پرۆژەیەک لەناو گوتاردا

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی 
-
لە چوارچێوەی ( کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)،سەرۆکی هەرێم گوتارێکی گشتگیری پێشکەشکرد، کە کۆمە ڵێک تەوەری لەخۆ گرتبوو . لە سەرەتای وتارەکەیدا ڕۆژی لێبوردەیی هێنایەوە یادی هەموان، کە لێبوردەیی جەوهەری ئارامی مرۆڤایەتییە، ، پاشان قسە لەسەر کۆمەڵێک کێشەی قوڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ڕێگا چارەکانیش دەخاتەڕوو، کە بریتین لە کێشەی:١- وزە و ئاو ٢- کێشەی ناسەقامگیری و توندڕەی شەڕی داعش ٣- کێشەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان ٤- کێشەی کۆڤید ١٩. 

لەسەر هەریەک لەم کێشانە چارەسەری خستەڕوو، کە لەسەر بنەمای گفتوگۆی کراوەو ئەقڵانی و متمانەدار دەستپێبکرێت. بۆ ئەمەش وای بە باشزانی هیچ دەوڵەتێک خۆی بە هەموو شت نەزانێ و ئەوانی دیکە هیچ و خۆی بە تاکە سوار بزانێ، ئەو دەوڵەتەی کە خۆی بە هەموو شت بزانێت ئەمە بەرەو لوتبەرزی دەڕوات ئەوکات وڵات بەرەو وێران بوون دەبات. ئەوەشی بە هەموو لایەک گوت هەموو سیستەمەکان لە جێگایەک و پانتاییەکدا کۆتاییان دێ، مانەوە تەنها بۆ گونجاوترین و ئەقڵانی ترە. کاتێک قسە ی لەسەر ئاسایش و ئارامی کرد بە فاکتەری بنەڕەتی دانا بۆ پێشکەوتن و پێکەوە ژیان ئاماژەی بە سەرەتای ڕوداوەکانی سوریادا، کە لە ئەنجامی گوێنەدان بە ڕای گشتی و داواکارییەکانی خەڵک، شەڕی ناوخۆی لێکەوتەوە. 

لێرەوە نا سەقامگیری گەیاندە تورکیا و هاوکات ئێرانیشی ڕاکێشا بۆ ناو جەنگەکە. هۆکاری ئەم کێشانەشی گەڕاندەوە بە نەخوێندنەوەی ناوخۆی ئەو وڵاتانە بۆ پێکهاتە جیاوازییەکان و داوای خەڵکی، واتە کەوتن و کێشە لە ناوەوە ڕوودەدا لە دەرەوە نا نایەت ئەگەر ناوخۆ یەکانگیر بێت بۆیە پێویستە کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگا نەدرێ بە دەستێوەردان، لەم ئاستەدا بەوردی لەسەر پرسی کورد وەستاو داوای لەو دەوڵەتانە کرد، کە بە گفتوگۆ کێشەی کورد چارەسەر بکەن و پرۆسەی ئاشتی بخەنە سەر ڕێگا، ئامادەگی خۆشی نیشاندا کە هاوکاری جدی دەبێت لەو پێناوەدا و ئەم هەڵوێستە ئەوەمان پێدەڵێ، کە سەرۆک نێچیرەڤان تەنها لە خەمی باشوردا نییە، بەڵکو ئازاری کوردان لە هەرکوێبێت بە خەمی خۆیی دەزانێ و ئارامی وخۆشگوزەرانی بۆگەلانی ناوچەکە لای سەرۆکی هەرێم پرنسیپە بۆیە داوا لەو دەوڵەتانە دەکات ئەگەر( ناتانەوێ کورد جیا بێت ئەوا جێگای بکەنەوە) ئەمە ڕستە ئاڵتونییەکەی کوردبوونە بەوانی دیکە دەڵێ کورد وەک گەلانی دیکە دەیەوێ بژی و بەشداربێت لە دەوڵەمەندکردنی شارستانییەتدا، بۆیە جێگای بکەنەوە وەک حەمدی دەڵێ: ( هەڵپەڕکێ جائیزە بۆ کوردان بێ قەزا بێ ڕەحمە خان نایەڵێ هەڵپەڕین ).

سەبارەت بە جەنگی تیرۆر وتی: ڕاستە لە ئاستی سەربازی داعش تێکشکێنراوە، بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە ئەوەی لە پشت ئەم وتەوەیە دەیەوێ بڵێت شەڕی فیکرو پەروەردەو کەلتور بەردەوامە، ئەمەش پێویستی بە بیرکردنەوەو هاوکاری هەمەلایەنە هەیە. ڤیکتۆر هۆگۆ دەڵێ: هێرشی سەربازی دەکرێ بەرەنگاری ببینەوە، بەڵام هێرشی فیکری سەختە). بۆیە سەرۆک دەڵێ شەڕ کۆتا نەهاتووە و پێویستمان بە کرانەوەی زیاتری نێوانمان هەیە بۆ تێگەشتنی بنەڕەتی لە شێوازی بەرەنگاربوونەوەی فیکری، کاتێک قسە لەسەر کێشەکانی عێراق دەکات لە هەمانکاتدا چارەسەری دەخاتە ڕوو، ئاماژە بە گرفتی ناسنامە دەکات کە هەتا ئێستا هێزی بیرکردنەوە لە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان ئێراق بای ئەوەندە نەبووە، کە ناسنامەیەک دروستبکات هەموو پێکهاتەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە، بۆیە پێویستە چارەسەری بنەڕەتی بکرێت لە ڕێگا حکومەتی هاوڵاتییەوە. سەرۆک مەبەستی بوو بڵێت،

بۆ ئەم مەبەستە ڕێگای سەختمان لە بەردەمدایە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان بەو ئیرادەیەی هەر چۆن لە سەرەتاوە دەستمان پێکرد. دواتر قسە لەسەر ئەوە دەکات لەناو ئەو کێشمەکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێ سەرکەوتووە،کێ براوەیە؟بە کورتی بە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەڵێ براوە ئەوانەن کار بۆ چاکەی گشتی دەکەن، ئەگینا کەس براوە نابێت. سەرۆک نێچیرڤان قسەی ئەقڵی کرد، بۆیە دەکرێ بڵێین قسەکانی پرۆژەیەکی چارەسەری بوو لە ناو گوتاردا.








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif