقدا ھەمیشە سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی ھەبووە، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە دروستبوونی عێراقی تازەدا ڕوون و ئاشکرایە، ئێستاش ھەم دەستپێشخەری ھەبووە و ھەم پارتی وەک حزبێکی براوەی ھەڵبژاردن لە چەقی قورساییی پرۆسەی سیاسیی عێراقدایە. ئێستاش بەبێ ڕۆڵ و پێگەی جەنابی سەرۆک بارزانی سەختە عێراق بتوانێت بگاتە چارەسەرێکی تەندروست.

سەبارەت بە ھاوپەیمانی سەدر و سوننە و پارتی، ئەم ھاوپەیمانێتییە دەمێکە پێک هاتووە و ئەم لێکنزیکییەی نێوان سوننە و کورد و شیعە بووەتە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی لە تەواوی عێراق، ئەوەی ماوەتەوە دەبێ چاوەڕێی پێشھاتە تازەکان بین، بەڵام ھەڵوێستی ھاوپەیمانێتیی ڕزگاری نیشتمان ڕوونە.

ڕۆڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان و عێراق بۆ داهاتوو چی ده‌بێت، ترسێك هه‌یه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌ گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بۆشاییی ئه‌منی و سیاسی پەیدا بێت؟

نه‌وزاد هادی: لەو نامەیەدا کە سەرۆکی ئەمەریکا پێشکەشی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد، بەڕوونی باس لە ھاوپەیمانێتیی دوورمەودای نێوان ھەرێم و ئەمەریکا دەکات، سەبارەت بە عێراقیش ئەمەریکا ڕێککەوتنی ستراتیژیی ئەمنیی ھەیە، ئەم ڕێککەوتنە شەرعیەت بە مانەوەی ئەمەریکا لە عێراق دەدات، بۆیە کشانەوەی چەند یەکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا بەو مانایە نایات کە ئەمەریکا دەستبەرداری عێراق دەبێت، لە ئێستاشەوە کۆدەنگیی نێوماڵی کورد و کارکردن لەسەر بەھێزکردنی پێگەی کورد لە بەغدا ئەو ڕۆژانە گرەنتی دەکات کە ھەر ھێزێکیش لە عێراق بکشێتەوە کورد دەتوانێت پێگە و ڕۆڵی خۆی بەھێزتر بکات. ھەرخۆی ئەمەریکا پەیامی ڕوونە بۆ کوردستانێکی ئارام و گەشاوە لە چوارچێوەی عێراقێکێکی سەقامگیر و گەشاوە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەمەریکا دەیەوێت ھێزە سیاسییەکان بگەڕێنەوە بۆ ڕەسمکردنی حوکمڕانییەک کە سەقامگیری و گەشاوەی ھەبێت.

بڕیارە سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی بچێته‌ ئەمەریکا؟

نەوزاد هادی: لەم بابەتەدا ئاگادار نیم.

لە كوردستان ‌ له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و زۆر پرسی دیكه‌ دووبه‌ره‌یی پەیدا بووه، بریار هه‌یه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌وله‌یه‌كیی دیكه‌ی گفتوگۆ ده‌ست پێ بكات له‌گه‌ل لایه‌نه‌كان؟

نه‌وزاد هادی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوەختە و لە تەوقیتی خۆیداد بڕیاری دا لە پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، ئێستا ئەرکی پەرلەمانە کارەکە تەواو بکات، بۆ گفتوگۆی ھێزە سیاسییەکانیش کەی پێویست بکات سەرۆکی ھەرێم لەم بابەتدا ھەرگیز ماندوو نابێت، چونکە سەرۆکایەتی وەک چەترێکی کۆکراوەی سەرجەم ھێزە سیاسییەکان بە سەرجەم پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە پێناسە کردووە و ھەمیشە دەرگای سەرۆکایەتیی ھەرێمیش بۆ ئەم پرسە کراوەیە بە ڕووی ھەموو ھێزە سیاسییەکاندا.

لە به‌غدا، پایته‌ختی عێراق، له‌م ماویه‌ه‌دا زیاتر له‌ چه‌ند جاریك باره‌گای پارتی سووتێنرا، له‌وێ تا چه‌ند گرنگ بوو بۆ سومعه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش بێت نه‌ده‌بو ئه‌وه‌ بكرایه‌ و ده‌بیت سه‌رۆكوه‌زیران چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی بدات له‌وه‌ی بارەگا‌ی حزبه‌كان نه‌كرینه‌ ئامانج و له ڕووی ده‌ره‌وه‌، ئه‌م سووتاندنه‌ تاچه‌ند عه‌یب بوو؟

نه‌وزاد هادی: سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیجرائاتی وەرگرت، ئەفسەرە کەمتەرخەمەکانی دوور خستنەوە و سزای دان، ئەوانەی کەمتەرخەم بوون، ھەرخۆی کولتووری سووتاندنی بارەگا شتێکی خراپە، پارتییش پەیامێگی پێشوەختەی دا کە بارەگاکەی داخست، تا بەغدا سەقامگیر نەبێت، نایکاتەوە، ھەرخۆی ئەوانەی دەستیان چووە سووتاندنی بارەگاکە کارێکی ناتەندروستیان کرد. پارتی ڕاستە بارەگای لە بەغدا سووتاوە و خۆیشی بەیانییەکەی تەختی کردووە، بەڵام کاریگەریی پارتی لە بەغدا ڕوونە کە لە چەقی قورساییی ھاوکێشەکەدایە

ئەنجامدانی
كارزان سەباح



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif