غەنوشی یان هەیبەتوڵا : ڕۆژئاوا هەڵەکانی دوبارەدەکاتەوە !

ليست هناك تعليقات

عادل باخەوان

لە دیدارێکی درێژم لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیدا، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە، دە هەزار کارەکتەرە، بە وردی گەڕاومەتەوە سەر هەڵەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەو کارەساتە گەورەیەی کە چاوەڕوانی ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاستدەکات و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورتەکەی بخەمە بەردەست خوێنەران.

1. پاش بیست ساڵ لە کارەساتی ١١ی سێپتەمبەر، پاش خەرجکردنی دوو هەزار ملیار دۆلار، ئێمە لەبەردەم دوو فاکتداین، یەکەمیان بریتیە لە گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات و دووهەمیشیان بریتیە لە دروخستنەوەی نەهزە لە دەسەڵات.

2. بزوتنەوەی تالیبان، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردودا هەموو کەرەسەکانی تیرۆریزمی وەک چەکی ملاملانێ لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا بەگشتی و ئەمەریکادا بەتایبەتی بەکارهێناوە و هەروەها ڕۆژئاوا هەموو تواناکانی خستوەتە کار بۆ ئەوەی لە بیست ساڵی ڕابوردودا ئێمە قەناعەت پێبکات کە تالیبان هیچ نیە بزوتنەوەیەکی تیرۆریست نەبێت.

3. بزوتنەوەی نەهزە لە تونس، لە ٢٠١١ وە لە تونسدا ئامادەیە و بە گۆشت و ئێسقانەوە تێکەڵ بە کێلگەی سیاسی بووە و بەشداری هەموو پرۆسێسە دێمۆکراتیەکانی کردوە. ڕاستە نەهزە بزوتنەوەیەکی موحافزکارە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەوروپا لێوانڵوە لە بزوتنەوەی موحافزکاری مەسیحی و هەموشیان دانیانپیادانراوە و لە چەندین وڵاتیش دەسەلاتیان گرتوەتە دەست و وەک دیاردەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

4. بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، نەهزە کەسێکی نەکوشتوە، کەسێکی زیندان نەکردوە، کەسێکی بە بارمتە نەگرتوە، کەسێکی نەفڕاندوە، سەری کەسێکی نەبڕیوە و ئەورپیەکیان نەکوشتوە، بەڵام تالیبان هەموو ئەوانەیان کردوە وسەدان ئەمەریکیان کوشتوە. نەهزە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانی گرتە بەر، بەڵام تالیبان ڕێگای چەک.

5. لەنێوان ئەم دوو مۆدێلەدا، نەک هەر لە تونس و ئەفغانستان، بەڵکو لە چەندین وڵاتی وەک میسر و لیبیا و وردە وردەش سوریای ئەسەد، ڕۆژئاوا بڕیاری خۆی داوە : تالیبان لەبری نەهزە، هەیبەتوڵا لەبری غەنوشی، جیهاد لەبری دێمۆکراسی !

6. من پێموایە لەسەر ئاستی دوورە مەودا، ڕۆژئاوا هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی دەکات، هەڵەیەک کە دواتر نەک هەر بەتەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو تەواوی جیهان بە ڕۆژئاواشەوە، باجەکەی زۆر زۆر بە قورسی و بەگرانی دەدات.

7. لەڕێگای ئەم ستراتیژیەتە هەڵەیەوە، ڕۆژئاوا بە ناڕاستەوخۆ، بەو سەدان ملیۆن ڕۆژهەڵاتیە دەڵێت : بۆ ئەوەی بونی خۆتان بسلەمێنن، بۆ ئەوەی ببینرێن، بۆ ئەوەی گوێتان لێبگیرێت، بۆ ئەوەی لە نێو مێژوودا پێگەیەکتان هەبێت، دێمۆکراسی باشترین بژاردە نیە، مۆدێلی غەنووشی باشترین مۆدێل نیە، بەڵکو باشترین بژاردە جیهادە و مۆدێلی هەیبەتوڵا باشترین مۆدێلە.

8. واتە ڕۆژئاوا بەناڕاستەوخۆ، هانی نەوەی نوێی ئێمە دەدات بۆ گرتنە بەری ڕێگای زەبرودەنگی ڕادیکاڵ وەک تاکە بژاردەی ئامادە بۆ بوون و هەبوون لە نێو مێژووی بەشەریەتدا. بۆیە هەروەک بەڕۆژنامەی لۆمۆندم گوت : با هیچ گومانمان لەوەنەبێت کە لە سبەینێیەکی نزیکدا، چەندین ١١ ی سێپتەمبەری دیکە لە پاریس و لەندەن و بەریلین و واشنتۆن و بەغداد و هەولێر و قاهیرە ببینین.

9. بەداخەوەم بیست ساڵ دوای ١١ی سێپتەمبەر، ئێمە هیچ وانەیەکی گرنگمان وەرنەگرت، بەداخەوە سبەینێ لە دوێنێ جوانتر نابێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif