عێراق داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ئۆکراینا جێبهێڵن

ليست هناك تعليقات


وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە هاووڵاتییانی عێراقی دەکات خاکی ئۆکراینا جێبهێڵن و مۆڵەتیش دەداتە کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بۆ بەجێهێشتنی ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ شەممە، 12-2-2022 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، لە سۆنگەی سووربوونی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ ئاسایش و سەلامەتیی رەوەندی عێراقی لە ئۆکراینا و بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتە، وەزارەتی دەرەوە داوا لە رەوەندی عێراقی دەکات خاکی ئۆکراینا جێبهێڵن و گەشتی ئەو وڵاتە نەکەن، "ئەمەش لەبەر سەلامەتییان."

شەوی هەینی، 11-2-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەکانی دیکەی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپای راگەیاند، ئەوان باوەڕیان وایە کە پووتین بڕیاریداوە ئۆکراینا داگیربکات. ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و بەشێکی زۆری وڵاتان لەنێوانیاندا بەریتانیا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا و ئەمریکا داوایان لە خەڵکی وڵاتەکانیان کرد ئۆکراینا جێبهێڵن.

قەیرانی ئۆکراینا تاوەکو دێت قووڵتر دەبێتەوە و ئەگەری هێرشی رووسیاش بە‌هێزتر دەبێت. لە نوێترین پێشهاتەکاندا ئەمریکا هێزی زیاتر دەنێرێتەوە پۆڵەندا و رووسیاش دیپلۆماتەکانی لە ئۆکراینا دەکشێنێتەوە.

ئیدارەی بایدن ئامادەیە سێ هەزار سەربازی دیکە بنێرێتە پۆڵەندای ئەندامی ناتۆ کە هاوسنووری ئۆکراینایە، ئەوەش دەخرێتەسەر 7 هەزار و 150 سەربازی دیکەی ئەمریکی کە پێشتر لە وڵاتانی پۆڵەندا، لیتوانیا و رۆمانیا بڵاوکراونەتەوە کە هەموویان ئەندامی ناتۆن.

ناتۆ-ش 4 هەزار و 800 سەربازی لە وڵاتانی ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا و پۆڵەندا جێگیرکردوون کە هەموویان ئەندامی رێکخراوەکەن. هەروەها نێردراوی رووداو بۆ ئۆکراینا گوتی، رووسیا دیپلۆماتەکانی لە ئۆکراینا دەکشێنێتەوە.

پووتین و بایدن کاژێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە تەلەفۆن قسە دەکەن. بەگوێرەی راگەیێندراوی کرملین و کۆشکی سپی، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن تاوتوێی پرسی ئۆکراینا بکەن. هەرچەندە رووسیا داوای کردبوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە رۆژی دووشەممە ئەنجامبدرێت، بەڵام کۆشکی سپی پێداگری کردووە ئەمڕۆ بێت و کرملین یش رازی بووە.

بەگوێرەی کۆشکی سەرۆکایەتیی کریملن، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کاژێر 7:00ـی ئێوارە بە کاتی مۆسکۆ و هەولێر ئەنجامدەدرێت. ئەوە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنی دەبێت دوای ئەوەی کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا ئەنجامیاندا، کە لەو کاتەوە ژمارەی سەربازانی رووسی لە نزیک سنووری ئۆکراینا، بەگوێرەی بەرپرسانی رۆژئاوا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و گومانی ئەمریکا و ناتۆ لە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن پووتینەوە بەهێزتر بووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif