تازەیی ساڵ لە چی دایە؟

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی 
-
لە کۆتای هەر ساڵێک و سەرەتای ساڵێکی تازەدا کۆی خەڵک لە ڕێگای پەیامەکانیانەوە پیرۆزبای ساڵی نوێ لەیەک دەکەن. بێ بیرکردنەوە لەوەی تازەی ساڵ لە چی دایە. بێگەڕانەوە بۆ هەڵەو کەم و کوڕییەکانمان ئێمە ساڵێک لە تەمەنمان بەڕێکرد ساڵێک نزیک بوینەوە لە کۆتایی ژیان، پرسیارەکە لێرەدایە چیمان بۆ ژیان زیادکرد؟ چەندە توانیمان لەتەک پرەنسیپەکانی مرۆڤبوون و کورد بووندا ڕاستگۆبین؟ چەندە پێکەوە هەڵکردنمان قوڵکردوەتەوە؟ چەندە گەشەکردنی کوردستان لە کۆی کایەکاندا و کردارەکانماندا ڕەنگی داوەتەوە؟ ئەگەر وابووبێ ئەوا مڵۆیە کمان خستۆتە سەر خەرمانی نیشتمان، خۆ ئەگەر پێچەوانەکەی بێت و شتێکمان زیاد نەکردبێ، ئەوا بۆ خۆمان زیادین و بارین بە کۆڵی نیشتمانەوە.

وا ساڵێکی پڕ کێشەمان تێپەڕاند، کەچی هەتا دێ دنیای ئێمە لەیەکتر دوور دەکەوێتەوە. کوردستانمان کردووە بە جوێنستان و بەردەوام لە بۆسەداین بۆ یەکتر، پێناسەی کەسایەتیمان گۆڕیوە لەبری تۆ چیت؟ ئێستا پێناسە ئەوەیە تۆ چەندت هەیە؟ دوژمنان هێواش هێواش زیاتر داگیرمان دەکەن، چەمکی کورد بوونمان کەوتۆتە ژێر پرسیار، کەواتە پرسیارەکە لێرەدایە مەبەست لە تازەیی ساڵ چیە؟ تازەی واتە جێهێشتنی دوێنێ بە کارو کردەوەوە بۆ دروستکردنەوەی کارو کردەوەی نوێ بۆ ساڵی نوێ، بەتایبەتی ئەو کارو کردەوانەی گورزی کوشندەیان لە چاکەی گشتی و گەشەی کوردستان سرەواند، دروستکردنی فەزایەکی ئارام و کردنەوەی لاپەڕەیەک لە سەرەتادا لێی بنووسین ئەخلاق، ئەگینا لە کردەوەو بیرکردنەوەکانی ساڵی پار بەردەوام بین ئەمە تازەیی نیە لە ساڵدا، تەنها گۆڕانی ژمارەکانی ساڵەو هیچی دیکە. هێنانی کارو کردەوەکانی پار بۆ ئەم ساڵ چی مانایەکی نوێی تێدایە بۆ ئەوەی ساڵی٢٠٢٢ بە مانای تازەیی ساڵ تازە بێت، دەبێ هەڵەکانی پار نەگوازینەوە بۆ ساڵی نوێ، دەبێ پرسیار لە خۆمان بکەین ئێمە لە کوێین؟ ڕاستگۆیانە پەنجە بخەینە سەر هەڵەکان، لە ڕاستیدا هەڵەکان بێشومارو کوشندەن بۆیە سەرەتا پێویستمان بە دروستکردنەوەی متمانەیە باوەڕیشم وایە هێشتا کات ماوە، ئەمەش پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ستراتیجی دروست هەیە. لێرەوە دەتوانین ڕاچڵەکین دروستبکەین بۆ ئەوەی بەخەبەر بێینەوە. لە ڕاستیدا ئەم بیرکردنەوەش بوێری دەوێ بوێری بۆ دروستکردنی ساڵێکی تازە لەکۆی کایەکانی ژیاندا.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق