ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی چەک و هێز رەوانەی ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەکەن و دەڵێن رووسیا نیازی هێرشکردنە سەر ئۆکراینای هەیە.
دانیمارک کەشتییەکی جەنگی و ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف شازدە رەوانەی لیتوانیا دەکات، ئیسپانیا چوار فڕۆکەی شەڕکەر دەنێرێتە بولگاریا و سێ کەشتیی سەربازیش لە دەریای رەش جێگیر دەکات، فەرەنساش ئامادەیی خۆی بۆ ناردنی هێز بۆ رۆمانیا دەربڕیوە.
رۆژی سێشەممە، 25ی کانوونی دووەم، کاروانێکی دیکەی چەکی ئەمریکی گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا.
ئەو چەکانە بەشێکن لەو یارمەتییە بەرگرییەی کە ئەمریکا بەم دواییە بڕیاریدا بە بەهای 200 ملیۆن دۆلار پێشکەش بە ئۆکراینای بکات.
کرستین کیڤن، بەرپرسی کاروباری ئەمریکا لە ئۆکراینا بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەو یارمەتییە دەبێتە پاڵپشتی بۆ ئۆکراینا بۆ ئەوەی "بەرگری لە خۆی بکات."
رۆتیسلاڤ زێملینسکی، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا سوپاسی ئەمریکای کرد لە بەرامبەر پێشكێشکردنی ئەو یارمەتییانە کە بە گوتەی خۆی، لە "گەڕاندنەوەی سەروەری و سەربەخۆیی" ئۆکراینادا بەکاریدێنن.
هەنگاوەکانی ئەمریکا هاوکات و هاوتەریبە لەگەڵ هەنگاوەکانی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ کە هەوڵدەدەن بەرگریی خۆیان دژی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەهێزبکەن.
ئەمریکا، ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن رووسیا نزیکەی 100 هەزار سەربازی لە نزیک سنووری ئۆکراینا جێگیرکردووە و دەیەوێت ئۆکراینا داگیربکات، مۆسکۆش بەردەوام رەتیدەکاتەوە نیازی هێرشکردنی هەبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق