دیوی پشتەوەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق

ليست هناك تعليقات


بۆ لەم كاتەدا دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاریدا؟
-
عوسمان گوڵپی
-
پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە شێوازی سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ عێراق پرسی ئێستا نیە و لە سەردەمی سەرۆك وەزیرانی عادل عەبدولمەهدیەوە وەك سكاڵا لەدادگادا بوونی هەیە و تورکیاش یەکێك بوو لەتەرەفەکانی ئەو پرسە، بەڵام بەهەر هۆکارێك بێت ئەو پرسە بێدەنگی لێ کرا

ئەمڕۆ و لەسەرو بەندی ململانێکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی و سەرۆك کۆماردا، پرسێك بەبێ وادە بووە یەکیك لە پرسەکانی دادگای فیدراڵی و بڕیاری لەسەر درا، ئەویش پرسی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، ئەم بڕیارە لێکەوتەی ئابوری و سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سەرەتای گەڕێکی نوێی ململانێیە و بەتەنها پرسێکی نێوخۆیی عێراقیش نیە.

گازی سروشتی لە نێو ململانێکەدا

لە ئێستادا کێشەیەك جەنگی هێناوەتە دەرگای ئەورووپا، ئەویش مەترسی داگیرکردنی ئۆکراینایە لە لایەن ڕووسیاوە، ئەم گرژیە کاریگەری گەورە لەسەر ئەوروپا دروست دەکات بەهۆی ئەوەی کە یەکێك لە کارتە بەهێزەکانی ڕووسیا بۆ ئەوروپا گازی سروشتیە، کە سەرچاوەی سەرەکی گازی سروشتی بۆ ئەورووپا ڕووسیایە بەدەرەجە یەك و لە نێو ئەو وڵاتانەی ئەوروپاش کە پێشەنگی گرتوە لە کڕینی گازی سروشتی لە ڕووسیا ئەڵمانیایە، ئەمە وادەکات هەر گرژی و سەنگەر گرتنێكی سیاسی بەرامبەر ڕووسیا ئاسان نەبێت و بەرامبەر دووچاری قەیرانێکی قوڵی ئابووری دەکاتەوە.

یەکیەتی ئەوروپا و وڵاتانی کڕیاری گازی سروشتی چاویان لەسەر بوونی چەند بەدیلێکە وەك سەرچاوەی وزە، بۆ ئەوەی کارتی گازی سروشتی ڕووسیا کاریگەریەکەی کەم ببێتەوە یان لە ئەگەری هەر گرژیەکدا وەك دەسخستنی سەرچاوەی وزە دەستیان پێی بگات، بۆیە یەکێك لەو شوێنانەی یەدەکی گازی سروشتی زۆرە و چاوی وڵاتانی بەکار هێنەری چوەتە سەر هەرێمی کوردستانە.

گازی سروشتی هەرێم و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

ئەوەی پرسی هەناردەکردنی وزەی سروشتی جوڵاند لە دادگای فیدراڵی کیشەی سەرۆکایەتی کۆمار نەبوو، بەڵکو ئەو پرسە تەنها ئەوەندە کاریگەری هەیە کەلە ئێستادا ماڵی کوردی ماڵێکی پەرت و دژ بەیەکە، ئەمەش وادەکات هەر بڕیارێك بدرێت ئاسان جێ بەجێ بکرێت و هەر لێکەوتەیەکیشی هەبێ بەزیان بۆ هەرێم دەشکێتەوە و ناكۆكی نێوخۆیی نێوخۆیی زیانەكەی زیاتر دەكات، ئەوەی ئەم پرسەشی گەیاندە دادگای فیدراڵی ئەو جموجوڵە فراوانەیە لەسەر پرسی گازی سروشتی سەری هەڵداوە بە تەنیشت کێشەی ئۆکراینا و ڕووسیاوە.

سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ تەرکیا

سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا و باسکردن لەسەر پرسی گازی سروشتی هەرێم و پاشان خستنە بەرباسی پرسی فرۆشتنی گازی سروشتی هەرێم لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وایکرد کە لە یەکێك لە دەرگا دەرەکیەکانەوە ئەو پرسە ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت و كردیشیان.

ئێران لە دوو ڕوەوە نیگەرانە بە پرسی فرۆشنی گازی سروشتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە

یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم گرێبەستانەی بڕیارە بکرێن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارانەیە کە ڕووسیا لەسەر ئەوروپا هەیەتی، ئێرانیش وەك یەكێك لە وڵاتانی دۆستی بلۆکی ڕووسی لەگەڵ ئەم کاریگەری دروستکردنە نیە و هەوڵی سکشت پێهێنانی هەر هەوڵێکی لەو جۆرە دەدات

دووهەمیان ئەوەیە کە ئێران هیچ کات خۆشحاڵ نیە بە پەیوەندی بەهێزی ئابووری هەرێم و تورکیا، بەتایبەت لە پرسی نەوت و گازدا، چونکە ئەم پرسانە دەبنە هۆی بەهێز کردنی پێگەی ئابوری و سیاسی تورکیا لە ناوچەکەدا، کە حەتمەن لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی تورکیا نیە بەتایبەت لە سەر حسابی کارتێكبێ کە لە ئەسڵدا کارتی فشاری ڕووسیای دۆستێتی، بۆیە لە داهاتوودا پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و ڕێپێدانی تورکیا زیاتر دەوروژێت و دەچێتە دادگا و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت بە جۆرێك کە بەزیانی تورکیا تەواو ببێت

وادەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق

ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراقی هێنایە سەر خەت بۆ ئەو بڕیارە، پرسی گفتووگۆی هەرێم و تورکیاو وڵاتانی عەرەبی بوو لەسەر گازی سروشتی، چونکە چوونی سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا و سەرۆکی حکومەت بۆ قەتەر دەرخەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیی تێدایە بۆ گرێبەست، دادگای فیدڕاڵیش بەم هەنگاوەی هەر هەوڵێکی وەستان بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی فرۆشتنی گازی سروشتی و دەرگاو ڕێگا یاساییەکانی ئەو پرسەی داخست، دواجار ڕووسیا و ئێران و دۆستەکانیان هەموو هەوڵێك دەدەن کە کارتی وزەی سروشتی ڕووسیا بە بەهێزی بمێنێتەوە و بەدیلەکانی ئەو پرسە شکشت پێ بهێنن

لە پەراوێزی ئەمەشدا ئەم بڕیارە وەك پەرچەكردارێك وایە بەرامبەر پارتی كە لە ئێستادا ڕێككەوتنی سێ قۆڵی (پارتی و سەدر و حلبوسی) هەیە و ئەمەش بوەتە كێشە لەبەردەم خواستی ئێران بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، چونكە ئەگەر پارتی نەبێت ئەوا سەدر و حلبوسی ناتوانن ببنە لەمپەر و زۆرینە لە پەرلەمانی عێڕاق، پێشتریش ئێران لە كەناڵەكانی خۆیەوە هوشداری داوە لە هەر ئاراستەیەك كە بیەوێ بە جیا مامەڵە لەگەڵ هێزە شیعیەكان بكات و ببێتە هۆی لەتكردنی ماڵی شیعە






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif