ئامانجی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی عێراق چیه؟

ليست هناك تعليقات


محەممەد هەورامی
-
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق رۆژی 10ـی مانگ لە سەرانسەری وڵات بەڕێوەچوو و دوای کەمتر لە 24 کاژێر کۆمیسیونی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند کە بۆ زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عیراق شۆک هێنەر بوو، لەسەر هەمووشیانەوە بۆ هاوپەیمانیی فەتح کە کۆکەرەوەی کەسانی نزیک لە حەشدی شەعبیە و زۆر کەس بە هێزی سەربازی نزیک لە ئیران وەسفیان دەکەن.

کەمکردنی بەرچاوی کورسی فەتح و هێزەکانی سەر به حەشدی شەعبی له 48 کورسییەوە بۆ 14 کورسی وایکرد راگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانییەکان باس لە هاتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس بکەن بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەکانی دەنگدانی عێراق لە بەرژەوەندیی فەتح.

راستیەکەی ئەوەیە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و هاتنی ئیسماعیل قاآنی ، شێوازی کاری سوپای قودس لە عیراق تا رادەیەک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییه لە شێوازی کارکردندایە نەک ستراتیژیی ئێران لە عێراق و گۆڕینی رای ئەو وڵاتە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا هەموو هەوڵەکانی ئێران پێش هەڵبژاردن زامنکردنی یەک هەڵوێستیی بەیتی شیعی بوو بەرامبەر کورد و سوننە و، ئەوەندەی هەوڵی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی بەیتی شیعی دەدا ، ئەوەندە لە خەمی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکان و وەردەکاریی ئەو پرۆسەیەدا نەبوو ، بۆیە تەنانەت لەسەر جێگیرکردنی سێرڤەری هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وڵاتی ئیمارات ( کە بە وڵاتێکی سوننه و دژی ئیران دادەنرێت) و زیادکردنی رۆڵی نەتەوەیەکگرتوەکان و دانانی کۆمپانیای ئەڵمانی بۆ سیکیوریتی سێرڤەری هەڵبژاردن کێشه و رێگریی دروست نەکرد چونکە پێی وابوو پێش هەڵبژاردن کاری ستراتیژیی خۆی ئەنجامداوە و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچیەک بێت بۆ ئیران جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێت. چونکە دروستکردنی حکومەتی داهاتوو بە هەماهەنگیی هەموو لایەنەکانی بەیتی شیعی دەبێت و ئەمەش بۆ ئیران ستراتیژە نەک بردنەوەی فەتح یان دەوڵەتی قانون یاخود سەدر.

بەرپرسە باڵاکانی ئیران پێش هەڵبژاردن چەندجارێک سەردانی کورد(پارتی و یەکێتی) و هێزە سوننەکانیان کردووە و هەموو جارێک جەختیان لە شتێك کردووەتەوە ئەویش کورد و سوننە نابێت دەستوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانی بەیتی شیعی بکەن و هەروەها دوای هەڵبژاردن تاکلایەنە لەگەڵ بەشێک لە شیعەکان نەکەونە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، بەڵکو هەر دانوستاندنێک دەبێت لەگەڵ بەیتی شیعی بێت.

بە واتایەکی دیکە بە پێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەی کە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەیبیستین، بردنەوەی سەدر یان فەتح و یان مالیکی بەلای ئیرانەوە، ستراتیژ و ئامانج نییە بەڵکو ئامانجی سەرەکیی یەکهەڵوێستی لایەنە شیعییەکان و بەهێزیی ئەوانە بەرامبەر کورد و سوننە تاوەکو هیچکام لەو لایەنانە و بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی دیکە نەتوانن سوود لە ناکۆکیی ناوخۆی شیعە بۆ بەدیهێنانی ئەمانجەکانیان وەرگرن.

دۆخی هەڵبژاردن بە کوێ دەگات؟

راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و دەرکەوتنی جیاوازیی بەرچاوی کورسییەکانی رەوتی سەدر و هێزەکانی دیکەی شیعە و دوا بەدوای ئەوەش ، تویتەکانی موقتەدا سەدر لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، زەنگێکی مەترسیدار بوو لە سەر داهاتووی ناوماڵی شیعە و ئەو ستراتیژەی کە ئێران چەند مانگێکە کاری لە سەر دەکرد. چونکە ئەو جیاوازییە زۆرە وای لە سەدر دەکرد بەرامبەر هێزەکانی دیکە بێمنەت بێت و خۆی بە تەنها لە دەرەوەی ماڵی شیعی هەوڵی دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بدات کە ئەمەش لای ئیرانییەکان هێڵی سوورە.

بۆیە لەکۆتاییدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەو ئاقارە دەڕوات کە ئەو جیاوازییه زۆرەی لەنێوان لیستی سەدر لەگەڵ لیستی فەتح و مالیکی دروستبووە نامێنێت و بە هەڵکشاندنی کورسییەکانی فەتح و مالیکی، جیاوازیی کورسی نێوانیان کەم دەکرێتەوە تا هەردووکیان چانسی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییان هەبێت و هیچکامیان نەتوانێت بە تەواوی زاڵ بێت بە سەر لایەکەی دیکەدا.

بۆ ئێران بەشداریکردنی هەموو هێزە شیعییەکان لە حکومەتی داهاتوودا ستراتیژ و هێڵی سوورە، بۆیە ئەگەر مالیکی و فەتحیش براوەی هەڵبژاردن بوونایە، ئەمجارە ئیران لایەنگریی سەدری دەکرد و نەیدەهێشت مالیکی و عامری بەبێ سەدر حکومەت پێکبهێنن.

کورد چی بکات؟

گرنگه کورد نەچێتە نێو ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە و تەرەف گیری هیچکام لەو دوو بەرەیە نەکات و جەخت لە سەر پێکهێنانی حکومەتی توافقی بە بەشداری هەموو لایەنەکان بکات .

هەروەها هەڵەی پێکهێنانی حکومەت لە ساڵی 2018 دووبارە نەکاتەوە و بەجیا گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەستپێنەکەن بەڵکو هەموو لایەنەکان پێکەوە و بە یەک پاکێج (کە خۆی لە داخوازییەکانی گەلی کوردستان ببینێتەوە)، گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بکات.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif