شەڕی گەرمی نەتەوە‌و دەستوور

ليست هناك تعليقات

 


شەڕی گەرمی نەتەوە‌و دەستوور، گەمەی ساردی سیاسییەكانی عێراقە
-
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
-
شەڕی عێراق گەمەی ساردی نێو سیاسییەكان

شەڕی عێراق لەسەر پۆست و پارەیە نەك بۆ خزمەتی گەل، بەڵكو بۆ پارەداركردنی حزب و بەخشینی داهاتی گەل بە وڵاتە زلهێزەكان بۆ پاڵپشتی و مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات و حوكمڕانی و چەوسانەوەی گەلێكی ستەمدیدەی ڕژێمە یەكلەدوایەكەكانی عێراق.

شەڕی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە كراوە بە كاڵایەك و بەباڵای خۆیاندا دووریوویانە بۆ فریودانی هاووڵاتیان و هیچ یەكێك لەو بابەتانەش ڕاست نین، چونكە نزیكەی 20 ساڵە هیچ مادەیەكی دەستوور لەم عێراقە جێبەجێنەكراوە كە پەیوەندی بە مافی نەتەوەوە هەبێت، هاوكات كۆبوونەوەی لایەنەكان بەجیا و لەژوورە تاریكەكان نیشانەی دابەشكردنی كێكەكەیە نەك جێبەجێكردنی یاسا و دەستوور.




وێڵبوونی دەستوور و یاسا دوای سووكبوونی هەڵبژاردن




هەڵبژاردنەكان بۆ لە بێژنگدانی دەسەڵاتی گەندەڵ و دز و مافیا و خاوەن میلیشیایە، بەڵام لێرە جگە لە گاڵتەكردن بەو سیستمە هیچیتر نیە، چونكە سیستمی هەڵبژاردن كەمترین بەشداری دەنگدەریشی هەبێت هەڵناوەشێتەوە، ئێستا خۆشبەختانە گەلانی عێراق هۆشیارن و حوكمرانی ئێستا هەڵبژاردەی كەمینەیەكە بۆیە حاڵیشی وا جوانە، بەڵام وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەبەر كاركردن بە داشە هارەكانیان لە عێراق لەبەرژەوەندی خۆیان نووزەیان لە خۆیان بڕیوە لەبەرانبەر ئەو هەموو نادادییەی بوونی هەیە.

دەسەڵاتێكی مافیایی بەناو دیموكراسی هەڵبژێردراو وەك ڕەگی درەخت خۆی داكوتاوە و خەریكی گەندەڵییە، ئەگەرنا بۆ نەماندی وەزیرێك لەبەر قەیرانێك بكشێتەوە، یان لێیبپرسرێتەوە؟!

پەڕلەمانتارەكان، لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان وەك هاوپیشەیان لێهاتووە، جگە لە ڕاگەیەنراو و بەدواداچوونێكی حزبیانە هیچیتریان لەدەست نایەت، بەداخەوە هەندێكیان كڕین و فرۆشتنیشیان پێوە دەكرێت، بۆیە سەنگیان سووك بووە و بەهیچ شێوەیەك ناتوانن قسەیەكی سەنگین لە ئاست وەزیرەكان بكەن.




ڕۆڵی نەوت لە ئەجێندای سیاسی عێراقدا




عێراق بەوڵاتێكی دەوڵەمەند بەنەوت ناسراوە، ئەمەش وایلێكردووە هەمیشە زلهێزان بە چاوێكی تەماعكارانە و جیاوازەوە تەواشای بكەن و لەمێژە تاكو ئێستا چەندین ڕێگایان بۆ دۆشینی داهاتی ئەم وڵاتە گرتووەتەبەر، ئێستاش وەك دەبینرێت بەهۆی بوونی دوو جەمسەری دژ بە یەك لە عێراق وایكردووە، عێراق و عێراقییەكان نەبوونەتە خاوەنی ڕاستەقینەی نەوت و داهاتەكەی، بەڵكو لەدوای خاوبوونەوەی ڕژێمی پێشوو، هێزە دەرەكییەكان كلكە سیاسییەكانیان لەناو عێراق كردووەتە داردەستی خۆیان و بەخۆشی و ناخۆشی و هەڕەشەی جۆراوجۆر و درووستكردنی سیناریۆی جۆراوجۆ ڕێرەوی ئابووریان خستەوەتە ژێر ڕكێفی خۆیان، هێزەنێوخۆییەكانیش بۆ مانەوەی خۆیان و وەرگرتنی پشكێك لەكێكەكە بۆ هەموو بابەتێك ئەگەرچی زیانیشی بۆ عێراق هەبێت ئەشهەدوبیللای بۆ دەكەن.




داهاتووی عێراق بەرەوكوێ؟




وەك سەرۆك كۆماری عێراق بڕیاریداوە 9ی كانونی دووەم داهاتوو پەڕلەمانی عێراق كۆببینەوە، هەرچەندە ئەمریكا و ئێران دەیانەوێت بەجێبەجێردنی لانی كەم بەشێك لە بەرژەوەندییەكانیان حكومەت پێكبهێنرێت، بەڵام تاكو ئێستا لایەنەكان لەسەر پۆست و پشكەكانی عێراق ڕێكنەكەوتوون.

پێشبینی دەكەین كۆبوونەوەی داهاتوو، تەنها بۆ سوێندخواردن و بە ڕەسمی ناساندنی پەڕلەمانتارانە و هاكات بۆ جێگیركردنی مووچەكانیانە، ئەگەر نا لایەنەكان تا ئەو وادەیە ڕێكناكەون و كۆبوونەوەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە، چونكە ئەم جۆرە سیناریۆیانە لە عێراق شتێكی نامۆ و نائاسایی نین و وەك هەمیشە بە ئاسایی و دوای چەند مانگێك لە دوای هەڵبژاردنەكان حكومەت پێكدێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق