زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی‌ ئێستا، ئومێدێك بۆ ئاینده‌

ليست هناك تعليقات


ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ئالانی‌
-
له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا، ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ و ئامانج به‌دیدێنێت، شێوازی‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ قوتابی‌ و خوێندكاراندا، چونكه‌ له‌ڕووه‌ زانستیه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌موو كارێك كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌.

له‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا جگه‌ له‌ فێركردن، ئه‌ركێكی‌ گه‌وره‌تر له‌سه‌ر مامۆستایانه‌، ئه‌نجامی‌ بده‌ن، ئه‌ویش په‌روه‌رده‌كردنه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێویستی‌ به‌ توانای‌ بیرو پلانی‌ زانستی‌ و مامه‌ڵه‌ی‌ دروست هه‌یه‌، له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ده‌روونی‌، لێره‌وه‌ كه‌سێتی‌ مامۆستای‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌رده‌كه‌وێ‌، به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ڕاست و دروست، له‌گه‌ڵ قوتابی‌ و خوێندكاردا، گرنگیدان به‌ لایه‌نی‌ په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی‌ پاشان بایه‌خدان به‌ گه‌یاندنی‌ زانست و زانیاری‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌هۆی‌ پرۆگرامی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ خوێندن، ئه‌نجام ده‌درێ‌، ئاكامه‌كه‌شی‌ گه‌یشتنه‌ به‌و كۆمه‌ڵگه‌ شارستانیه‌ی‌ خه‌ونی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی‌ تێدا به‌دیدێت، بۆیه‌ (كامل ده‌روێش 1927- 1993) نوسه‌ر و په‌روه‌رده‌كاری‌ لوبنانی‌ ده‌ڵێ‌: 

(خۆری‌ هه‌ر شارستانیه‌ك بدره‌وشێته‌وه‌، تیشكه‌كانی‌ مامۆستایانن)، ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌بێ‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری‌ مامۆستایان له‌ گه‌شه‌ پێدانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ و گۆڕانكاریه‌كان، زۆر مه‌حاڵ و ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كارئاسانی‌ و هاوكاری‌ و پشتیوانی‌ مامۆستایان بكرێت، گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ بالاَیه‌ زۆر ئاسانه‌، هیچ كات نابێته‌ به‌رده‌كه‌ی‌ سیزیف، ئه‌ و ڕۆمانه‌ی‌ ئه‌لبێركامۆ، ئاماژه‌ به‌ ڕه‌نجی‌ بێهوده‌و بێ‌ ئاكامی‌، مرۆڤ ده‌كات، به‌دڵنیایی‌ تاكه‌ ده‌رچه‌ بۆ ده‌رباز بوون، له‌ ڕه‌نجی‌ بێهیوایی‌ و گه‌یشتن به‌ ئارامی‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌، ته‌نها ده‌رمانه‌كه‌ی‌ لای‌ ئه‌و پزیشكه‌یه‌ كه‌ ناوی‌ مامۆستایه‌، ناكرێت، مامۆستاش شانی‌ له‌ به‌رپرسیارێتی‌ داماڵرێت و ئه‌ركه‌كه‌ ته‌نها بخرێته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ تر، مامۆستا له‌سه‌ریه‌تی‌ به‌به‌رنامه‌و پلانی‌ زانستی‌ و به‌ ڕوویه‌كی‌ گه‌شه‌وه‌ و دڵێكی‌ فراوان و خۆشه‌وه‌، به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ مرۆڤدۆستانه‌ و به‌ شێوازی‌ نه‌رمونیانی‌ و ئارامی‌ كار بكات، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بنیاتنانی‌ ڕێزو خۆشه‌ویستی‌ له‌ نێوان خۆی‌ و قوتابیان و خوێندكاراندا، فرۆید وای‌ بۆده‌چێت، كاتێ‌ ڕێزو خۆشه‌ویستی‌ له‌نێوان مامۆستا و قوتابی‌ هه‌بێت، دڵنیایی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ پرۆسه‌ی‌ فێركردن ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڕوونی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت، ئه‌و پێیوایه‌ تاكه‌ هۆكاری‌ فێركردن، خۆشه‌ویستیه‌، هه‌ركاتێ‌ ئه‌و كاره‌ ڕه‌نگیدایه‌وه‌ له‌نێوان مامۆستاو قوتابیه‌كانی‌ ، بێگومان ئامانجه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر مامۆستایه‌ ڕۆڵ ده‌گێڕێت، له‌ دیاریكردنی‌ كه‌سێتی‌ مناڵ و ئاراسته‌ی‌ ده‌كات بۆ ئاینده‌، بۆیه‌ لای‌ زۆربه‌مان یادگاریه‌كانی‌ مناڵیمان ئه‌و زه‌نگه‌یه‌، ڕۆژانه‌ دێته‌ ناو بیره‌وه‌ریمان و كه‌سێتی‌ و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ی‌ مامۆستاكانمان له‌ قۆناغه‌كانی‌ ڕابردوودا لێده‌درێته‌وه‌ و ده‌یانكه‌ینه‌ باس و خواس و حیكایه‌ته‌ شیرینه‌كانی‌ ته‌مه‌نمان، له‌م باره‌یه‌وه‌ (فیلۆكسین) ده‌رباره‌ی‌ كاری‌ مامۆستایان و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر داهاتووی‌ كۆمه‌ڵگه‌ وتوێتی‌: (مامۆستا ئه‌وكه‌سه‌یه‌، كه‌ ڕێمان نیشان ده‌دات، ژیانێكی‌ ڕاست و خۆش بژین)، ژیانی‌ خۆش و خۆشه‌ویستی‌ و ڕێز گرتن له‌ناو كه‌سێتی‌ مامۆستاوه‌ ڕه‌نگده‌داته‌وه‌و ده‌بێته‌ هه‌وێنی‌ كامه‌رانی‌ بۆ ئاینده‌ی‌ خۆشنوودی‌ نه‌وه‌كانی‌ داهاتوو، به‌لاَم له‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ئێستادا، ئه‌و گوتاره‌ نه‌كراوه‌ته‌ كردار و كاری‌ له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، پێم وانیه‌، تاوانه‌كه‌ مامۆستا بێت به‌ته‌نها، شێوازی‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ كرچوكاڵه‌ و تێكه‌ڵه‌یه‌ كه‌ سه‌رله‌به‌ری‌ له‌كۆڵخۆكردنه‌وه‌یه‌، مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن ته‌نها ده‌رگاكانی‌ قوتابخانه‌كان كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ دۆخی‌ په‌روه‌رده‌ به‌م ئاسته‌ گه‌یشتوه‌، كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یه‌ گوێ‌ له‌كه‌س ناگرن و سه‌رنج و تێبینی‌ و ڕه‌خنه‌كانی‌ خه‌مخۆران به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت، چه‌ندین به‌شی‌ په‌روه‌رده‌و یه‌كه‌ هه‌ن كه‌ زیاده‌ن و ئیش دۆزینه‌وه‌یه‌ بۆ كه‌سانی‌ تر، كه‌ی‌ كۆنفرانسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌م هه‌رێمه‌ گۆڕانكاریان دروستكردوه‌؟

ئه‌و كۆنفرانسانه‌، ته‌نها درونی‌ كراسه‌ به‌ به‌ری‌ چه‌ند كه‌س و به‌رپرسێك و هیچیتر، كه‌ی‌ له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا،كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ ده‌روونی‌ و ڕوحیه‌كانی‌ قوتابیان كراوه‌؟ كام له‌و چیرۆكه‌ به‌هێزانه‌ی‌ دنیای‌ مناڵ خراونه‌ته‌ ناو پڕۆگرامه‌كانی‌ خوێندن ؟ تا كار له‌ هه‌ست و سۆزی‌ مناڵان بكات و بكرێته‌ ئامرازی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ڕوحی‌ و لایه‌نی‌ سۆزو هه‌ست به‌ئاراسته‌ی‌ خۆشویستن و ڕێزگرتنی‌ ئه‌وانیتر، كه‌ئه‌مانه‌ كاریان له‌سه‌ر نه‌كرابێت، ئه‌ركه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی‌ مامۆستایان و پێویسته‌ بزه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ و پێكه‌نین و خۆشه‌ویستی‌ ببه‌خشن به‌ قوتابیان و روح و هه‌ستیان ئاراسته‌ بكه‌ن ، تا نیشتمان پڕبێت له‌ پێكه‌نین و خۆشه‌ویستی‌ و دووربكه‌وینه‌وه‌ له‌م غه‌م و ئازاره‌ی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی‌ داگیركردووه‌.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق