دەنگدان لە پەنجەرەوە

ليست هناك تعليقات


بەڵێن عزەت میکە

1- لە هەموو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا تا کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی کاتی دەنگدان هەموو حزبەکان بانگەشەی پاکی پرۆسەکە و نەبوونی ساختەکاری دەکەن، بۆئەوەی زۆرترین خەڵک متمانەی بە پرۆسەکە هەبێت و بچن دەنگ بدەن، کە نزیکبووینەوە لە کاتی کۆتاییهاتن و هیوایان بە کاتەکە نەما، ئیتر دەستدەکەن بە بانگەشەکردن بۆئەوەی گوایا ساختەکارییان لێکراوە و دەنگەکانیان دزراوە و زۆر شتی لەم بابەتە، ئەم حاڵەتە هەندێ جار تەنانەت حزبەکانی دەسەڵاتیشی گرتووەتەوە.

2- هەر بە راست رێژەی بەشداریکردنی خەڵک چەندە؟ کۆمسیۆن دەڵێت %62، هەواڵگری بەریتانی دەڵێت%18 و دوایین راپرسیش دەڵێت هەڵبژاردنی پێشوو %80ی خەڵک بەشداربووە، هەموومان دڵنیایین کە هیچ یەک لەو ژمارانە راستیی رەها نین، بەڵام زۆربەمان بە سەیرکردنی وەزعەکە تێدەگەین ئەو رێژەیەی هەواڵگریی بەریتانی کە ماڵپەڕی BBC کاتی خۆی بڵاویکردەوە ئەگەر لە رێژەکەی کۆمسیۆنی دەربکەیت، ژمارەیەک دەردەچێت نزیکە لە واقعەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کەمتر دەبێت لەوەش.

3- دوێنێ هەینی، دامەزراوەی بەیانی عیراقی نوێترین راپرسی خۆی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە %58ی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا دەنگیان داوە، پەشیمانن لەو کاندید و لایەنانەی هەڵیانبژاردوون، ئەمە راستییەک دەردەخات کە هەر دەنگدەرێکی عیراقی لەدوای دووسێ جار لە بەشداریکردنی لە دەنگدان، ئیتر بێهیوا دەبێت لەوەی کە کەسێک ببێتە نوێنەری راستەقینەی و ئاواش بایکۆت لە تەمەنی 30 ساڵییەوە دەستپیدەکات.

4-"بە دەنگەکەت سزای گەندەڵکاران بدە" دروشمێکی جوانە کە هەندێک لە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات زۆر جار دووبارەی دەکەنەوە، هەر بە ڕاست دەنگ قامچییە یان چی؟ ئەوا من دەمەوێت سزای لایەنێک بدەم، ئەی دەنگ بە کێ بدەم؟ ئەوانەی کە خۆیان و دەنگەکەی من و بارەگاکانیشیان دەفرۆشنەوە بەو لایەنەی من ویستومە سزای بدەم؟ دەنگ بەوانە بدەم کە دوای چوونە پەرلەمانیان خۆیان "سەربەخۆ" دەکەن و لە ژێرەوە فیشەی هەواڵگرییان پێوەیە؟....

5- لە پەنجەرەی بنکەیەکی دەنگدانەوە پەتێک شۆڕبووەتەوە و سێ چوار پۆلیسی پێوەیە، چییە مەسەلە؟ وەڵا دەنگدانی تایبەتە... لەبەرئەوەی سەرەکە دورودرێژە و ئەمانیش فریاناکەون بە سەرەگرتن لە سێ چوار شوێن دەنگ بدەن بۆیە هاتوون و ئەیانەوێت لە پەنجەرەکەوە بچنە ژورەوە و زوو دەنگەکە بدەن و روو لە بنکەیەکی تر بکەن، "دەنگدان لە پەنجەرەوە" لەوانەیە هەستێکی خۆش بێت ببینیت شەش حەوت عەقید و عەمید لە سەرەی دەنگداندا وەستابن و تۆش لە پەنجەرەکەوە خۆتی پیاکەیت و دەنگ بدەیت و کەسیش نەڵی بۆ وا ئەکەیت...

6-لە کۆتاییدا بیرتان نەچێ هەڵبژاردن رێگە دیموکراسییەکەی گۆڕینی دەسەڵاتە، پێچەوانەی هەڵبژاردنیش کودەتا و شۆڕش و راپەڕینە، لە هەر حاڵێکادا بێت هەڵبژاردن لەوانیکە سەلامەتترە، بەڵام سەیرێکی دەوروبەرمان بکەن، کام حزبە بە هەڵبژاردن گەیشتووەتە دەسەڵات و کام حزبە ئەویتری هەر بە هەڵبژاردن دوورخستووەتەوە؟ کامانەن ئەو هەڵبژاردنانەی کە گۆرانکاریی ریشەییان لە حوکمڕانییدا دروستکردووە؟

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif