١٠٠ رۆژ دوای هەڵبژاردنی پێشوەخت

ليست هناك تعليقات

 


عەلی مەولود
-
هەڵبژاردنی پێشوەخت، بڕیار بوو چارەسەری دۆخی ئەزمەگرتووی حوکمڕانی لەعێراق و کێشەی هەژاری و بێکاری بەشوێن خۆدا بێنێ و وەڵامێک بە داخوازی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بداتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٠٠ رۆژ هێشتا هیچ ئاسەوارێک دیار نیە لەو بەڵێنانەی بۆ باشترکردنی ژیانی بەخەڵک درابوون و تەنانەت درووستکردنەوەی حکومەتێکی هاوشێوەی ئەوەی پێشووش لە غەرغەرەدایە و تەواوی هێزە سیاسیە دەستڕۆیشتووەکان و براوەکانی دەنگی کەمینە، رێک ناکەون لەسەر دابەشکردنەوەی دەسەڵات و تەواوی مشومڕو دان و ستانەکان لەسەر ئەوەیە چۆن حکومەتێک بۆ کاروکەسابەتی خۆیان پێکبێنن.

ئەگەرچی ئەم تیپە لە حوکمڕان و ئەو شێوە لە حوکمڕانی تەمەنی بەسەرچووەو کەوتۆتە بەر نەفراتی فراوانی خەڵک و زۆر زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، خەڵکی عێراق بە بایکۆت وەڵامی ددانشکێنیان بە نمایشی دیموکراسی درۆزنانە دایەوە، بەڵام هێزە دەستڕۆیشتووەکان لەهەوڵدان رتووشی خۆیان و شوەی حوکمڕانییان بکەن و دیکۆرێکی نوێی پێبدەن، کە لەراستیدا جگە لە دووبارەکردنەوەی رابردوو هیچی تر نیەو نە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و نە حکومەتی تەوافوقی طائفی و قەومی پرۆسەی سیاسی عێراق بەقازانجی خەڵک ناگۆڕیت و هیچ لە پێویستیەکانی ژیانیان وەلام ناداتەوە. لەناو ئەو هێزانەی لە مشتومڕ دان بۆ درووستکردنی حکومەتی نوێ عێراق، هیچ هێزێکی سەربەخۆ بوونی نیەو هەموویان گرێدراوی سیاسەت و ئەجێندای دەرەکین و نە خۆپێشاندانە فراوانەکان و نە بایکۆت داینەچڵەکاندوون، بەوپێیە حکومەتی ئەگەر توانای پێکهاتنیشی هەبێت یان پرۆ ئێرانیە یان پرۆ ئەمریکیە یاخود تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، کە لە هەموو ئەگەرەکاندا درێژەپێدانی رابرووە. بەڵام دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق مەحکوم نیە بەم چارەنووسە، دەتوانرێت و ئیمکانی ئەوە هەیە تێپەڕێنرێت،

لەرووی ئابووریەوە زەمینەی بوژانەوە لەئاستێکی بەرزدا هەیە ئەگەر سیاسەتی ئابووری و سامان و داهاتی کۆمەڵگا لە تاڵانچیەتی حیزب و میلیشیاکان و لەدەستی کۆمپانیاکان و سیاسەتی نیولیبراڵیزم رزگاربکرێت، وە لەڕووی سیاسیشەوە جموجوڵی سیاسی ژمارەیەکی زۆر گرووپ و رێکخراوو ناڕەزایەتی جەماوەری فراوان و خۆپیشاندان و بایکۆتی پروسەی سیاسی باو، زەمینەی ئەوەیان رەخساندووە شێوەیەکی دیکەی پرۆسەی سیاسی بێتە ئاراوە، ئەمەش بەمەرجی ئەوەی خۆجیاکردنەوەی بەرەی خەڵک لەبەرەی دەسەڵات درێژەی پێبدرێت و رێکبخرێت و پشت بەهێز و بەرەنگاری خۆی ببەستێت و ئاسۆدار بکرێت بە شێوەیەکی دیکە لەژیان. ئەم شێوەژیانە نوێێە لە چارەسەری قەیرانی دەسەڵاتەوە دەست پێ ناکات و چارەسەری کێشەکانی دەسەڵات نەک هەر هیچ لەژیانی خەڵک ناگۆڕێت بەڵکو راستەوخۆ بەمانای تووتدبوونەوەی زیاتری پێوەندەکانی دەست و پێی خەڵک و کەمتربوونەوەی بەشی ئەوانە لەئابووری و سیاسەت.

پێویستە خەڵک قەیران بۆ ئەو دەسەڵاتە درووست بکات نەک بەشدارو چاوەڕوان بێت بۆ چارەسەری، بژاردەی خەڵک بۆ ژیان دەبێت ببێتە قەیران بۆ دەسەڵات، قەیرانی راستەقینەی دەسەڵات ئەوەیە جاڕنامەی ژیانێکی دیکە رابگەیەنرێت، ژیانێک کە بەختەوەری و خۆشبژێوی و یەکسانی و ئازادی هەوێنی بێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق