رێژەی هەڵاوسان لە ئیستەنبووڵ بەرزترین ئاستی خۆی تۆمار كرد

ليست هناك تعليقات

 


رێژەی هەڵاوسان لە ئیستەنبووڵ بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە 10 ساڵی رابردوودا و حکومەتی تورکیاش نرخی سووتەمەنی و کارەبای بەرزکردەوە. نرخی بەنزین و بیمەی ئۆتۆمبێل و هەروها باجی رێگاوبانەکان لە تورکیا بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزکرانەوە.

دەسەڵاتی چاودێریی بازاڕی وزەی تورکیا رایگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی وزە لە ئاستی جیهاندا نرخەکانی کارەبایان بەرزکردووەتەوە بەچەشنێک بۆ یەکە بازرگانییەکان کە ئاستی بەکارهێنانی کارەبایان زۆرە، نرخی کارەبا بەرێژەی 125٪ و بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون کە ئاستی بەکارهێنانیان کەمە بەرێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە.

هەروها نرخی گازی سرووشتی لە مانگی یەمی ئەمساڵ بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون بەریژەی 25٪ و بۆ یەکە پیشەسازییەکان بەرێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە.

بەپێی کۆمپانیای بۆتاش کە کۆمپانیای دابەشکردنی گازی سرووشتی تورکیایە، نرخی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرێژەی 15٪ بەرزکراوەتەوە.

بەپێی ژووری بازرگانی ئیستەنبووڵ، نرخی وردەفرۆشی لە مانگی 12 دا بەراورد بە مانگی 11 بەرێژەی 9.65٪ بەرزبووەتەوە و لە ئاستی ساڵانەشدا نرخەکان لە مانگی 12 ی ساڵی 2021 بەراورد بە مانگی 12 ی ساڵی 2020 بەرێژەی 34.18٪ بەرزبوونەتەوە.

نرخی کەرەستەی ناوماڵ بەرێژەی 20٪ و نرخی خۆراک بەرێژەی 15٪ بەرزبوونەتەوە. ژووری بازرگانی ئیستەنبووڵ هەروەها رایگەیاند کە لە مانگی 11 بەدواوە نرخەکانی کۆفرۆشی بەرێژەی 11.96 ٪ بەرزبوونەتەوە و بەو پێیەش لە ئاستی ساڵانەدا نرخەکان بەرێژەی 47.10٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە.

هەرچەندە لە مانگی 11 رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بە 21٪ دەستنیشانکرا بەڵام بەپێی داتاکانی ژووری بازرگانی ئیستەنبووڵ رێژەی هەڵاوسان لە مانگی 12 بەرزبووەتەوە بۆ سەرووی 30٪.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ دابەزینی بەهای لیرە بەرامبەر بە دۆلاردەگەرێتەوە کە لە سالێ 2021 دا بەرێژەی 44٪ بەهاکەی دابەزیوە. رۆژی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە لیرە 13.32 لیرەیە.

نرخی بیمەی ناچاری ئۆتۆمبێل هەروها بەرێژەی 20٪ بەرزبووەتەوە. نرخی بەنزین لە هەر لیترێک بەرێژەی نیو لیرە بەرزبووەتەوە و نرخی لیترێک گازوایل بەریژەی 1.29 لیرە بەرزبووەتەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif