سوپاکانی سوێد و فنلەندا بەشداریی مانۆڕێکی سەربازیی ناتۆ دەکەن

ليست هناك تعليقات



سوپاکانی سوێد و فنلەندا لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ بەشداری لە مانۆڕێکی سەربازییدا دەکەن، لە ناوچەی سەتەرمۆنە لە باکووری نەرویج؛ هاوپەیمانیی ناتۆ دوو ساڵ جارێک مانۆڕێکی سەربازیی بە ناوی "وەڵامدانەوەی سارد" ئەنجامدەدات.

ئامانج لەو مانۆڕە سەربازییانە، راهێنانی سەربازانی ناتۆیە بۆ بەهێزکردنی توانای شەڕکردنیان لە کەشوهەوا ساردەکاندا. 
سوێد و فینلەندا دوو وڵاتن ئەندامی ناتۆ نین؛ ئەوان چەند ساڵێکە بەشداریی لە مانۆڕەکانی هاوپەیمانییەکەدا دەکەن. 

ستیڤان هێدمارک، فەرماندەی هێزەکانی سوێد لە مانۆڕی وەڵامدانەوەی سارد دەڵێت، "سوێد چەند جارێک بەشداری لە مانۆڕەکانی وەڵامدانەوەی سارد کردووە. بەشداریکردن لەم مانۆڕانەدا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باشترە لەگەڵ وڵاتانی دیکە و هەروەها بۆ ئەنجامدانی راهێنانی باشترە لەلایەن سەربازەکانەوە. هاوکات بۆ دروستبوونی هاوئاهەنگییە لەگەڵ هێزەکانی دیکە. ئەمساڵ بەشداریکردنمان زۆر گرنگ بوو لەبەر هەبوونی جەنگی ئۆکراینا و ئەو بارودۆخەی لەم ناوچەیەی ئێمە دەگوزەرێت."

25ـی شوبات، گوتەبێژی وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، بە ئەندامبوونی سوێد و فینلەندا لە ناتۆ کاردانەوەی رووسیا بە دوای خۆیدا دەهێنێت. 

بەرپرسی هێزەکانی بەشی باکووری ناتۆ دەڵێت، پێکەوەکاردکردن و هاوئاهەنگییان لەگەڵ سوێد و فنلەندا زۆر باشە، بەڵام بابەتی ئەندامبوون لە ناتۆ پرسێکە سەرەتا پەیوەندیی بە هەردوو وڵاتەکەوە هەیە. 

جۆرج ڤۆڵمەر، بەرپرسی بەرپرسی هێزەکانی بەشی باکووری ناتۆ باسی لەوە کرد، "ئەمە بڕیارێکی سیاسییە بۆ فنلەندا و سوێد، پێویستە چاوەڕێی گفتوگۆکان بکەین، بەڵام دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە لەوەی کە پێویستە بگوترێت: ئێمە هاوبەشییەکی نزیکمان لەگەڵ یەکدی هەیە؛ بەشداریکردن لەم مانۆڕانەدا نیشانەیەکی بەهێزی ئەو نزیکبوونەوەیەیە. ئەوان زۆر لە بوون بە ئەندامی ناتۆ نزیکن و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین بزانین چۆن بڕیاری ئەوە دەدرێت."

مانۆڕەکە رۆژی 14ـی ئادار دەستیپێکرد و تاوەکو 1ـی نیسان بەردەوام دەبێت؛ سوێد بە 1600 سەرباز و فنلەندا بە 680 سەرباز لە مانۆڕەکەدا بەشدارن. 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق