سەردەمی سەرشۆڕی

ليست هناك تعليقات


 سلێمان عبدللە یونس

ماوەکانی ڕابردو جوتیارە نمونەییەکەی ھەڵەبجە لەتوێژینەوەیەکدا دەریخست ئیدی گوڵەبەڕۆژەش پێویستی بەسەرشۆڕی و خۆچەماندن و خەوتن و بێ ئاگاییە، دەریخست ئیدی گوڵەبەڕۆژەش دەبێت دەسبەرداری خۆر ببێت و پاکانە لەسروشتی ساڵەھای ڕابردوی خودایی خۆی بکات و خۆی ڕادەستی سروشێکی داسەپاوی مرۆیی نوێ بکات بۆئەوەی قەڵەو قەبەبێت.

بۆمن ئەوەی جوتیارە نمونەییەکە کردی ڕەنگە داھێنان نیە بەڵکو گواستنەوەی ئەزمونی 30 ساڵەی ملکەچی و خۆچەماندن و خۆگەوجاندن و خۆخەواندنی مرۆڤی کوردە لە قوتابخانەی حزبی کوردیدا، موتوربەکردنی حەقیقەتی ڕاستەقینەی ئەزمونی نیمچەسەربەخۆی خەڵکی ھەرێمێکە لەخواستی سەربەخۆییەوە بۆ خواستە بچوکەکان کە بەجەستە ھەر قەڵەوی دەکات و بەئیرادەش لاوز و لەڕ. 

ڕاستە سەردەمی ملکەچی و سەرشۆڕییە بەڵام خودا بەسروشت سەرێکی بڵندی پێداوین بۆچی بەسەردانەواندن ڕازی بین، لەوەش ڕونتر خودا داوای لەفریشتەکان کرد کڕنۆش بۆ ئادەم بەرن بەڵام داوای لە ئادەم و نەوەکانی کرد تەنھا کڕۆنۆش بۆخۆی بەرن!

لەنێوان گوڵەبەڕۆژەیەکی گەردنی بەرزی ڕو لەخۆر و گوڵەبەڕۆژەیەکی سەرشۆڕی قەبە و قەڵەودا تۆ ئازادی کامیان ھەڵدەبژێرێت بەڵام ھیوادارام جوتیارە نمونەییەکە نیگەران نەبێت من بۆخۆم گوڵەبەڕۆژەیەکی گەردن زراڤی بەسروشت ڕولەخۆر ناگۆڕمەوە بە گوڵەبەڕۆژەیەکی قەبە و قەڵەو و ملکەچ.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif