کەلیمەی حەق و کەلیمەی سەواء

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
- بە زمانی قورئان، سیاسەت بریتییە لە کەلیمەی سەواء، نەك لە کەلیمەی حەق. کەلیمەی حەق یوراد بیها باتڵەو هەمووی هەڵیئەگرێ. بەڵام لەبەر حەقەکە خۆی نا، بەڵکو لەبەر شتێکی تر. وەلێ کەلیمەی هاوبەش و سەواء، خۆی حەقەکەیەو بواری پێکەوەژیان و گفتوگۆو کاری پێکەوەییە. کەلیمەی حەق بۆ ویژدان و ئارامی ناوەکی خۆتە، نەك بۆئەوەی بەوی بفرۆشیتەوەو ئاڵۆزیی پێ دروست بکەیت. کەلیمەی سەواء بۆ ئارامی دەرەکییەو بۆ ئەوەیە کە لەگەڵ ئەودا پێکەوەژیانی پێ دروستبکەن و دنیای پێ ئاوەدان بکەنەوە. 

- ئەوروپییەکان لەوێوە پێشکەوتن و دنیای خۆیان دروستکرد، کە لە کەلیمەی حەقەوە پەڕینەوە بۆ کەلیمەی سەواء. تا لە کەلیمەی حەقابوون، هەر خەریکی یەکتر کوشتن بوون. کێشەی عەقڵی سیاسی و زمانی سیاسی ئێمەش هەر ئەوەیەو تا لە (من) و ئیحتکاری کەلیمەی حەقەوە، سەرینەخەین بۆ (ئێمە)و کەلیمەی هاوبەش، نە بەرامبەر دوژمنی دەرەکی، نە بەرامبەر کێشەکانی ناوخۆ، هیچمان پێناکرێ. 

- کێشەکەش ئەوەیە کە، دەسەڵات موعارەزە پارتی دژەپارتی نەتەوەیی دژەقەومیی ئیسلامیی علمانی پەکەکە یەکێتی نەوەی نوێ گۆڕان بایکۆت.. هەمووی هەمان عەقڵیەت و زمانی ناسەوائی هەیە. زمانی ناسەوائیش لەباشترین حاڵدا پاڵەوان و بتێکت بۆ دروستئەکاو ئیتر لە شەڕی ئەم بت و پاڵەوانانەدا دنیاکە کاولئەبێ. بەڵام لە زمانی سەوائدا، مرۆڤەکان لەسەر هاوبەشییەکان کۆئەبنەوەو حەزارەت و نەتەوەو وڵات و دنیاکەی خۆیان دروست ئەکەن.

- ئەی ئەو کەلیمەی حەقە چیە کە گەورەترین جیهادە؟ بێگومان ئەوەیە کە بەرامبەر ستەمکارییە. یەعنی لە دۆخی دیفاعدایەو ستەمەکە هەیە، بۆیە ئەویش هەیە. نەك ئەوەی لە دۆخی هجومدابێ و خۆی بسەپێنێ بەسەر ئەوانیترداو خۆی ببێ بە ستەمکاریی. کە لەڕاستیدا ئەمەیان کەلیمەی دەسەڵاتخوازی و ئایدۆلۆژیایە نەك کەلیمەی حەق!

- ئەو کەلیمەی حەقەی کە لە دۆخی بەرگریدایە، کەلیمەیەکی بێلایەنی نائایدۆلۆژییە. ستەمێکت هەیە کە پێشێلی فیترەت و حەقیقەتی مرۆیی ئینسانەو مرۆڤیش هەر بە حەقیقەت و فیترەتی مرۆیی خۆی قبوڵی ناکاو ڕووبەڕووی ئەبێتەوە. یەعنی ئەوەی کە ستەمەو پێشێلی عەدالەت و کەرامەت و ئازادییە، قەومی و چەپ و ئیسلامی.. هەموویان پێکەوە ڕووبەڕووی ئەبنەوە، چونکە هەموویان مرۆڤن و مەسەلەکە ئینسانییە نەك ئایدۆلۆژیی. 

- ئا لێرەشدا، کەلیمەی حەق ڕاستەقینەیەو ئەبێتە بناغەی کەلیمەی سەوائو کۆکەرەوەی جیاوازییەکان. یەعنی کەلیمەی سەواء پێشێلی حەق نیەو ئەوەنیە کە لاواز موجامەلەی بەهێز بکات لەسەر حسابی حەق. بەڵکو بریتییە لە تەواوزوعی هەمووان لەبەردەم حەقدا، بەبێ گوێدانە مەنتقی هێز. یەعنی هاوبەشی و پێکەوەژیان هەر ئەوەیە کە لەسەر حەق دامەزراوە. بەڵام ئەو حەقەی کە ویژدانییەو خۆی ئامانجە. کە لە هەژاری و دەوڵەمەندی و دینداری و بێدینی و ڕاستی و چەپیدا هەر خۆیەتی. نەك ئەو حەقەی کە ئایدۆلۆژییەو ئەکرێ بە وەسیلەی بەرژەوەندخوازی و دەسەڵاتخوازی و هەرکەس بە مەتری خۆی ئەیپێوێ

- بەڵام ئەو کەلیمەی حەقەی کە لە دۆخی هێرشدایەو ئەیەوێ کۆمەڵگا داگیربکات، ئەمەیان ئایدۆلۆژیایە نەك حەق. ئەمەیان بە مەنتقی هێز ئیش ئەکاو خۆی یەکسان ئەکات بە حەق و بڕوای بەوەنیە کە سەقفێك لەسەرویەوە هەبێ بۆ هەمووان. بەڵکو پێ ی وایە خۆی سەقفەکەیەو ئەبێ باڵبکێشێ بەسەر هەموواندا. ئیتر کۆمەڵگا دابەشی دوو جەبهەی ڕەش و سپی ئەکاو هاوبەشییەك ناهێڵێ و لەپشتی بانگەشەی دژایەتی ستەمکارییەوە، خۆی ئەبێتە خودی ستەمکاریی. تەواوی ئاڕاستە جیاوازەکانی ئێمەش، لەو کەلیمەی حەقە درۆینەیەدان. 

- ئایدۆلۆژیاو حیزب و گروپیش لەوێدا کێشەنین کە تەریبی کەلیمەی حەق ئەڕۆن بەرەو کەلیمەی سەواء. ئەسڵەن مرۆڤایەتی بەمە پێشئەکەوێ و ئەمە باشترین داهێنانی مرۆڤە. بەڵکو لەوێدا کێشەن کە خۆیان لێ ئەبێ بە کەلیمەی حەق و سەواء هەردوکی! 

- ئەگەر بە سێگۆشەیەك شەرحیکەین، کێشەکە ئەوەنیە کە دوو جەمسەرەکەی خوارەوە، هەریەکەو لای خۆیەوە ڕووی لەسەرەوەبێ و هەردوکیان بەرەو باڵایی هەڵکشێن و جەمسەرەکەی سەرەوە سەقف و هاوبەشیی هەردوکیان بێت. بەڵکو کێشەکە ئەوەیە لە بنی سێگۆشەکەدا ڕوویان لەیەكبێ و هەر خەریکی شەڕەشەق بن، لەسەر ئەوەی کە کامیان هەموو سیگۆشەکەیە، یان کامیان بەتەنیا سەردارو سەرەوەی سێگۆشەکەیەو ئەویتر ژێردەست و بنەوە.

- مەسەلەن ئەو زانستخوازەی کە خەریکی شەڕی دینەو ئەو دینخوازەی کە خەریکی شەڕی زانستە. هەردوکیان لە بنی سێگۆشەکەدان. لەکاتێکا لە سەرەوەی سێگۆشەکەدا، ئەو دووانە لە شەڕدانین و عەقڵ و دنیا جێگەی هەردوکیانی تێدا ئەبێتەوەو ئەوەی کە ئەیاندا بە شەڕو یەکێکیان هەڵئەداتە دەرەوە، ئایدۆلۆژیایە نەك عەقڵ.

- یان ئەوەی کە دنیا کورت ئەکاتەوە لە دیدێکی قەومییداو ئەوەش کە دنیا کورت ئەکاتەوە لە دژەکوردایەتیدا. ئەمە هەمان عەقڵەو هیچیان لەوە تێناگەن، کە بەشێکی کێشەی ئێمە، بە ناسیۆنالیزم تەفسیر ئەکرێ و بەشێکیشی، بە تێپەڕاندنی دیدە ناسیۆنالیستییەکان. دەی ئەمە لە عەقڵێکا جێ ی ئەبێتەوە، مەگەر عەقڵەکە خۆی بڕیاری دابێ عەقڵ نەبێ و تەنەکە خۆڵێکی ئایدۆلۆژیی بێت.

- کێشەی سیاسەتی ئێمە، ئەوەنیە کە کێ ئەیباتەوەو کێ ئەیدۆڕێنێ. کێشەکەی ئەوەیە کە خودی سیاسەتەکە هەڵەیەو لەناویدا هەموو دۆڕاوین. هەڵەیە چونکە لەسەر کەلیمەی ناسەواء بنیات نراوە، لەکاتێکا سیاسەت خۆی، بۆ گەیشتنە بە کەلیمەی سەواء. 

مەسەلەن هەمووی توند دەستی بە کەلیمەی ناسەوائی خۆیەوە گرتووەو بەمە بەهێزەو جمهورەکەی خۆی بە ڕقبازیی ڕاگرتووە. ئەگەر تۆزێ شلیکاتەوە بەلای هاوبەشیدا، ئیتر لاوازئەبێ و جمهوری نامێنێ!

- چۆن سیاسەت بکەینە شوێنی کۆبوونەوەی جیاوازەکان لەسەر کەلیمەی سەواء؟ ئەمە پرسیارە گەورەکەیە. نەك ئەو پرسیارە بچوکەی، کە لەناو زەلکاوی سیاسەتی ناسەوائدا، کێ براوەو کێ دۆڕاوە. 

- "حەق و سەواء" هەر یەکن و حەقێتی شتەکە بە سەوائێتییەکەی ئەپێورێ. یەعنی چەنێك ناسەواء بێت، ئەونەش ناحەقە. سەوائێتی شتەکەش بە حەقێتییەکەی ئەپێورێ. یەعنی کە شتەکە ناحەقبوو، ئیتر نابێتە هاوبەشی و ئەگەریش ببێ، ئەوە لە ترساو لەبرسایە، نەك لە ڕەوایەتیدا.

- مەولوی پێغەمبەرو ڤیستیڤاڵی شاجوان و کۆنسێرتی مۆسیقاو زیکری دەروێش و لەچك و تەنوورەو باڕو پەرستگا.. دنیاکە فراوانەو جێگەی هەموویانی تێدا ئەبێتەوە. ئەوە عەقڵەکەیە کە تەسکەو هەر جێگەی یەکێکیانی تێدا ئەبێتەوە. ئەگەر بڕێك بیرمان فراوان بکەین، شتەکانیش ئەکەونە تەنیشتی یەکترو ئیتر ناکەونە سەر شان و ملی یەك و پێ بنێن بە یەکتردا. هەموو ئەمانە وەکو بەشێك لە وێنەکە حەقن. لەوێدا ناحەقن کە سەوائێتیی پێشێل بکەن و ئەوانیتر لە وێنەکە بکەنە دەرەوە.

- کۆمەڵگای پێشکەوتوو، بریتییە لە (منی زیندو، ئێمەی زیندو) هەردوکی. "منی زیندو" تاکی ئازادەو لەناو بوونی ئازادانەی خۆیدا، داهێنانەکان ئەهێنێتە دەرەوە. "ئێمەی زیندو" سیستەم و تەنزیمەو لێرەوە داهێنانەکان ئەبنە بەرهەمی هەمووان. سەیرکە مۆسیقارێك لەناو ئازادیی خۆیداو لەوپەڕی بێ تەنزیمی و پەڕپووتی ژوورەکەیدا، داهێنانێكی مۆسیقیی ئەکات. بەڵام دواتر ئۆرکسترایەك لەوپەڕی تەنزیم و ڕێك و پێکیدا عەزفی ئەکەن و ئەیکەنە بەرهەمێکی جیهانیی. یەعنی ئازادی ڕۆحی تاکەو سیستەم ڕۆحی کۆمەڵ.

- بەڵای تاك نائازادییەو بەڵای کۆمەڵگا فەوزایە. ئایدۆلۆژیا شمولییەکان ئەتوانن تەنزیم بکەن و وا لە ئینسانەکان بکەن، بە یەك شێواز هەڵسن و دانیشن.. بەڵام داهێنان و ڕۆحی ئازادانەی تاك ئەکوژن. ئیتر ئەو "ئێمە"یەی کە لە جەستەی مردوی منەکان پێکهاتووە، ئەبێتە وزەی مەرگ و جەنگەکان. بەڵام ئەو تەنزیم و ئێمەیەی کە لەسەر ئازادی تاکەکان دامەزراوە، ئەبێتە وزەی زانست و هونەرو داهێنان و ژیان. لێرەشەوە دوو سیستەم پەیدا ئەبێت. سیستەمێك کە یەکڕەنگی ئەسەپێنێ و سیستەمێك کە هەمەڕەنگی ئەپارێزێت. یەکەمیان لەسەر پێشێلکردنی حەقی ئینسان دامەزراوەو ئیتر ناسەوائیشە. دووەمیان لەسەر حەقی منەکان دامەزراوە، ئیتر ئەشبێتە ئێمەیەکی تەندروست و سەواء.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق