هەرێمی کوردستان لە ستراتیژیی ئەمریکیدا

ليست هناك تعليقات


 عادل باخەوان
-
ئایا ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی هەیە ؟ ئەگەر هەیە ئەم سیاسەتە لەسەر چی دامەزراوە ؟ بنەما سەرەکییەکانی ئەم سیاسەتە چین ؟ لە ساتەوەختی پاشەکشەی رێژەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئایا واشنتن دەتوانێت دەست لە هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت و کۆتایی بە هەبوونی خۆی لە هەرێمی کورستان بێنێت؟

پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێی 12 مووشەکە بالیستییەکەیەوە نامەیەکی تووند و ئاگراوی بۆ هەرێمی کوردستان نارد، جۆ بایدنیش، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە رێگەی باڵیۆزەکەیانەوە، نامەیەکی درێژ و روون و فرە جەمسەری بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی نارد.

ئەم نامەیەی جۆ بایدن زەنگێکی یەکجار گرنگبوو بۆ هەموو ئەو پایتەخت و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییانەی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش کە ئەو پرسیارانەی سەرەوەیان لە خۆیان دەکرد و منیش لەم وتارە کورتەدا هەوڵدەدەم بەخێرایی وەڵامیان بدەمەوە.

هەرێمی کوردستان و عێراق

هەموو ئەو تێزانەی باس لەوە دەکەن، بەتایبەتی لای بەشێک لە توێژەر و دیپلۆماتە عەرەبەکان، کە واشنتن کار بۆ دابەشکردنی عێراق و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی و دەوڵەتێکی سوننی دەکات، دوورن لە راستییەوە. راستە لە واشنتن گرووپێکی گرنگ پێیوایە کە تاکە چارەسەر دابەشکردنی عێراقە بەسەر سێ دەوڵەتدا، بەڵام ئەوەش راستە کە هیچ ئیدارەیەکی ئەمەریکی تاوەکو ئێستا ئەم تێزەی ماڵی نەکردووە و تاوەکو نامەکەی جۆ بایدنیش بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی خاکی عێراق، هەر ئەو چوارچێوە گشتیەیە کە تێیدا ستراتیژیی ئەمریکییەکان گەڵاڵە دەبن.

ئەمریکا هەرێمێکی کوردستانی بەهێزی دەوێت، بەڵام لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا و تەنیا و تەنیاش لەم چوارچێوەیەدا دەبێت دەستەبژێری هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن تێبگات و کۆی ئەو هاوکارییە سەربازی، ئابووری، ئەمنی و سیاسییانەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێ تەنیا و تەنیا بخرێتە ئەم چوارچێوەیەوە و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ نەکرێت. هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ ئەمریکا، چونکە لەنێو عێراقێکی شڵەژاو و داڕماودا، دەکرێت هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام بێت و بەشداریی ئەرێنیش بکات بۆ کەمکردنەوەی شڵەژان و داڕمانی عێراق.

مۆتەکەی تیرۆریزم

یەکێکی دیکە لەو بنەمایانەی کە سیاسەتی ئەمریکای بۆ هەرێمی کوردستان لەسەری بنیاتنراوە پرسی تیرۆریزمە. لە 11ی سێپتەمبەری 2001ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، دۆسیەی تیرۆریزم یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگانەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای لەسەر بینادەکرێت و هەر لەوکاتەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی بایەخداری ئەمریکا مامەڵەی لەگەڵ کراوە و، هەولێر و واشنتنیش پێکەوە پێویستییەکی ستراتیژییان بەم هاوپەیمانییە هەیە.

ئێستاش کە داعش زۆر بە چڕی خۆی رێکدەخاتەوە و رێکخراوانەتر پلان بۆ پەلامارەکانی دادەنێت و هەر وەک لەسەر کەناڵێکی فەرەنسی گوتم : داعشی ئازادبوو لەباری قورسی خیلافەتەکەی، زۆر مەترسیدارترە لە داعشی بارکراو لە بەرپرسیارێتیی پاراستنی خیلافەتەکەی، لە دۆخێکی ئاوادا هەستکردن بە بایەخی هەرێمی کوردستان لای ئەمەریکییەکان زیاتر و چڕتر و فراوانتر دەبێت. تەنانەت مامەڵەکردنی ئەمریکییەکان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستانیش دا هەر لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە، چ لەسەر ئاستی سەربازی، چ لەسەر ئاستی ئاسایش و چ لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش.

فۆبیای میلیشیاکان

ژمارەی ئەو رێکخراوە میلیشیایانەی کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دەکەن لە 80 رێکخراو کەمتر نییە و بەشێکی گرنگیان، چ وەک رێکخراو و چ وەک سەرکردەکانیان، خراونەتە لیستی رەشی تیرۆری ئەمریکییەوە. راستە لەنێوان 2014 بۆ 2018دا، واشنتن بەشێک لەم رێکخراوانەی بۆ جەنگی خیلافەتەکەی داعش بەکارهێنا، بەڵام ئەوەش راستە کە ئەمە تەنیا تاکتیکێک بوو بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. پاش کۆتایی خیلافەتەکەی داعش، ئەمریکا و میلیشیاکانیش سیستمی مامەڵەکردنیان بەشێوەیەکی رادیکاڵانە گۆڕی، تاوەکو ئەو رادەیەی کە ئەوان پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بدەن و ئەمریکاش ژەنەراڵ قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بکوژێت.

لەنێو سیستمی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی هێز لەنێوان ئەمەریکییەکان و میلیشیاکاندا، هەرێمی کوردستان، وەک هاوبەشێکی ستراتیژی، دەتوانێت رۆڵی کارا و گرنگ ببینێت لە دەستنیشانکردنی ئاڕاستەی رووداوەکان و واشنتۆن ناتوانێت لەسەر مەودای مامناوەندیش جێگرەوەی هەرێمی کوردستان لە عێرق دا بدۆزێتەوە.

چەقۆ تیژەکەی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە 1979ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، خەون بە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر مۆدێلی خۆی و جیهانبینی خۆی دەبێنێت. لە هەشتاکاندا عێراقی سەدام حوسێن بەربەستی یەکەم بوو لەبەردەم کشانی ئێران بە رۆژهەڵاتدا و جەنگە هەشت ساڵییەکە تاوەکو ئێستاش هەر یادەوەری دەستەجەمعی ئێرانی بریندار دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی پێشووی ئێران باشترین گوزارشتی لەم برینداربوونە کرد کاتێک گوتی: ئێمە لە هەشتاکاندا جەنگمان بۆ کۆنترۆڵکردنی گوندێکی عێراقی دەکرد، بەڵام لێرە بەدواوە چوار پایتەختی عەرەبی، بەغدا، دیمەشق، بەیروت و سەنعا لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدان.

ئەم خەونە ئێرانییە، لە چەندین رووبەردا بەر پڕۆژە و ستراتیژیی ئەمریکی دەکەوێت، هەر لە رووبەری ئاسایشەوە تاوەکو دەگاتە رووبەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. لەنێوان ململانێی ئەم دوو ئەکتەرەدا هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی هەیە. بێهودە نییە کە تاران بە مووشەکی بالیستیک نامەی بۆ دەنێرێت و سەرۆکی ئەمریکاش لە رێگەی باڵیۆزەکەیەوە نامەی فەرمی بۆ دەنێرێت و لە چەندین ئاستدا هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە بە تەنیا جێی ناهێڵێت و رێگەنادات کە چەقۆ تیژەکەی ئێران سەری بڕێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif