ڕەوشی قوتابخانەکانی هەرێم لە کابینەی نۆیەم

ليست هناك تعليقات


هەرێمی کوردستان پێویستی بە ( 3هەزار) بینای قوتابخانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی كێشەو شێوازی دەوامی قوتابیان لە قوتابخانەکاندا. بەڵام حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا بەهاوکاری خێرخوازان و وەبەرهێنەران و ڕێکخراوەکان تەنیا (43) بینای قوتابخانەو باخچەی منداڵان دروست كردووەوبە ڕێژەی (%1.4) کێشەی بینا چارەسەر دەکات.

(هەزارو 458) قوتابخانەی لە هەرێمی کوردستان پێویست بووە لە کابینەی نۆیەمدا نۆژەن بکرێنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم (271) قوتابخانە و ڕێکخراوو خێرخوازان (176) قوتابخانەیان نۆژەنکردووەتەوە بە ڕێژەی (%37)، (981) قوتابخانە و بە ڕێژەی (%67)ی دەمێنێت نۆژەنبکرێتەوە.

بینای قوتابخانەکان
بینای قوتابخانەکان وەک بەشێک لە ژینگەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، ژینگەیەکی نالەبارە و گونجاو نییە بۆ خوێندن و لەگەڵ سیستمی نوێی خوێندن یەکناگرێتەوە، سەرباری ئەوەی لە قوتابخانەکان گرفتی بنەڕەتییەکانی (ئاو و دەستشۆر و ئامێرەکانی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە و کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری خوێندکار لە پۆلێک و مێز و ڕەحلە و پاک و خاوێنی و کارەباو هۆکارەکانی هاتوو چۆ و نەبوونی باخچە و فرۆشگاو...هتد)ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکان کۆن و داڕزاون و بە کەڵکی خوێندن نایەن و هەندێکیشیان مەترسی ڕوخانیان لێدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی ئەو بینایانەی تازە دروستدەکرێن بە هۆی نەبوونی چاودێری پێویست و گەندەڵییەوە هەست بە کەموکورتی زۆر دەکرێت تێدایاندا بە جۆرێک لەگەڵ قوتابخانەو ژینگەی مۆدێرندا ناگونجێن و زۆرجار بە بێ هۆڵی وەرزشی و تاقیگەو کۆمپیوتەر و کتێبخانە دروستدەکرێن، یان دروستدەکرێن و وەک پۆل سوردیان لێ وەردەگیرێت.
ئەمە سەرەڕای بوونی دوو دەومی و سێ دەوامی و هەڵبژاردنی شوێنی دروستکردنی قوتابخانە لە ژینگەو ناوچەی جوگرافی نەگونجاوو نازانستی وەکو شوێنی گشتی و ناوبازاڕو سەرشەقامی گشتی ...هتد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕوانگەی پەی) لە بارەی (هەڵسەنگاندنی ڕوشی پەروەردە لە کابینەی هەشتەمدا 2014-2018) کە لە ساڵی (2019) بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە نوژەنکردنەوەیە، تەنانەت لە ساڵی (2018)دا (501) قوتابخانە بە ڕێژەی (%9.6) شورای نەبووە. (30) قوتابخانەش لە (گڵ) دروستکراون و لە هەندێک قوتابخانەدا مەترسی ڕوخانی هەبووە.

هاوکات بەپێی سیستمی نوێی خوێندن پێویستە هەر بینایەک یەک قوتابخانەی تێدابێت، بۆ ئەوەی کاتی دەوامی پێویست دابین بکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان زیاتر لە دەوامێکێیان تێدایە، ئەم گرفتە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا درێژەی هەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی (ڕوانگەی پەی) لە ساڵی (2018)دا (194) قوتابخانە لە بینای کرێدابوونە کە بەشی زۆریان مەرجەکانی بینای قوتابخانەیان تێدا نەبووەو لە هەمان ساڵدا (1395) قوتابخانە میوانی قوتابخانە یان فەرمانگەیەکی حکومی بوونە، تەنانەت داخستنی قوتابخانەی گوندەکان بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووەو لە کابیەنی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە جۆرێک (600) گوند بێ قوتابخانەبوونە و قوتابی چەند گوندێک لە یەک قوتابخانە کۆکراوەنەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پەروەردە بە هیچ شێوەیەک باسی چارەسەری ئەم گرفتانەی نەکردووە.


پەروەردە لە کابینەی نۆیەمدا
لە کارمانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە" کار دەکەین بۆ چاککردن و بەرزکردنی ئاستی خزمەتگووزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەرتی گشتی و دانانی رێکاری ڕاکێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەکی بۆ بەشداری لە ئاواکردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها کار دەکەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆکیان بە پێی ستانداردە باوەکان.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (130-147)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "وەزارەتی پەروەردە" لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پەروەردەدا تایبەت بە بینای قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و کارەکانی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بەو سێکتەرە هاتووە؛
1. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (1 ملیۆن و 750 هەزار) قوتابی هەن.
2. نزیکەی (130) هەزار مامۆستا هەن، بە فەرمانبەر و مامۆستایانی گرێبەستەوە ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ (161 هەزارو 109) موچەخۆر.
3. (6 هەزار و 710) قوتابخانە هەیە
4. سێکتەری پەروەردە پێویستی بە (3) هەزار بیناو باڵەخانەی نوێ هەیە.

کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تایبەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکان
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پەروەردە لە 15/7/2019 ەوە چەند قوتابخانەو باخچەیەکی منداڵان لە سنوری پەوەردەی پارێزگاکان دروستکراون و نۆژەنکراونەتەوە، لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم و پەرەپیدانی پارێزگاکان و ڕێکخراوو خێرخوازان بووە بە جۆرێک؛
1. لە هەرێمی کوردستان تەنها (5) باخچەی منداڵان دروستکراوە، (1) باخچەیان حکومەتی هەرێمی تەمویلی کردووە، (4) باخچەکەی دیکەیان خێرخواز و وەبەرهێنەران دروستیان کردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)).
2. لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە 15/7/2019 بۆ 1/3/2021، (38) قوتابخانە دروستکراون و حکومەتی هەرێم (17)یانی تەمویل کردووە (21)یان خێرخواز و ڕێکخراو و وەبەرهێنەران دروستیانکردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))، ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان پێویستی بە (3) هەزار بیناو باڵەخانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بیناو و قوتابخانەو هۆڵ و شێوازی دەوامی قوتابیان لە قوتابخانەکان.
کەواتە حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا بەهاوکاری خێرخوازان و ڕێکخراوو وەبەرهێنەرانەوە توانیویەتی (43) بینای قوتابخانەو باخچەی منداڵان دروست بکات ئەمەش ڕێژەی (%1.4) کێشەی بینا چارەسەر دەکات.
3. لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە 15/7/2019 بۆ 1/3/2021، (447) قوتابخانە بەشێوەی گشتگیر و جوزئی نۆژەنکراونەتەوە، حکومەتی هەرێم خەرجی (271) قوتابخانەیانی لە ئەستۆ گرتووە و (176) قوتابخانەیان ڕێکخراوو خێرخوازان پاڵپشتی ماددییان کردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)).
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕوانگەی پەی) لە بارەی (هەڵسەنگاندنی ڕوشی پەروەردە لە کابینەی هەشتەمدا 2014-2018) کە لە ساڵی (2019) بڵاوکراوەتەوە، لەساڵی (2018) (3 هەزار 162) قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە بووەو حکومەتی هەرێم لە کابینەی هەشتەم (1 هەزار 704) قوتابخانەیانی نۆژەنکردووەتەوەو (1 هەزار 458) قوتابخانەیان پێویست بووە لە کابینەی نۆیەمدا نۆژەن بکرێنەوە، (بێگومان ئەو ژمارەیە دوای سێ ساڵ زیادی کردووە) بەڵام لە کابینەی نۆیەم (477) قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوەو بە ڕێژەی (%37.2)، (981) قوتابخانە و بە ڕێژەی (%67.3)ی دەمێنێت نۆژەنبکرێتەوە.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif