بۆ پێشەوە بەرەو مێژوو

ليست هناك تعليقات

فارس نەورۆڵی


کاتێک ئینگلیزەکان لە ساڵى ١٩١٧ دەگەنە کەرکوک، سوپای عوسمانی هەڵدێن و ناوچەکە بە جێدەهێڵن. لەو کاتەدا شێخ مەحمود نامەیەک بۆ ئینگلیزەکان دەنوسێت و داوای پشتگیرییان بۆ کورد لێدەکات. یوڵسن حاکمی سیاسی بەریتانیا لە عێراق بەم نامەیەی شێخ مەحمود دڵخۆش بووه‌، بۆیە لە ساڵى ١٩١٨ داوای لە مەیجەر نۆئێل کردووه‌، بە نوێنەرایەتی بەریتانیا بچێتە سلێمانی و ئیدارەیەکیان بە دڵی خۆیان بۆ دروستبکەن.

بەریتانیيەکان دەستیان بەسەر ویلایەتی موسڵ و بەسرەدا گرت. دوای سێ ساڵ کێشە لەو دوو ویلایەتە دروست دەبێت. بۆ چارەسەری دۆخەکە، ونیستۆن چەرچڵ لە ساڵى ١٩٢١ فەرماندە سەربازییەکان و مەندوبی سامی لە عێراق بانگ دەکات، بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەک لە قاهیرە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە، لێرەوە نەخشەیەکی نوێ بۆ سەرەتای مێژوویەکی نوێ لە ناوچەکە دەکێشرێت. بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتێکی نوێ بە ناوی عێراقە وە دەدرێت ، به‌ بێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕای کورد . بۆیە کورد لە نەخشە نوێیەکەدا لە دەرەوەی مێژوودا مایەوە، چونکە هەر نەتەوەیەک دەوڵەتی نەبوو، یاخود هەرێمێکی دانپێدانراوی نەبوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەوا لە دەرەوەی مێژوو دەمێنێتەوە.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە بەریتانیا سەرەتا زۆر دڵخۆشبوون بە نامەکەی شێخ مەحمود و بڕیاریدا ئیدارەیەک بە دڵی کورد له‌ناوچه‌كه‌دا دروستبکرێت، بۆچی دواتر پەشیمان بونەوە؟ ئەمە هەڵەی کورد بوو یاخود بەریتانیا؟ لێرەدا لەبەر ئاشوبی حەشامات قسە لەسەر ئەوە ناکەم هەڵە لە بیرکردنەوەی شێخ مەحموددا بوو، یاخود چاوچنۆکی سیاسيی ئینگلیزەکان بوو، ئەوە بە جێدەهێڵم بۆ توێژەران و مێژوونووسان، به‌ڵام ئێستا دوای (١٠٤) ساڵ ئێمە لە کوێین؟ لە چ دۆخێکداین؟ سەرەڕای ئەوەی ئێمە حکومەت و پەرلەمانمان هەیە، بەڵام سەیری دۆخی سیاسی ناوچەکە بکەین بەریەککەوتنی پرۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیيەکان سەرەتایەک نیشاندەدەن کە لە ڕێی دبلۆماسیيەتی نهێنییەوە خاوەن پرۆژە گەورەکان سەرقاڵی داڕشتنەوەی جوگرافیایەکی نوێ و مێژوویەکی نوێن لە ناوچەکەدا. ئەم قۆناغە بۆ کورد زۆر هەستیارە وەک نەشتەرگەری مێشک وایە، کە بچوکترین هەڵەی پزیشکەکە نەخۆشەکە دەکوژێت. بۆیە کورد حەکیمێکی دبلۆماسی پێویستە کە بزانێت ورد تۆڕی پەیوەندییەکان بچنێت و بەوریایی یاری بکات، چونکە ئێستا فەزایەک بۆ کورد هەیە بۆ جوڵەی دبلۆماسی، باوەڕم وایە سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)، ئەو حەکیمەیە کە بتوانێ لەم کێشمەکێشەدا کورد بەسەرکەوتوويی دەرباز بکات.

بە گەڕانەوە بۆ بيرى هانا ئارێنت، سەرۆک نێچیرڤان لەسەر چەمکی دیالۆگ و گفتوگۆ کاردەکات و پێشی وایە، هێزی بیرکردنەوەی ئێمە تەنیا لە گۆڕەپانی گفتوگۆدا دەتوانێت دەربکەوێت. بەریتانیا چۆن له‌ دوێنێدا کاریگەربووە، ئه‌وا لە ئەمڕۆشدا کاریگەريی خۆی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەیە. بۆیە بۆ کورد پێویستە پەیوە ندییە کانی لەتەک بەریتانیا بگەیەنێتە ئاستی دڵنیای دولایەنە ئەمەش پێویستی یەکڕیزيی و هاوهەڵوێستی ناوخۆیی هەیەکەئێستا لە هەمووکات پێویسترە. خۆ ئەگەر یەکڕیز نەبین وهۆشمەندانە پاڵپشتی جوڵە دیبلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێم نەکەین، ئەوا وەک سیزیف ماندووبوون له‌سه‌ر بەردەکە دوبارە دەکەینەوە ولەدەرەوەی مێژوو گیردەخۆین.

کەواتە هۆشمەنديی کورد خۆی ئایندەی خۆی دیاریدەکات. تۆماس فریدمان ڕوودەکاتە کورد و دەڵێ: (پشتێنەکانتان توند ببەستن هەوراز و نشێوی زۆر لە ڕێدایە) لەم هەلومەرجەدا و لەم ساتەوەختەدا لە تەک نزیکبوونەوەی کۆتایهێنانی ململانێی ستراتیجی و نێودەوڵەتيى، گرنگترین ڕەگەزەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سامانی ژێر زەوی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕە. ئێستا دوای ١٠٤ ساڵ گفتوگۆیەکی جدی لە نێوان کورد و بەریتانیا، خۆی مانیفێست دەکات، لە سەردەمێکدایە ناوچەکە ژان بە لە دایکبونێکی نوێوە دەگرێت، سەرکەوتن لە کارێکی ئاوا گەورەدا بیرکردنەوەی گەورەی دەوێت، نیچە دەڵێ: (ئەنجامدانی کارە گەورەکان گرانە، لەوەش گرانتر ڕابەرایەتیکردنی کارە گەورەکان). ئێستا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە بەریتانیایە و لە بەرزترین ئاستی ئەو دەوڵەتە گەورەيه‌دا پێشوازی لێکراوە. ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلی کوردستان کە بتوانێت بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی بەریتانیا لە تەک بەرژەوەندیيەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخات، کە پێموایە سەرۆک نێچیرڤان دەوڵەتمەداری ئەو ئەرکە قورسەیە. ئەوەی گرنگە بۆ ئەو سەرکەوتنە کۆی پێکهاتەکانی کوردستان دوور لە ڕق و ئایدیۆلۆژیا و ئیرەیی سیاسی، هەموومان بڵێین پێکەوە بۆ پێشەوە بەرەو مێژوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق