عارف قوربانی
ره‌نگه هێشتا ناسینه‌وه‌ی خاوه‌نه راسته‌قینه‌كه‌ی داعش كارێكی ئاسان نه‌بێت، یاخوود ئه‌و ئامانجانه‌ی داعشی له‌پێناودا دروستكرا به روون و ئاشكرا بۆ هه‌موو كه‌س ده‌رنه‌كه‌وتبێت، به‌ڵام ئه‌وه روونه كه ئه‌م رێكخراوه به ئه‌جندای چه‌ندین ده‌وڵه‌ت و ده‌زگای هه‌واڵگریی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵده‌سوڕێنرێت. ئه‌گه‌ر كه‌سانێكیش گومانی ئه‌وه‌یان هه‌بووبێت، كه ده‌ستی زۆر وڵات و لایه‌ن له‌ناو عهقڵدانی ئه‌م رێكخراوه‌دایه، هه‌ق وایه له سیناریۆی راگه‌یاندنی كۆتایی داعش له ساڵی 2017 پاش گرتنه‌وه‌ی حه‌ویجه، ئیتر بۆیان روون بووبێته‌وه، كه ئه‌م هێزگه‌له چه‌كداره تووندڕه‌وه شتێكی جیاواز بوون له‌وه‌ی پێی ده‌ناسرانه‌وه، به‌تایبه‌تیش دوای له پڕ دیارنه‌مانی چاره‌نووسی نزیكه‌ی 10 هه‌زار چه‌كدار له زۆنی حه‌ویجه و ده‌شتی نه‌ینه‌وا. هه‌روه‌ها له مانگه‌كان و ساڵی دواتردا ده‌ركه‌وتنی گرووپی ئاڵا سپییه‌كان به‌پێشچاوی عێراق و ئێران و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه له ناوچه‌كانی خورماتوو به‌ره‌و گه‌رمه‌سێر و دواتر بێ ئه‌وه‌ی هیچ هێزێك رووبه‌ڕوویان بێته‌وه، له‌به‌رچاو ون بوون.
به‌درێژایی ئه‌و چوار ساڵه‌ی رابردوو كه گوایه داعش وه‌ك جوگرافیا كۆتایی هاتووه و ناوبه‌ناویش هێزی ئاسمانیی هاوپه‌یمانان و سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌یش به‌شوێن چه‌كداره په‌رته‌وازه و پهڕاگهندهكانیانهوهن و به‌پێی ئه‌و راگهیێنراوانهی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه به هه‌زارانیان لێكوشتوون، كه‌چی هێشتا راپۆرته نهێنییه‌كان باس له بوونی ده‌یان هه‌زار چه‌كدار ده‌كه‌ن، كه به‌نهێنی له‌ناو عێراق و سووریا ماونه‌ته‌وه. ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستیانهشی له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نجامدراون و داعش به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی خستووەته ئه‌ستۆی خۆی، چه‌ندین هه‌زار هێرشیان ئه‌نجام داوه. ئه‌وه‌ی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گوزه‌رێت ئاماژه‌یه‌كی روونتره به‌وه‌ی داعش له زۆر شوێن هەن. جوگرافیایه‌كی فراوانیش له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق به چۆڵی هێڵدراوه‌ته‌وه و جموجووڵ و شوێنی حه‌شارگه‌ی چه‌ك و جبه‌خانه و ته‌نانه‌ت زیندان و بنكه‌ی مه‌شق و راهێنانیشیان ده‌بینرێت.
ئێستا چیرۆكی ئه‌م گرووپه ئه‌وه‌نده ئاشكرایه پێویستی به‌وه نه‌ماوه گومان له‌وه بكه‌یت چه‌ندین هه‌زار چه‌كدار به نهێنی چۆن و له‌كوێ خۆیان حه‌شارداوه؟ له‌كوێوه خواردن و پێویستییه‌كانیان بۆ دابین ده‌كرێت؟ نه‌خۆش و برینداره‌كانیان له‌كوێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟ له‌كاتێكدا وا وێنا ده‌كرێت كه نه‌ك هه‌ر عێراق و ئێران و وڵاته هه‌رێمایه‌تییه‌كان ته‌نانه‌ت ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاته زلهێزه‌كانی وه‌ك ئه‌وروپا و ئه‌مریكا بهشوێنیانهوهن.
ئه‌م فاكتانه پێمان ده‌ڵێن داعش وه‌ك هێزێكی ئاماده له ناوچه‌كه ماوه‌ته‌وه، هیچ گومانیش له‌وه‌دا نییه بۆ كات و شوێنی دیاریكراو هێڵراونه‌ته‌وه و له داهاتوودا ئه‌شێ بینه‌ری رووداوگه‌لی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیان بین له په‌لاماردان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژیی هاوشێوه‌ی شنگال. كورد توانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نه‌خشه و پلانی ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگرییانه‌ی نییه، كه داعشیان دروستكردووه و ئیداره‌ی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌بێت به‌شی ئه‌وه پلان و به‌رنامه‌ی هه‌بێت رۆژانه رۆڵه‌كانی وه‌ك نێچیرێكی داماو نه‌كه‌ونه ناو دا‌و و ته‌ڵه‌ی ئه‌م گرووپه چه‌كدارانه‌وه. ئه‌گه‌ر ئێستا ئامارێك بكرێت له‌دوای به‌حساب كۆتایی داعشه‌وه چه‌ند پێشمه‌رگه و هاووڵاتی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بوونه پارووی ئاسانی ئه‌و چه‌كدارانه، ره‌نگه ژماره‌یه‌كی زۆر زۆر بێت. هه‌ر له‌م مانگه‌دا له ناوچه‌كانی گه‌رمیانه‌وه تا قه‌ره‌چووخ چه‌ندین پێشمه‌رگه و هاووڵاتی به‌ده‌ستی ئه‌م گرووپانه شه‌هید كراون و تا ئێستا كاردانه‌وه‌ی كوردی هه‌ر ده‌ركردنی چه‌ند راگەیێنراو و شین و شانامهیهكه بۆ قوربانییه‌كان. ئه‌م مه‌ترسییه نه به راگەیێنراو و نه به‌شین و واوهیلایی ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیای كوردی ناڕه‌وێته‌وه. پێویسته سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان هه‌ڵوه‌سته بكات له ئاستی ئه‌و لێشاوه له ئه‌نجامدانی تاوان به‌رانبه‌ر به كورد به دیاریكراوی له جوگرافیایه‌ك، كه ده‌یان ساڵه بوونه‌تە ره‌مزی كێشه‌ی كورد له عێراق.
ئه‌م چوار ساڵه‌ی رابردوو هێڵێكی جوگرافی له ناوچه‌كانی گه‌رمه‌سێره‌وه بۆ دوزخورماتوو، داقوق و كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ری دوبز تا ده‌گاته ده‌شتی مه‌خموور و چیای قه‌ره‌چووخ، به‌شێوازی جۆراوجۆر گوشار دەخرێتە سەر گوندنشینانی بۆ چۆڵكردنی گونده‌كانیان و به شێوه‌ی جیاواز تیرۆر ده‌كرێن و ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ی پێشمه‌رگه‌یش كه ده‌كه‌ونه نزیكی ئه‌م ناوچانه‌وه به‌رده‌وام په‌لامار ده‌درێن. به رۆژ هێزی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق له ناوچه‌كه‌ن و به شه‌و ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ده‌چنه سه‌ر گوندنشینانی كورد دەگوترێت داعشن. له دوای ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی گوندی خدرجیجه‌ی بناری قه‌ره‌چووخ كه 13 هاووڵاتی و پێشمه‌رگه شه‌هید كران، به‌رپرسێك له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه حكومه‌تی عێراق رێگه نادات پێشمه‌رگه بچن كێوماڵی ئه‌و ناوچه‌یه بكه‌ن و سوپای عێراقیش خۆی ئه‌و كارهناكات. چه‌كداره‌كانی داعش له‌و بۆشاییه به‌سه‌ربه‌ستی دێن و ده‌چن.
ئه‌مه نه پێویستی به شهنوكهوكردنه و نه هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین له‌وه‌ی عێراق به‌مه‌به‌ست ئه‌و دۆخه‌ی له‌و ناوچه‌یه دروستكردووه، هێڵێكی دیاریكراوی جوگرافیای كوردستان كه له‌م قۆناخه‌دا چاوی ته‌عریبی چووه‌ته‌وه سه‌ر، رێگه نادرێت پێشمه‌رگه سه‌ر و ماڵی هاووڵاتییه كورده‌كان بپارێزێت و سوپای عێراقیش نه‌ك نایانپارێزێت به‌ڵكو ئاسانكاری ده‌كات بۆ ئه‌و رووداوانه‌ی به رژانی خوێنی كورد ته‌واو ده‌بێت. ئه‌وه‌ی لێره‌دا لای من پرسیاره ئه‌وه‌یه هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی و حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تا كه‌ی هه‌ڵوێستیان هه‌ر به‌م جۆره ده‌بێت كه له چاوه‌ڕوانی یاریكردنی كاتدان كه به‌غدا ماوه‌ی چوار ساڵه ده‌ستی ده‌ستی ئه‌وه به كورد ده‌كات هێزی هاوبه‌ش بۆ پارێزگاری ئه‌و ناوچانه دروست ده‌كرێت؟ له‌م چوار ساڵه‌دا چه‌ند هاووڵاتیی كورد شه‌هید كراون، چه‌ند كه‌س ناچار بوون زه‌وی و ماڵ و گونده‌كانیان چۆڵ بكه‌ن، چه‌ند جار گرووپی چه‌كدار به‌ناوی داعشه‌وه په‌لاماری سه‌نگه‌ر و بنكه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی داوه و لێی شه‌هید كردوون؟ كورد جگه له ده‌ركردنی راگەیێندراو و ته‌ئكیدكردنه‌وه له به‌غدا بۆ دروستكردنی هێزی هاوبه‌ش، هیچ كاردانه‌وه‌یكی دیكه‌ی نه‌بووه. بۆیه ده‌بینی به‌غدا و داعش وه‌ك ئامانجێكی هاوبه‌ش له‌و سنووره درێژه به ئامانجه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن كه تیرۆره له‌پێناوی ته‌عریبدا.
كورد تا كه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كات ئه‌م تیرۆره به‌رده‌وام بێت؟ گوندنشینانی ئه‌و سنووره تا كه‌ی به‌رگه‌ی ئه‌وه ده‌گرن به رۆژ عه‌ره‌بی ته‌عریبچی به‌پشتیوانیی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق بێنه سه‌ریان و شه‌وانه‌ش داعش په‌لاماریان بدات؟ ئه‌م رووداوانه به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه له ئه‌ستۆی بڕیاربه‌ده‌ستان و نابێت كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستای بمێنێته‌وه، پێویسته سنوور بۆ ئه‌و تاوانكارییانه و بۆ پلانه هاوبه‌شه‌كه‌ی داعش و ناوه‌ند دابنێت. ئه‌گه‌ر له ئێستاوه هه‌نگاوی كرداری نه‌نێت و خۆی نه‌كاته‌وه به به‌رپرسیار له پاراستنی ئاسایشی ئه‌و جوگرافیایه، ده‌بێت دڵنیابین دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه، شایه‌تی بینینی هه‌مان رووداو ده‌بین له سلێمانی و هه‌ولێر و بادینان. پێویسته له‌و راستییه تێبگه‌ین ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان به‌ستراوه به ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
جا ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ هه‌رێمی کوردستان سه‌قامگیربێت و ئاسایشی هاووڵاتیان پارێزراو بێت له هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان بگێڕنه‌وه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق