نیشتمان لە مەترسیدایە

ليست هناك تعليقات


سەلام عەبدوڵا
-
ئەمە ئەو دروشمە بوو کە جۆزێف ستالین سەرۆکی یەکیەتی سۆڤییەت لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانیدا بەرزی کردەوە و داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد کە هەموو، هەر هەموو، بە هەموو چین و توێژەکانیەوە داکۆکی لە خاک و نیشتمانیان بکەن و بە یەکڕیزی و پێکەوە داکۆکی لە وڵاتەکەیان بکەن.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە ستالین لەو ڕاستییە گەیشت کە تەنها بە داواکردنی داکۆکی لە سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم کە ئەوکات هەر یەکیەتی سۆڤییەتی وەک دەسەڵات لە ژێر دەستدا بوو، نەیدەتوانی هەموو گەلان و خەڵکی ئەو وڵاتە ببزوێنێ و لە یەک بەرەدا کۆیان بکاتەوە، چونکە رەنگە زۆرێک هەبووبن بە تەنیا پاساوی داکۆکی لە کۆمۆنیزم و دژایەتی فاشیزم نەیانویستبێت قوربانی بە سەروماڵیان بدەن لە پیناوی سەرخستنی ئایدۆلۆژیایەکدا، بۆیە ئەو دروشمەی بۆ سەرانسەری وڵات پەخش کرد کە تەواوی نیشتمان لە مەترسیدایە و دایکی وەتەن بانگمان دەکات بۆ داکۆکی لە خاک و نیشتمان و ئەم دروشمەش گڕی بەردایە هەستی نیشتمانی و سەرانسەری وڵاتی بۆ قوربانیدان ئامادە کرد و بەو پێیەش سەرکەوتنی لەو جەنگەدا بەدەست هێنا و بەسەر فاشیزمدا سەرکەوت.

بۆیە کاتێک نیشتمان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئیتر مەسەلەی ئایدۆلۆژییەت و حزبایەتی و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نامێنێت، چونکە دوژمن مەبەستی تەنیا لایەنێک و حزبێک و ئایدۆلۆژییەتێک نییە، بەڵکوو داگیرکردنی سەراپای نیشتمانە.

ئەم یاسا و پڕەنسیپەش سەراپای وڵاتانی بە هۆش و زیندوو پەیڕەوی دەکات.

هەر بۆ نموونە وڵاتێکی وەکوو سوید کە نزیکەی (250) ساڵە شەڕی نەدیوە و بەشداری هیچ جەنگێکی نەکردووە، لە کەتەلۆگی تەلەفۆنی وڵاتەکەیدا، کە لە هەموو ماڵێکدا هەبوو نوسرابوو، گەر سوید تووشی جەنگ بوو چی دەبێ بکرێ؟

نووسیویانە لە کاتی شەڕدا، ئیدی حزب و گرووپ و لایەنی جیاواز و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نامێنێت و مەلیکی وڵات دەبێتە دەسەڵاتی سەرەکی و بڕیار تەنیا لەوەوە وەردەگیردرێ و هەموو گەلیش پشتیوانی دەکات، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا دەیبینین کە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە لە سەنگەرێکدا داکۆکی دەکەن.

بۆیە ئیدی لای خۆشمان هیچ پاساوێک بۆ ئەو دەنگە نەشازانە نییە، کە گوایە ئەوەی لە کوردستان روودەدات پەیوەندی بەوانەوە نییە مۆتیڤی بێ بنەما بۆ ئەو دەستدرێژییەی ئێران دەهێننەوە و دەیانەوێ خەڵکی چەواشە بکەن.




داکۆکی لە هەرێمی کوردستان داکۆکییە لە خاک و نیشتمان و داکۆکی نییە لە هیچ حزب و دەسەڵاتێک. دوژمن بە یەک چاو سەیری هەمووان دەکات و ڕاکێت و بۆمبیش هیچ جیاوازییەک لە نێوماندا ناکات.*


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif