ئۆکراینا دەستبەرداری بەئەندامبوون لە ناتۆ دەبێت

ليست هناك تعليقات


لە گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممەی ئیستەنبووڵدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان، ئۆکراینا ژمارەیەک پێشنیازی پێشکێکشی رووسیا کرد، لە نێویاندا؛ وازهێنانی کیێڤ لە هەوڵدان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ.

پێشنیازەکانی ئۆکراینا بریتین لەمانەی خوارەوە؛

گەرەنتیی ئەمنی

ئۆکراینا دەیەوێت گەرەنتیی ئەمنیی یاسایی و پابەندی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت و داوا دەکات ئەو گەرەنتییانە وەکو بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵی هاوپەیمانیی ناتۆ بن، یانیش بەهێزتر بن.

دەیڤید ئاراخامیا، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رووسیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە داوای میکانزمێکی نێودەوڵەتیی گەرەنتیی ئەمنی دەکەین کە بە جۆرێک بێت وڵاتە گەرەنتیکارەکان بە رێگەیەکی هاوشێوەی بەندی ژمارە 5ـی ناتۆ یان بەهێزتر مامەڵەمان لەگەڵ بکەن."

بەندی ژمارەی پێنجی پەیماننامەی ناتۆ دەڵێت، هێرش بکرێتە سەر یەک وڵاتی ئەندام، هێرشە بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانییەکە، بۆیە پێویستە هەموویان بەرگریی لێبکەن.

ئارخامیا گوتی، ئۆکراینا دەیەوێت ئەمریکا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، کە هەموویان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لەگەڵ تورکیا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا و ئیسرائیل، ببنە وڵاتی گەرەنتیکار.

بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە ناتۆ

بەو گەرەنتییە ئەمنییانە، ئۆکراینا دەتوانێت بێلایەن بێت، واتە چیدیکە هەوڵنادات ببێتە ئەندامی ناتۆ. ئارخامیا گوتی: "ئۆکراینا بێلایەنی پەسند دەکات، ئەگەر گەرەنتییەکان سەرکەوتوو بن."

ئۆلێکساندەر چالی، ئەندامێکی دیکەی شاندی دانوستاندنکاری ئۆکراینا گوتی، وڵاتەکەی لە هیچ "هاوپەیمانییەکی سەربازیی سیاسییدا" نابێتە ئەندام.

رووسیا فراوانبوونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات و لەخۆگرتنی ئۆکراینا بە هەڕەشە بۆسەر ئاساییشی خۆی دەزانێت و پێشتریش روونیکردووەتەوە کە ئەوە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی هێرشکردنە سەر دراوسێکەی.

هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی لە ئۆکراینا نابێت

چالی گوتیشی، ئەگەر گەرەنتییە ئەمنییەکان جێبەجێبکرێن، ئۆکراینا "رێگە بە هەبوونی هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی لەنێو وڵاتەکەی نادات." بەڵام گوتی، دەکرێت مانۆڕە سەربازییەکان لەگەڵ وڵاتە گەرەنتیکارەکان لە نێو خاکی ئۆکراینادا هەر هەبن.

بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا

کیێڤ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاساییشی ئۆکراینا بکرێت، نابێتە رێگر لەبەردەم بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا. داواشدەکات، وڵاتە گەرەنتیکارەکان یارمەتیی ئۆکراینا بدەن تاوەکو سەرکەوتووبێت لە هەوڵەکانی بەئەندامبوونی لە یەکێتییەکە.

رۆژی دووشەممە، میدیای بەریتانی لە زاری چوار بەرپرسی ئاگادار لە دانووستاندنەکان رایگەیاند، مۆسکۆ رازیبووە رێگە بە ئۆکراینا بدات ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ئەگەر دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ بێت.

سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا

ئۆکراینا پێشنیاز دەکات کە لەم کاتەدا پرسی کریمیا و ناوچە جوداخوازەکانی هەرێمی دۆنباس بەلاوە بنرێن. بۆ ئەوەی گەرەنتییە ئەمنییەکان زوو جێبەجێبکرێن، کیێڤ پێشنیازیکردووە کە "بە شێوەیەکی کاتی" ئەو ناوچانە لە دەرەوەی رێککەوتنەکە بمێننەوە، ئەوە بە گوێرەی ئاراخامیا.

بە گوێرەی میخایلۆ پۆدۆلیاک، دانووستاندنکارێکی دیکەی ئۆکراینی، سەبارەت بە کریمیاش کە ساڵی 2014 رووسیا لەسەر بنەمای گشتپرسییەک بە خاکی خۆیەوە لکاندی، کیێڤ پێشنیازدەکات بۆ ماوەی 15 ساڵ گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی پرسەکەی بکرێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif