مەترسیەکانی پشت پلانگێڕیەکەی ٨ی تەمووز!

ليست هناك تعليقات

 کاروان عەلی شامار
-
دوای زیاتر لە مانگێک بەسەر پلانگێڕی ٨ی تەمووزدا، وردە وردە کاردانەوەکان لەدژی پیلانگێڕیەکە دەردەکەون، خەریکە بەرچاوی یەکێتیەکان روناک بوەتەوە لەوەی کەهەڵسەنگاندنێک بۆ پیلانگێڕیەکە بکەن و زیانەکانی بژمێرن. ئێستا دەتوانین بڵێین دۆخی سیاسی یەکێتیی رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپ بوون دەڕوات و تارماییەک بەسەر مێژوی ئەم هێزەدا باڵی کێشاوە، بەجۆرێک کە نەیارانیش خۆزگەی پێ ناخوازن، ئەم حزبە گەرچی سوڵتەیە، بەڵام جەماوەر بەجۆرێک لێی تەکیونەتەوە کەمێژوی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکێتیەکانی خستوەتە مەترسیەوە. دابڕانێک لەنێوان پیلانگێڕەکان و جەماوەردا دروستبوە لەمێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبووە. یەکێتی لەرابردوودا ھێزێکی گەورەو یەکلاکەرەوە بوو، ھەرچی ململانێکان بوون لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفە چێ کرابوو، ئەم فاکتەش یەکێتیی کردبوو بە نمرە یەک و بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەکردندا بوو، جیاواز لە حیزبە سیاسیەکانی تر نموونەیەکی جوان و پرشنگداری پێشکەش دەکرد، وەلێ ھەنوکە ململانێکان لە پێناوی دەسەڵات و پارەدایە، بۆیە گەر دۆخی (ی ن ک)، بەمجۆرە بەردەوام بێ و پەنا نەبرێتە بەر ڕێگەچارەیەکی خێراو ژیرانە، ئەوا دور نییە ئەو حزبە لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گورزێکی گەورە و کوشندەی ەوێ و لەلێواری شکست ھەڵوەرین نزیک بێتەوە، ئەمە فاڵگرتنەوە نیە، بەڵکو واقعێکە کە دێتەدی. لێرەدا بە چەند خاڵێک باس لەو مەترسیانە دەکەین کە لە دوای ٨ی تەموزەوە رووبەرووی خەڵکی سلێمانی و یەکێتی و کادیرانی حزبەکە بونەتەوە:

١. لە دوای ٨ی تەمووزەوە، خەڵکی سلێمانی لەژێر فشار و ھەرەشەی حوکمی سەربازیدایەو لە نا ئارامیدا ژیان بەڕێدەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و جوڵەی بازار و ژیانی کاسپکاران رووبەڕووی ھەڕەشەی جدی بونەتەوە.

٢. ئازادی ڕادەڕبرین سنوردارکراوەو لەھەندێک لە دامودەزگاکاندا ژوری ھەواڵگری تایبەت دروست کراوە بۆ ناسینەوەو لێپرسینەوەو سزادانی ئەو کەسانەی کە دڵخوازی عەرابەکانی پلانگێڕییەکە نین و تەسلیم بە ئیرادەیان نابن.

٣. رەشبگیری و ھەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵکی و دەرکردن و بڕینی قوتی دڵسۆزانی مام، ئەمە سەرباری کۆچی پەیتا پەیتای گەنجان لە شارە جیاوازەکانی ھەرێم و بەتایبەت زۆنی سەوز بۆ ھەندەران کە بەرێژەکی بەرچاو زیادی کردووە.

٤. ھێنان و بڵاوکردنەوەی ھێزێکی زۆری ھەواڵگری و سەربازی لە نەیارانی یەکێتیی بە نێو شاری سلێمانیدا لەم ماوەیەشدا جموجۆڵی ئەم ھێزانە زیادیان کردوە و لە ھەوڵی تیرۆر و دەست بەسەراگرتنی ئەو فیگەرانەن کە بەمەترسی و نەیاری خۆیانی دەزانن.

٥. ھەوڵدان بۆ دروستکردن و داتاشینی کەیسی بێ بنەماو جۆراو جۆر بۆ تەسفیەکردنی تێکۆشەران و یەکێتیی راستەقینەکان لە شاری سلێمانی.

٦. ھێزە ئیقلیمیەکانیش لە ھەوڵدان چەندین بنکەو بارەگای سەربازی ھاوشێوەی ھەولێر و دھۆک لە شاری سلێمانی بکەنەوە، بۆ کپکردن و تەسفیەکردنی بەرخودان و خەباتی کوردانی پارچەکانی تر کە پێشتر سلێمانی وەک پەناگەو سەرمەشقی خەباتی رزگاریخوازیان بووە، لە کاتێکدا لە ماوەکانی رابردوودا ھەرگیز جورئەتی ئەو کارەیان نەبووە.

٧. دابرینی ماڵی مام جەلال لە جەماوەر و بەشێک لە خەڵکانی دڵسۆزی یەکێتیی و دەرەوەی یەکێتیی لەوانەش (ئازادیخوان و رۆشنبیران و نوسەران و گەنجان و لاوان و وڵاتپارێزان و... ھتر).

٨. ھێنانە پێشەوەی مۆدیلێکی نوێی سیاسی (کودەتا)، کە ھیچ کات لەگەڵ پایەکانی دیموکراتیدا ناگونجێ و تەنھا لە وڵاتە دواکەوتوو دیکتاتۆرەکاندا رەواجی ھەیە.

٩. شێواندنی مێژووی سیاسی حیزبی شەھیدان و دروست کردنی خەوش و نەنگی لەسەر چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال.

١٠. بەردەوامی ئەم پلانگرییە دەبێتە ھۆی لەناوبردنی ھێلی نەتەوەیی و مێژوویی، کە لە سلێمانیەوە سەری ھەڵداوە و پاشان بۆ شارەکانی تر گواستراوەتەوە.

١١. پاشەکشەی شاری سلێمانی لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کلتوری و رۆشنبیریەوە، پێشتر ئەو پارێزگایە سەرمەشق و نمونەیەکی جوانی خانەخوێی کوردانی ھەرچوار پارچە بووە لەسەر ئاستی ھەرێم و ئیقلیمیدا.

١٢. پاشەکشەی جەماوەری یەکێتی و شەرعیەتدان بە بەردەوامی لاسەنگی ھێز و رێخۆشکردن بۆ دروستبوونی تاک حیزبی دەسەڵاتدارو دیکتاتۆر لە ناوچەکەدا.

١٣. شەرعیەتدان بە قاچاخچێتی و ھێنانی شمەک و کاڵای بەسەرچوو لەرێگەی دەروازە سنورییەکان چەن ھێندە زیادی کردوە بەتایبەت لە دوای ناردنی ھێز بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان. خولاصە، هەموو ئەم خاڵانەی خرانەروو بەشێکن لەو مەترسیانەی دوای ٨ تەمووز، کە ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێ و کۆتاییان پێ نەهێندرێت، نە یەکێتیی وەک حزب و نە سلێمانیش وەک پارێزگا شکۆیان دەمێنێت، وە هیچ شتێکیش نامێنێت کە یەکێتییەکان و هاوڵاتیان لەم سنورەدا شانازیی پێوە بکەن

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif