ئەمریکا سزا بەسەر ژمارەیەک بازرگانیی دیکەی رووسیادا دەسەپێنێت

ليست هناك تعليقات


ئەمریکا ژمارەیەک بازرگانیی دیکەی نزیک لە حکومەتی رووسیای خستە لیستی سزاکانییەوە، لە نێویشیاندا ئەوانەی کە لە کەرتەکانی نەوت و خانووبەرەدا بازرگانی دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە واشنتن بەڵێنیداوە لە بەرامەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، کەسە نزیکەکانی ڤیلادمیر پووتین بە سزاکانی بەئامانج بگرێت.

رۆژی پێنجشەممە، واشنتن هەشت بازرگان و بەرپرسیی رووسی و چەند کۆمپانیایێکی بە تەواوی بلۆککردن، واتە هەموو سامانیان لە ئەمریکا سڕ دەکرێت و گەشتکردنیشیان بۆ ئەو وڵاتە لێ قەدەخە دەکرێت.

کۆشکی سپی دەڵێت، ئەو بەرپرس و بازرگانانە سامانەکانیان بە گەندەڵی و بەهۆی پەیوەندیی نزیکیان لە پووتینەوە کۆکرددووەتەوە.

جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەمانەوێت پووتین هەست بە گوشارەکە بکات، دەمانەوێت خەڵکی دەوروبەرەکەی هەست بە گوشار بکەن."

پێش ئەوەش واشنتن چەندین سزای دیکەی دژی بەرپرسانی مۆسکۆی راگەیاند، لە نێویشیاندا دژی پووتین و بانکی ناوەندیی رووسیا، ئەوەش دوای ئەوەی کە رووسیا دەستی بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا کرد، کە بە گەورەترین هێرش لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت، ئەوروپا بە "داگیرکاری" و مۆسکۆش بە "ئۆپەراسیۆنی تایبەت" ناوی دەبەن.

واشنتن سزای بەسەر ئەلعەشیر عوسمانۆڤ، گەورە بازرگانیی رووسیا و دامەزرێنەری کۆمپانیای مێتاڵۆئینڤێستدا سەپاند، کە کۆشکی سپی بە "یەکێک لە کەسە هەرە دەوڵەمەندەکان و هاوپەیمانە هەرە نزیکەکانی پووتین" ناوی دەبات.

بەو سزایانە، هەموو سامانەکەی لە ئەمریکا سڕ دەکرێت، لە نێویشیاندا یەختە گەورەکەی کە کۆشکی سپی دەڵێت لەلایەن ئەڵمانیا دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها لەگەڵ فڕۆکە تایبەتەکەی.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکی رووسیا کە واشنتن بە "وەگەرخەڕی سەرەکیی پڕۆپاگەندەی پووتین" ناوی دەبات، لە نێو کەسە سزادراوەکاندایە.

نیکۆلای تۆکارێڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زەبەلاحی ترانس نەفتی بواری وزە لەگەڵ هاوژین، کچ و دوو کۆمپانیای بواری خانووبەرەی، خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە. بۆریس و ئەرکادی رۆتێنبێرگ، کە دوو ملیاردرێری گەورەی رووسین، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانیان بەر سزاکان کەوتن.

ئەمریکا هەروەها سزای قەدەخەکردنی ڤیزا بەسەر 19 بازرگانی نزیکە لە حکومەتی رووسیا و ئەندامانی خێزانیدا دەسەپێنێت، ئەوە بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆشکی سپی، هەروەها سزا دژی چەند دامەزراوە و کەسایەتیی رووسیادا دەسەپێنێت کە واشنتن بە هاوکاریکردنی مۆسکۆ لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستدا تۆمەتباریان دەکات.

ئەم هەنگاوانە هاوشێوەی ئەوانەن کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی واشنتن پێشتر رایگەیاندن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif