فەرمانی دەستگیرکردن بۆ مەرجەعێکی شیعە و 29 کەسی دیکە دەرچوو

ليست هناك تعليقات



ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگەی لێکۆڵینەوە لە شاری عیمارە لە باشووری عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ مەحموود سەرخی دەرکرد کە یەکێکە لە مەرجەعە ئایینییەکانی شیعەی عێراق، هاوکات دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی 29 کەسی شوێنکەوتووی مەرجەعەکە راگەیاند.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 13.4.2022، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دادگەی لێکۆڵینەوە لە شاری عیمارەی ناوەندی پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار مەحموود عەبدولڕەزا محەممەد، ناسراو بە مەحموود سەرخی دەرکرد".

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەشڵێت: "دادگەکە بەپێی ماددەی 372ـی یاسای سزاکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار مەحموود سەرخی دەرکرد، ماددەکە جەخت لە سزادانی هەر کەسێک دەکاتەوە کە بە ئاشکرا هێرشبکاتە سەر باوەڕی هەر پێکهاتەیەکی ئایینی یان سووکایەتی بە رێوڕەسمەکانی بکات".

هەر ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی بزووتنەوە تووندڕەوەکان کە هەوڵی سووکایەتیکردن دەدەن بە باوەڕداری و سیمبوولە ئایینییەکان و هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن، بە فەرمانی دادوەر، 29 کەسمان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تووندوتیژی ئایینی لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق و دوای لێکۆڵینەوە کەیسەکانیان رەوانەی دادگە کرا".

دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی مەرجەعی شیعە مەحموود سەرخی کە چەند ساڵێکە عێراقی جێهێشتووە و دەگوترێ لە یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو نیشتەجێیە، دوای چەند رۆژێک هات لە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی گوتاربێژێکی نوێژی هەینی سەر بە مەرجەعی سەرخی لە پارێزگای بابل، ئەو گوتاربێژە هەینی رابردوو لە گوتارەکەیدا داوای رووخاندنی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەی کرد و گوتی: "پێغەمبەری ئیسلام فەرمانی بە پێشەوا عەلی کوڕی ئەبی تالیب کرد هەموو گۆڕەکان تەخت بکات و رێگە نەدات بکرێنە مەزارگە، جا چ گۆڕی پێغەمبەران بن یان پێشەواکان یان گۆڕی کەسانی ئاسایی بن".

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شەوی رابردوو لایەنگرانی مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق رژانە سەر شەقامەکان و هێرشیان کردەسەر حوسەینییە و نووسینگەکانی سەر بە مەرجەعی سەرخی و بەشێکی زۆریان سووتاندن.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق