دەرنجامەکانی ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی عێراق چیمان پێ دەڵێن؟

ليست هناك تعليقات



سەرەتا پیرۆزبایی لە جوان بەڕێوە چونی پرۆسەکە دەکەم، کەلە عێراقی دوای ڕوخانی ڕژێمەوە باشترین بوو. ڕەنگە ئومێدێکیشی بە پرۆسەی سیاسی وھەڵبژاردن لای بەشێك لەھاوڵاتیان زیندوکردبێتەوە. ئەگەر نەبێتە ڕوداوێکی دابراوو بەڵکو ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ. ھەروەھا پیرۆزبایی لەلیست وکاندیدە دەرچوو سەرکەوتووەکان دەکەم. لێرەشەوەو لەڕێی ئەم خاڵانەی خوارەوەحەزدەکەم ھەندێ سەرە قەڵەم وسەرەنجی گشتی لەسەری بخەمە ڕوو:

یەکەم لەسەر ئاستی گشتی:

١- ھەڵبژاردنەکە بایەخی خەباتی مەدەنی وشەقامی لەشکاندنی بنبەست وگەندەڵی سیاسی بۆ خستینە ڕوو. چونکە نکولی لەوە ناکرێت ڕاپەرینی تشرین ڕۆڵی سەرەکی لەزەمینەسازکردنی ھەڵبژاردنەکاندا ھەبوو.لێرەشەوە دەڵێین: دەبێت ئامانج لەخەباتی مەدەنی دژایەتی گەندەڵی سیاسی وھەڵبژاردنی خاوێن وکاراکردنەوەی ڕۆڵی دەنگدەرو بەشداری سیاسی بێت، نەك جێگرەوەی ئەو، کەسەری لەئاژاوەو شەڕی ناوخۆوە دەردەچێت.

٢- ھەڵبژاردنی پاك وبێگەرد یاخود نزیك لەوەوە دەتوانێت دەستکاری نەخشەی سیاسی وحیزبی بکات وکۆتایی بەژیانی سیاسی کۆمەڵێ ھێزو کاراکتەر بێنێ.

٣- بایکۆتی زۆرینەی ھاوڵاتیان لەعێراق وھەرێم پرسیار دەخاتە سەر ڕەوایەتی سیستمی سیاسی باوو نوخبەی دەسەڵاتدار.

ئاماژەیە بە ھەستێکی نائومێدی تێکەڵ بەھوشیاری سیاسی وبۆشاییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی حیزبەکان ونەبوونی ھێزگەلێك جێگەی متمانەی ھاوڵاتیاندا بن بۆئەوەی متمانەیان پێببەخشن ولەڕێی ئەوانەوە ناڕەزاییەکەیان بگۆڕن بە ڕەفتارو ھەڵوێستی سیاسی.

دووەم/ لەسەرئاستی ھەرێم:

لەم ئاستەشدا جگەلە خاڵی ھاوبەشی بایکۆتی پرۆسەکە لەلایەن زۆرینەی دەنگدەرانی ھەرێمەوە، دەتوانین ئاماژە بەچەند خاڵێك بکەین لەوانەش:

١- بەلەرزەکەوتن وپاشەکشەی پێگەی ھێزە دەسەڵاتدارە نەریتیەکان لەناوچە نفوزە مێژوییەکانی خۆیان، واتە دھۆك وسلێمانی. کەبەئاماژەیەکی ئەرێنی دادەنرێت بۆ پرۆسەی دووبارە بیناکردنەوەی ھەرێمێکی یەکگرتوو لەئایندەدا. ھەروەھا ئەمە دەریدەخات، ھێزو دەسەڵات ومێژوو، بێ خۆ نوێکردنەوەو گوێ لەدەنگی ھاوڵاتی گرتن، تاسەر دەستەبەری پارێزگاریکردن لەھەژمونی ھیچ ھێزێك ناکەن. سەرەنجام ھەست بە ناعەدالەتی وبێمنەتی لە ھاوڵاتی بەشێ لەبنکەی حیزبی ودەنگدەری ھێزە دەسەڵاتدارەکانیش دەگرێتەوە. زیادبوونی سەدان ھەزار دەنگدەری نوێش بۆسەرلیستی دەنگدەران وادەکات، دۆخە چەقبەستووەکان تاسەر درێژە نەکێشن. بۆیە دەبێت پارتی ویەکێتی جوان لەپەیامەکە تێگەیشتبن ودەست بە بەخۆیاندا بچنەوەو گۆڕانکاری پێویست بکەن.

٢- دەرنەچونەوەی پۆلێ پاڵێوراوی ھاوشێوە، کەبەوە ناسرابوون لەلێدوانەکانیاندا ڕەچاوی ھەستی نیشتیمانی ونەتەوەیی ھاوڵاتیانی کوردستان وھەرێم لەبەغداوە ناکەن، بەرجەستەی شکست وبێ کەڵکبوونی گوتارێکی دیاریکراو دەکات. دەریشی خست ھاوڵاتیان ھەرچەند لە یەکێتی وپارتی توڕەبن، لەنەستیاندا قبوڵی بریندارکردنی ھەستی نیشتیمانی خۆیان ناکەن، دەرنەچونەوەکەش لەسلێمانی جێی سەرنج بوو. ھەروەھا خستیە ڕوو، سەربەخۆبوون لەئێستای ھەرێمدا، لەھەردوو ئاستی سەلماندن وتوانای دەرچوون قورسە.

٣- بۆ ھاوڵاتیان زۆرتر ڕونبۆوە کە ھەڵبژاردن قۆناغ بەقۆناغ دەتوانێ کاریگەری بەسەر نەخشەی سیاسی وحیزبییەوە دابنێت. گەورەترین شانس ومەترسیش لەسەر سیستمی ھەرێم زۆرینە ناڕازیە بایکۆتکەرەکەیە.

شانسە ئەگەر لەداھاتودا ھەڵوێستی خۆی بەئاقاری بەشداریکردنێکی ئامانجدارانە بگۆڕێت، چونکە دەتوانێت دەستکاری ھاوکێشە چەقبەستووەکەی ئێستای دەسەڵات بکات وسنورێ بۆگەندەڵی سیاسی دابنێت وسیستم ناچار بەنوێبونەوە بکات. مەترسیشە ئەگەر بەتەواوی لەپرۆسەو بەشداری سیاسی وەك کەناڵێکی سروشتی ومەدەنی گۆڕانکاری نائومێد بکرێت وبیەوێت بەجۆرێکی تر ھەڵوێست دەرببڕێت. چونکە بایکۆتی ھوشیارانە تاسەر بەبایکۆتی نامێنێتەوە، ھەربۆیە ئەگەر سیستم خۆی نوێ نەکاتەوەو قەناعەت بەوھاوڵاتیانە نەکات بە بەشداری لەژیانی سیاسی وھەڵبژاردنەکاندا بکەن، لەڕێی گرەنتی پێدانی خاوێنی ھەڵبژاردنەکان وکاریگەریان لە ڕاستکردنەوەی ڕەوتی سیاسی وکۆمەڵگەو مۆدێلی دەسەڵات، دورنیە لەدەرەوەی ڕێساو دامەزراوو بژاردەکانی ئەوەوە، گوزارشت لەخۆی بکات. بالەمە زیاتر درێژی نەکەینەوەو باسی نەوەی نوێ ویەکگرتوو ئیسلامییەکان بەجێبھێڵین بۆ دوو وتاری تر. مەبەستمان لەم قسانەش فەرامۆشکردنی ژانە قورسەکەی دۆخێکی نوێ وئاڵنگاریە جۆراوجۆرە چاوەڕوانکراوەکان نیە، بەڵکو خستنەڕوی ئەگەرێکە لەھەل ومەرجێکی سەختدا.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif