ئاسمانی (سایبەر)مان چۆن ڕێك بخەین؟

ليست هناك تعليقات


دكتۆرە نەزاكەت
-
كە باس لە وشەی «Cyber» دەكەین، ئەم چەمكە پەیوەستە بە كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و ئەو فەزایەی لە پێكەوەگرێدانی ئەم دووانە دروست بووە، یان تەكنەلۆژیای زانیاری و جیهانی گریمانەیی، یان پێكەوەگرێدانی كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە. ئەو پەیوەندییە یان جیهانەی لەمەدا دروست بووە، جیهانێكی گریمانەییە، ئەم جیهانەش كردرای تێدا ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە ئەم چەمكە بەكار دێت وەك پێشگر بۆ ئەو كردارانەی لەو جیهانە گریمانەییەدا ئەنجام دەدرێن، وەك:

« Cyber talk; cyber art،Cyber-communication».

وەك چۆن وشەی Cyber»» بۆ ئەو پەیوەندییە ئینتەرنێتییە بەكاردێت، «Cyber Space»یش بۆ ئەو بۆشاییە، یان ئاسمانە بەكار دێت (ئاسمانی سایبەر) كە لەو وڵاتەدا كۆمینیكەیشن لە ڕێگەی تۆڕەكانی كۆمپیوتەرەوە لە ژێریدا ئەنجام دەدرێت. وەك پسپۆڕێك دەڵێت: «ئێمە ئێستا لەجیهانی بێتەل (Wireless) دەژین. بە كوردی واتە ژیان و ڕەفتارنواندن لە جیهانی گریمانەیی و بۆشایی و بێتەلدا بە هۆی ئینتەرنێت و ئامێرەكانی زانیاری و پەیوەندیكردنەوە.

ئەم ئاسمانە كە دروست بوو، ڕاستە یەك پارچەییەكی جیهانی هەیە، چونكە تەكنەلۆژیا بە شێوەیەكی یەكسان بە سەر جیهاندا دابەش كراوە، ئەو بۆشاییەی كە بە ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا و زانیاری و داتا و زانیاری و تۆڕی كۆمپیوتەر و مرۆڤەكان پڕ بووەتەوە. ئەو ژینگەیەی كە جگە لە سوودە زانستی و ئابووری و سیاسییەكانی كە ئەمڕۆ بە هێزی چوارەم و بە هێزی سایبەر ناو دەبردرێت.

كاتێك باسی ڕێكخستنی ئەم ئاسمانە دەكرێت، ڕاستە ئاسمانێكی جیهانیی بێ سنوورە، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵی و ڕێكار بۆ ڕێكخستنی ئەوەندەی خودییە، جیهانی نییە، واتە وڵاتەكان دەبێت خۆیان ڕێكی بخەن، جگە لە هەندێك بابەت نەبێت، كە پەیوەستە بە مەسەلەی تیرۆریزم و بابەتی ڕێگەپێنەدراوی جیهانی. ڕێكخستنی هەر ژینگەیەكیش گەڕانەوەیە بۆ ئەو ژینگەیە، بزانین كێ یان چی پێكهینەری ئەو ژینگەیەن. لەم ژینگەیەدا مرۆڤ كارەكتەری سەركی و ئامێریش ئامرازی بەكارهاتوو و داتا و زانیارییەكانیش بەرهەم و بەكارهێنراوی دەستی مرۆڤەكانن. كەواتە ڕەگەزە پێكهێنەرەكانی ئەم ژینگەیە كە «مرۆڤ + تەكنیك›ئامێر› + داتا و زانیاری»،ـن، دەبێت هەر سێ ڕێكاری یاسایی و تەكنیكی و بەربەست ‹فلتەر› بگرینە بەر. بۆچی؟ چونكە:

یەكەم: یاسا: مرۆڤ لە هەر جێگایەك بووبێت، بێ یاسا نەیتوانیوە سەلامەت بژی و مرۆڤەكانی دەوروبەریشی سەلامەت بن لێی. یاسا لە بەر وجوودی مرۆڤ هاتووەتە ئاراوە، چ لە یاسا ئاسمانییەكان كە لەلایەن خوداوە هاتوون، چ یاسا زەمینییەكان كە دانراوی دەستی مرۆڤن. چونكە مرۆڤ لە هەر شوێنێك هەبوو، ڕەفتار دەكات، ڕەفتاریش هەردوو ڕووی باش و خراپی هەیە، مرۆڤیش كائینێكە لە ‹خێر و شەڕ› پێكهاتووە، مامەڵە دەكات بە چەكێكەوە كە ‹زانیارییە›، مامەڵەش بە زانیاری ئەگەر لە سەر بنەمایەكی ئیتكی ئەخلاقی نەبێت، مەترسیدارە، ڕەنگە ڕێكخستنی ئەمەش قورستر بێت لە ڕێكخستن و دانانی یاسا بۆ بوارەكانی دیكە، چونكە باسێك دێتە پێشەوە كە ئەویش باسی ‹ئازادیی ڕادەربڕینە› و دەبێت بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

بە بێ دانانی یاسا و بوونی سزا بۆ تاكەكان كە چۆن ڕەفتار دەكەن، هەروەها بە یاساش دەسەڵاتەكانی حكومەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ژینگەیە و بەكارهێنان و مامەڵەكردن بە ئامێر و زانیارییەكانەوە لە كوێدا دەتوانێت ڕێگر بێت و، لە كوێدا مافیەتی مامەڵەی پێوە بكات. زەحمەتە مرۆڤەكان سەلامەت بن. چونكە لەگەڵ بوونی ئەم ژینگەیە ئێستا تاوانەكانی ناو ئەم ژینگەیە و كردەی مرۆڤ بەردەوام شێواز و فۆرمی نوێی هێناوەتە ئاراوە، هەر لە نموونەی ئەو دەستەواژانەی بۆ تاوانەكانی ناو ئەم جیهانە بەكارهاتوون، وەك چەمكەكانی: «Cyber Crime Cyber Violence، Cyber Cheating« كە ئاماژەن بۆ تاوان و توندوتیژی و دزی لە ناو جیهانی سایبەردا. لە بەرامبەریشدا دەستەواژەكانی وەك: «Cyber Security،cyber Security safety، digital security، safety» هاتەئاراوە بۆ پاراستنی وڵات و مرۆڤەكان لە مەترسییەكانی ئەم بۆشاییە، یان ئەم جیهانە گریمانەییە. وەك لە سەرەوە ئاماژەمان پێ كرد، جیهانی ‹وایەرلێس› ئەو جیهانەیە كە هەموومان دەتوانین تیێدا پەیوەندی دروست بكەین، بەڵام پەیوەندییەكان جیاوازن لەو پەیوەندییە هاوڕێیەتی و دراوسێیەتی، پیشەیی و خزمایەتیەی كە هەمانبوو لە جیهانی واقیعدا، پەیوەندیبەكانی ناو جیهانی ‹وایەرلێس› لە سەر هیچ كام لەم بنەمایانە نییە، لە كاتێكدا هەموو پەیوەندییەكی خزمایەتی و پیشەیی و هاوڕێیەتی و دراوسێیەتی و...تاد، بە یاسای ئاسمانی و زەمینی ڕێكخراون، كەواتە دەبێت ئەم پەیوەندییە (وایەرلێس)ـەش بە یاسا ڕێكبخرێت. بەڵام زۆرێك لە وڵاتان لەگەڵ ڕێگەدان بە مامەڵەكردنی تاك بەم ئامێرانەوە، رێگەیان داوە بە خۆیان حكومەت لە كاتی پێویستدا تەداخول بكات، بۆ نموونە توركیا، ئێران، بەنگلادیش، ڤیەتنام، كە لە كاتی گرژی و خۆپیشاندان و ترس لە تەقینەوەكانی ناوخۆی وڵات، ڕێگەیان بە خۆیان داوە، ئەو ئامرازانەی سۆشیاڵ میدیا وەك فەیسبووك و تویتەر و یوتیوب، ئینستاگرام بۆ ماوەیەك ڕابگرن. لە هەمان كاتدا وڵات دەتوانێت هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ›Internet Providre ‹ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە وڵاتدا بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە كۆد، یان هەر ڕێگەیەكی دی ڕێگری بكات لەو مەترسییانە بەهۆی ئەم ژینگەیەوە تووشی وڵات دەبێت.

رێكاری دووەم، ڕێكاری تەكنیكی:

ئەمەش لەسەر ئاستی كەسی و حكوومییش دەكرێت، هەندێك وڵاتی وەك چین و ڕووسیا، لەگەڵ كۆمپانیاكانی خزمەتگوزرایی ئینتەرنێت ڕێككەوتوون كە «Backdoor»یان هەبێت، كە بە مانای ئەو سیستمە دێت كە ڕێگە دەدات بە گەیشتن و چاودێریكردنی داتا و زانیارییەكان لە سیستمی ئینتەرنێت و كۆمپیوتەر، تاكو لەوێوە چاودێریی ئەو مامەڵەیەی هاووڵاتیان بكەن، كە چۆن لەگەڵ زانیاری و مەعلوماتەكانی ناو تۆڕی ئینتەرنێت و ئامرازەكانی سۆشیاڵ میدیا ڕەفتار دەكەن. ئەمانە و چەندین ڕێكاری دیكە تەكنیكی هەن كە وڵاتان دەتوانن بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بیكەن. لەسەر ئاستی كەسیش، هەموو فۆرمێك، یان ئامێرێكی تەكنەلۆژیای زانیاری و سۆشیاڵ میدیا بەشێكی هەیە كە پێی دەوترێت › Account Restriction› كە بە چەندین جۆر ماف دەدات بە كەسەكان كە پێگەكەیان یان ئامێر و ئەژمارەكەیان بپارێزن، هەر لەوێوە بیگرە كە كێ دەكەنە هاوڕێی خۆیان لەو جیهانەدا، تاكو سنوورداركردن و ڕێگریكردن لە كۆمێنت و نامە و لایكی پەیجەكانیان، كە ئەمە دەبێت بە خول و ڕاهێنان و وانە خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن لە سەرەتاییەوە تا زانكۆ فێری خوێندكاران بكرێت.

ڕێكاری سێیەم، فلتەر و پاڵاوتن:

مەسەلەی فلتەركردنیش هەر بەشێكە لە ڕێكاری تەكنیكی، بەڵام زیاتر ناوەرۆكەكەیە كە ڕێگری دەكات لە هەندێك وشە و دەستەواژە و بیرۆكە كە بە گوێرەی یاسای ئەو وڵاتە تاوانن، یان هۆكارن بۆ تاوان، بۆ نموونە هەندێك وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ڕێككەوتوون كە بە هەندێك كۆد، یان ڕێكاری ڕێگری، ڕێگری بكەن لە گەیشتنی هەندێك زانیاری بە بەكاربەرانی سۆشیاڵ میدیا و تەكنەلۆژیای زانیاری كە لە ڕووی ئایینی ئیسلامەوە ڕێگەپێدراو نین، بەڵام لەمەشدا زۆر دەبێت ئاگاداری ‹ئازادیی ڕادەربرین› بین، ئەگەرچی مەسەلەی لیبڕاڵی و لیبڕاڵ دیموكراسی بە سەرهەڵدانی سۆشیاڵ میدیا و ئاسمانی سایبەر› مشتومڕ و گفتۆگۆی هێناوەتە ئاراوە، تەنانەت لە وڵاتانی پێشكەوتووش، كە ئایا هەمان ئەوەی پەیڕەو كرا بۆ ڕاگەیاندنە كۆنەكانی وەك ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، ئاواش بنەماكانی لیبڕاڵی پەیرەو بكرێت لە جیهانی سۆشیاڵ میدیا؟ لە كاتێكدا ڕەفتار لەم دوو جیهانەدا لەم دوو فۆڕمە میدیا و زانیارییەدا جیاوازە، جیهانی گریمانەیی و سایبەر مرۆڤ بە شاراوەیی و بە چەندین دەموچاو و دەموچاوی نادیارەوە دەتوانێت، ڕەفتار بكات. بۆیە گرتنەبەری هەندێك ڕێكاری وەك ‹Filter Specific Words and Phrases ‹ واتە فلتەركردن و پاڵاوتنی هەندێك دەستەواژە و وشە، ئەمەش یاسا و پێداویستیی ئەو كۆمەڵگەیە دەریدەخات كامە وشە و كامە دەستەواژە بلۆك دەكات، یان ڕێگری لێ دەكات، لەمەشدا هەر بە هەماهەنگیی كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزرای ئینتەرنێت دەبێت، بەمەش دەتوانین ژینگەیەكی سەلامەت و ئارام لە ‹جیهانی سایبەردا› فەراهەم بكەین، بە گرتنەبەری هەر ئەو سێ ڕێگەیەی یاسایی و تەكنیكی و فلتەركردن. ئەوكات بەمە لە ژێر ئەو ئاسمانە سایبەرەدا چەترێكی پارێزگاری بۆ وڵات و تاكەكان دروست دەكەین و، دەشتوانین ئەم ئامێرە و ئەم جیهانە چۆن بمانەوێت بۆ دژی دوژمنەكانمان بەكاری بهێنین.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق