بزووتنەوە، ڕوو بە قۆناغێكی هیوابەخش

ليست هناك تعليقات



سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
-
زەرورەتی درووستبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی لەكاتێكدا كە ستەمی حیزبی بەعس لە لوتكەی خۆیدا بوو، گرنگترین قۆناغی ڕەوتی ئیسلامی بوو لە عێراق، چونكە فۆڕمێكیتری دایە ڕەوتی ئیسلامی كە بەرگریكردن بوو لە دین و ژینی خەڵك و دژایەتی ستەم بەشێوازی چەكداری و یەكەم هەنگاوی ئایینی نەتەوەییانەی چەكداری بوو دژی ستەمی ڕژێمی سەدام، كە هەر ئەو هەنگاوە ئەو كەلێنە گەورەیەی پڕكردەوە كە بۆشایی و نەبوونی ڕەوتێكی ئیسلامی بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورددا.

كۆچی زانایانی مێزەرسپی بۆ ئێران و لەوێشەوە دامەزراندنی هێزێكی چەكداری كاریگەر بە ڕابەرایەتی زانای موجاهید مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز، سوپاسی خودای دەوێت كە ئێمەش پشكێكی ئەو تاجە زێڕینەمان بەركەوت بە كۆچی باوكم (مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای گوڵپی) بۆ ئێران و پاشان دروستبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەردەوامبوونی ئەم كاروانە پڕ شكۆیە.

بزووتنەوە هەر لە دەستپێكی ڕاگەیاندن و چالاكبوونی وەك هێزێكی چەكداری دژی ڕژێمی بەعس، توانی بچێتە نێو خەڵك و ڕۆژ بە ڕۆژ فراوان ببێت و تا ببێتە یەكێك لە هێزە كاریگەرەكانی نێو گۆڕەپانی سیاسی لە ناوچەكەدا، بە جۆرێك كە هەر كۆنگرە و دیدارێك سەبارەت بە پرسی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستكارانی عێراق بوونی هەبوایە، بزووتنەوەی ئیسلامی بەشدار دەبوو، تا لە ڕاپەڕینی گەلی كورد لە ئازاری ١٩٩١بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی كە هەیبوو لە ڕاپەڕیندا بووە ئەو هێزەی بە خێرایی فراوان ببێت و جێ پێی خۆی قایم بكات لە كوردستانی ئازاد كراودا.

بەستنی كۆنگرە، خاڵی بەهێزی بزووتنەوەی ئیسلامی

ئەم هێزە هیچكات لە گەڕانەوە بۆ دەنگی ئەندامانی خۆی نەترساوە و هەمیشە بە بوێرییەوە چووەنێو كۆنگرەكانییەوە، ئەگەرچی باجیشی دابێت، بەڵام دواجار لە هەر هێزێكیتر زیاتر باوەڕی بە شوراو ڕای زۆرینە و متمانەتە كۆنگرە هەیە كە هێزەكانیتر بە بەراورد بەتەمەنی ئەم هێزە نەیانتوانیوە لەوادەی خۆیدا زۆرترین كۆنگرە ببەستن كە لە ئێستادا لە سەروبەندی بەستنی كۆنگرەی دوازدەهەمینی خۆیەتی.

بزووتنەوە لە ئێستادا

بزووتنەوەی ئیسلامی لە ڕابردوودا بە چەندین قۆناغی سەختدا تێپەڕیووە، كە هەر یەكێك لەو قۆناغانە بەس بوون بۆ ئەوەی حیزبێك بەتەواوی كۆتایی پێبهێنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا بزووتنەوە ئەگەرچی فشارەكان و قۆناغەكان كاریگەریان لەسەر داناوە و ماندوویان كردووە، بەڵام تا ئێستاش ئەم هێزە لەسەر پێی خۆی و بە بوێری و ئیرادەی ڕابردووەوە ماوە، بەبێ ئەوەی ببێتە سێبەری هیچ هیزێكیتر، بەڵكو هەمیشە قبوڵی بووە خۆیبێ بە ئەندازەی قەبارەی خۆی، نەك سێبەرێكی گەورەبێت و خۆی لەدەست بدات.

لە ئێستادا بزووتنەوە لە بەردەم قۆناغێكی گرنگدایە قۆناغێك كە زەرورەتی گۆڕانكاری بەدوای خۆیدا هێناوە، نەك تەنها بۆ بزووتنەوە بەڵكو بۆ هەموو هێزەكانیتریش، بۆیە بزووتنەوە بە ئامانجی خۆسازدانەوە و پێداچوونەوە و دڕەشتنەوەی پلانێكی تۆكمە دەچێتە نێو كۆنگرەی خۆیەوە، تا بتوانێت بە ئێرادەیەكی بەهێزتر و كاریگەرتر ڕۆڵی خۆی بگێڕیت، ڕۆڵێك كە لە ئاست مێژووی پڕسەروەری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەكانیدا بێت، ڕۆڵێك كە لە ئاست ماندووبوونی مامۆستا مەلا عوسمان و مامۆستا مەلا عەلی و مامۆستا ئەحمەد كاكەمەحمود مامۆستا مەغدید و مامۆستا وریا و سەرجەم هاوڕێیانیان بێت، لە ئاست گەورەیی پەیامەكانی ئەم هێزە چاكەخوازە ئیسلامدۆستەدا بێت.

چاوەڕوانی دۆست و ئەندام و كەسوكاری شەهیدان و ماندووانی بزووتنەوە لەم كۆنگرەیە زۆر گەورەیە، دەیانەوێت حیزبەكەیان ببێتە هێزێكی كاریگەری چالاكی بەهێز، دەیانەوێت لە ڕێگەی سەركردایەتیەكی بەهێز و چالاكەوە خۆیان پێناسە بكەنەوە، ببنەوە بە بەشێك لەو سەنگەری خەڵكەی كە لە پێناویدا دروست بوون، ئەوان دەزانن بزووتنەوە بەهۆی ئەوەی نەبووەتە سێبەری كەس لە ڕووی داراییەوە لاوازە، بەڵام باوەڕیان وایە ئەم هێزە دەتوانێت هەموو قەیرانێك تێپەڕێنێت و وەرزێكیتری بەهێزی دەستپێبكاتەوە، چونكە ئەوەندە سەرمایەی مرۆیی لەبەردەستدایە كە بتوانێت سوودیان لێببینێت و تواناكانیان بخاتەگەڕ.

ئەوەی لای من گرنگە بەردەوامی و هەنگاونانە لەگەڵ ئەو هێزە ئیسلامخوازەی كە باوكی ڕەحمەتیم تەمەنی خۆی پێ بەخشی و خۆشەویستیشی لە دڵی ئێمەدا سەوزكرد، ئەوەی گرنگە سەركەوتن و پێشكەوتنی بزووتنەوەیە، ئیدی من لە هەر ئاستێكیدابم گرنگ نییە، چونكە ئەوەی گرنگە بزووتنەوەكە و كاری پێكەوەییە.

لە ئێستادا و بۆ كۆنگرەی ١٢ كە بڕیارە لەسەرەتای مانگی دوودا ببەسترێت، ئەگەرچی من خۆم كاندید كردووە بۆ سەركردایەتی بزووتنەوە، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە سەركەوتنی كۆنگرەیە بە جۆرێك كە لە قازانجی بزووتنەوەكەدا بێت و هەموو ئەوانە دڵخۆش بكات كە چاویان لەسەركەوتنی ئەم حیزبەیە، چونكە ئەگەر ئەم حیزبە گەورە و فراوان بێت، ئەوا ئێمە هەموومان سەركەوتووین و كەسمان دۆڕاو نین، بۆیە من بۆ خۆم پێموایە سەركەوتنی ڕاستەقینە، دەرچوون و دەرنەچوون نییە، بەڵكو سەركەوتنی كۆنگرە و داهاتووی ئەم حیزبەیە كە هەموو چاومان لێیەتی و خۆشماندەوێ.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif