پەیوەندی ئەڵمانیا بەتورکیاوە:لە بسمارکەوە بۆ مێرکل

ليست هناك تعليقات


نزار سابیر
-
دوابەدوای دیدەني‌یەکەی بایدن و ئەردۆگان لە ناوڕاستی یۆنیۆی ٢٠٢١دا، زۆری نەبرد هایکۆ ماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خۆی گەیاندە ئەنقەرە. لەگەڵ تورکدا لەسەر کۆمەڵێک پرس لێکگەیشتن. لەوانە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە ڕێککەوتننامەکەی ڕێگرتن لە پەنابەران بەرانبەر بە پارە ڕێکبخەنەوە و پتر لە سێ ملیار یۆرۆی دیکە بخەنە بەردەست تورکیا، هەروەها هەناردەی چەکی ئەڵمانی بۆ تورکیا، کە لەدوای داگیرکردنەکەی عەفرینەوە، لەبەر لەڕوودادامان، کەمێک ناڕێکوپێکي‌ی تێکەوتبوو، ئاسایي بکەنەوە.تورک داوای پارەی ئیزافي‌یان کرد بۆ "گێڕانەوەی پەنابەرە سووري‌یەکان" بۆ وڵاتی خۆیان. تورکیا هەر بە چەک و هەواڵگري‌ی ئەڵمانی شەڕی کورد ناکا. هەندێک ڕاپۆرت لە ئەڵمانیا خۆیدا دەرکەوتوون، باس لەوە دەکەن، تورکیا پارەی ئەڵمانیا و ئەوروپا لە گۆرینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریادا بەکاردەهێنێ.1 ئەمە جگە لەوەی ئەڵمانیا لەڕێی تورکیاوە یارمەتي‌ی دارا‌یي‌ی گروپە ئیسلامي‌یە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیاش دەدا. بە پلەی سەرەکی هەر ئەڵمانیا بوو نەیهێشت ئەوروپا سزا بخاتە سەر تورکیا کاتێک جووڵەکانی لە دەریای ناوڕاستدا خەریک بوو دەیگەیاندە لێواری بەریەککەوتنی سەربازی‌ لەگەڵ یۆنان و فەرەنسادا. ئێستاش، لە کاتێکدا کونسوڵخانەیان لە هەولێر هەیە و بە ڕەسمی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، لە نووسینە ڕەسمي‌یەکانی خۆیاندا و تەنانەت میدیايي‌یەکانیشیاندا خۆیان لە وشەی کوردستان دەبوێرن، ئەگەرچی وشەکە، بە حوکمی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی کارل مای (بە کوردستانی کێوي‌دا)، کە چل ساڵێک بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بە ناوی تورکیاوە نووسیوێتی، بە گوێی ئەڵمانەکان، لەهەر وڵاتێکی دیکەی ئەوروپي زیاتر ئاشنایە.
دەستگرتنی ئەڵمانیا بە تورکیاوە لەناو ئەروپي‌یەکاندا تایبەتە. لە دەمەدەمی داگیرکردنی عەفریندا، ئەو دەمانەی هاوکات ئەردۆگان مێرکلی بە نازی وەسف دەکرد و هەڕەشەی تێبەردانی پەنابەرانی لە ئەوروپا دەکرد و ڕۆژنامەوانانی بە ڕەگەزنامەی ئەڵمانیشەوە فڕێ دەدایە بەندیخانەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەڵمانیا، سیگما گابریێل، داوەتی مەلوود چاوشئوغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیای کرد بۆ باخچە تایبەتەکەی خۆی لە ئەڵمانیا بۆ چاخواردنەوە. پاشان بە گوتارێک گرنگي‌ی ستراتیژانەی سیاسەتی دەستگرتن بە تورکیاوەی خستە ڕوو. گابریێل دەڵێ: تورکیا لە پەلاماردانی ناوچە کوردي‌یەکانی سووریادا ئامادەیە هەموو باجێک بدا، بە دەستبەردان لە ناتۆ و غەربیشەوە. تەنگهەڵچنین بە تورکیا بۆ ئەو ئاستە وا دەکا تورکیا ئەوەندەی دیکە بەرەو ڕووسیا و ئیسلامگەری و چەکی ئەتۆمی بچێ و ئەمەش بە زیانی ئەوروپا دەکەوێتەوە، چونکە تەرازووی هێزەکان بە قازانجی ڕووسیا دەشکێتەوە و ئەوروپایش لە سەر سنوورەکانی خوارەوەی (لەگەڵ دنیای موسوڵماندا) نەک هەر هیچ هاوپەیمانێکی نامێنێ، بەڵکو دوژمنێکی موحتەمەلیشی بۆ پەیدا دەبێ. "ئەڵمانیا دەبێ هەل بخاتە بەردەم تورکیا. سیاسەتکردن لەسەر بنچینەی بەهاکان بەش ناکا."2 لەو کاتەشدا کە ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ئابووري‌ی تورکیای کرد، گابریێل گوتی: "دەبێ ئەڵمانیا و ئەوروپا ئاماژەی ڕوون بدەن بە" ئەمەریکا "کە بەشدار نابن لە هەوڵدان بۆ ناجێگیرکردنی ئابووري‌ی تورکیا."3 لە ڕاستیشدا هەرەسنەهێنانی ئابووري‌ی تورکیا لە جەرگەی قەیرانە ئابووري‌یەکانی ئەم ساڵانەی دوایي‌دا بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ شرینقە دارا‌یي‌یەکانی ئەڵمانیا بە تایبەتی. ئەردۆگان و حکومەتەکەی لەم بۆلوانە باش بەئاگان، بۆیە لە خۆیان ڕادەبینن پێ درێژ بکەن و تا دوا سنوور ئەو پەیوەندي‌یە دابدۆشن.
هەڵبەت نائاسایي نییە، دەوڵەتێک لەپێناو بەرژەوەندي‌یەکانی خۆی‌دا پراگماتتکانە باز بەسەر بەهاکانی خۆی و ئیستیفزازەکانی بەرانبەری‌دا بدا. هەموو دەوڵەتە غەربي‌یەکان، دوور لە جۆش و گوتاری ئاگرین، بە سەری ساردەوە سیاسەت دەکەن و لە حساباتی قازانج و زیاندا دوور دەڕوانن. لەمەدا ئەڵمانیا ئاوارتە نییە. بەڵام پەیوەندي‌ی ئەڵمانیا بە تورکیاوە لەوە زیاترە، هەر لە چوارچێوەی (Realpolitik)ی دەوڵەتێکی سەرساردی غەربی لێکی بدەینەوە. بەدەر لە پراگماتیزم، مووی جیۆپۆلەتیکیش لە ماستەکەدا هەیە.
هەر زوو لە دەورانی سوڵتان مەحموودی دووەمدا (١٨٠٨-١٨٣٩) ژەنەراڵی ئەڵمان لە مەملەکەتی پڕوسیاوە دەنێرران بۆ فێرکردن و مەشقککردن بە سوپای وەسمانی؛ هەندێکیان ڕاوێژکارانە بەشدار دەبوون لەو هەڵمەتانەدا کە سوپاکە دەیکردە سەر میر و ئەمارەتە کوردي‌یەکان، لە پرۆسەی بەمەرکەزیکردنی دەوڵەتەکە لە چوارچێوەی ئەو ڕیفۆرمانەی بە تەنزیمات ناودەبران. یەکێک لەوانە ژەنەراڵێکی بەناوبانگ بوو، بە ناوی (هێلمۆت فۆن مۆلتکە)وە، کە لە هەڵمەتەکانی ساڵی ١٨٣٨دا شایەتی ئازایەتی و خۆخۆری و ماڵوێراني‌ی کوردەکان بووە. دەنووسێت: "ئەم داگیرکردنە گیانی هەزاران، نەک چەکدار، بەڵکو خەڵکی بێدیفاع لە ژن و منداڵی کردە قوربان، هەزاران ئاوا‌یي‌ی وێران کرد و ڕەنجی چەندان ساڵی بە فیڕۆ دا".4 کاتێک بە نامەیەک بەرلین لەو قەسابخانانە ئاگادار دەکاتەوە، لە بەرلینەوە پێی دەگوترێ، خۆی لە ڕەخنە بپارێزێ بەرانبەر وەسماني‌یە دۆستەکان.
بەڵام هاوکاري‌ی سەربازی و دارایي‌ی ئەڵمان بە شێوەیەکی ستراتیژی و سیستەماتیک لە ١٨٨٠ەوە دەست پێ دەکا، کاتێک سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم، دوای دوو ساڵ لە شکستە گەورەکە بەرانبەر بە ڕووسیا، باڵێوزی ئەڵمانیای لە ئەستەنبووڵ بانگ کرد و تکای لێ کرد ئەڵمانیا ڕاوێژکاری سەربازی و ئابووری بنێرێ بۆ ڕێگرتن لە هەرەسی دەوڵەتەکە لە هەردوو بوارەکەدا. بسمارک، سەروەزیرانی ئەو کاتەی ئەڵمانیای قەیسەری، گورج ڕەزامەندی دەربڕی و دەستەیەکی گەورە لە ئەفسەرانی سەربازی و پاشکۆیەک لە ڕاوێژکارانی ئابووری بە سەرۆکایەتي‌ی ژەنەراڵ فۆن دێر گۆلتس نارد .5 ئەڵمانەکان سەرکەوتووانە نەک هەر سوپایان ڕێکخستەوە و ڕێکاری پێویستیان خستە گەڕ بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری، هەروەها سیاسەتی دەوڵەت و بازاڕی ئیمپراتۆریا گەورەکەشیان بە خۆیانەوە بەستەوە. لەو پێناوەدا هێڵاسنی شەمەندەفریان لە بەرلینەوە هەتا بەغدا ڕاکیشا. بەڵام ئەڵمانەکان هەر چەک و بەرهەمە پیشەسازي‌یەکانیان هەناردەی ئەستەنبووڵ نەدەکرد، بەڵکو بیروباوەڕی سیاسیش.
لەناو دەستەبژێری خوێندەواری وەسمانی‌دا وردەوردە بیروباوەڕی ناسیۆنالیستانە و دارۆینیزمی کۆمەڵایەتی و نەژادپەرستی لەڕێی ئەدەبییاتی ئەوروپي‌یەوە بڵاوبووبوونەوە. قەدەر وا کەوتەوە شەرەفی بەرجەستەکردنی ئەم بیرانە بە شێوەیەکی عەمەلی لەناو دەستەبژێری ئەسکەري‌ی وەسمانی‌دا بکەوێتە لای ژەنەراڵ گۆلتس، کە دواتر لای تورکەکان بووە گۆلتس پاشا. گۆلتس ناسیۆنالیستێکی ئەسکەرتاریست بوو و باوەڕی بە دارۆینیزمی کۆمەڵایەتی هەبوو، کە بەگوێرەی ئەوە لە ململانێی گەلاندا مانەوە تەنیا بە نسیبی ئەو نەژادانە دەبێ کە گونجاوترین (یاخۆfittest)ـن. بۆ ئەم مەبەستە تێوري‌ی گەلی سەرانسەر چەکدار (nation in arm)ی هەبوو، کە دەکاتە نەتەوەی سەرانسەر سەرباز. جەنگ بۆ ئەو "دەربڕینی ئەو وزە و ڕێزلەخۆگرتنەیە کە نەتەوە هەیەتی" و پێی وا بوو، "ئاشتي‌ی هەتاهەتایي مردنی هەتاهەتا‌یي‌یە."6 بەم بیرانەوە نەوەیەک لە ئەفسەرانی وەسمانی لەژێر دەستی گۆلتس‌دا پەروەردە بوون، کە دواتر لە ڕێگەی ڕێکخراوی ئیتیحاد و تەرەققي‌یەوە چارەنووسی دەوڵەتەکەیان کەوتە دەست. سەرکردەکانی شۆڕشی مەشرووتیەتی تورکە لاوەکان، کە لە ١٩٠٨دا دەسەڵاتیان گرتە دەست، زۆربەیان قوتابي‌ی شەخسي‌ی گۆلتس بوون. گۆلتس بۆچوونێکی لەسەر نیزامی سیاسي‌ی جیهان و ململانێی کولتوورەکان هەبوو، کە بۆ ئەمڕۆیش جێی سەرنجە. ١٩٠٥ لە نامەیەکدا نووسیبووی: "ڕۆژهەڵات (واتە ئاسیای زەرد) دەستی کردووە بە بەخەبەربوونەوە؛ هەرئەوەندەشی بەئاگا هاتەوە، جارێکی دیکە ناخەوێتەوە."7 گۆلتس ئەمەی لەو ساڵەدا نووسیبوو، کە ژاپۆن لە جەنگێکی گەورەدا ڕووسیای بەزاندبوو و وەک هێزێکی گەورەی سەربازی و پیشەسازی لە هەڵکشاندا بوو. بۆیە پێی وابوو، جەنگێک ڕۆژێک لە ڕۆژان لە داهاتوودا لەنێوان "ڕەگەزی زەرد" (ژاپۆن و چین و مەنگۆل) و هێزە ئەنگلۆساکۆسەنکان (ئەمریکا و بەریتانیا)دا ڕوو دەدا و لەو بەینەدا ئەڵمانیا و ئیمپراتۆریای وەسمانی نابێ بێباک بن. بۆیە بە پێویستی زانیبوو، ئەڵمانیا فێر بێ لە گەلە هەڵکشاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تێبگا و بە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا ئەو هێزەیان لێوە فێر بێ، کە ئەوان خۆیان بە تەبیعەت هەیانە. گۆلتس سەرسامی گیانی جەنگاوەرانەی ئینسانی تورک بوو و خۆی و هەندیک ئەفسەری دیکەی ئەڵمان لە جینۆسایدی ئەرمەنەکانیشدا بە تەگبیر و پلانداڕشتن بەشدار بوون.
هەرچەندە ئەم بۆچوونە توندڕاستڕەوانەی گۆلتس مەرج نییە بۆچوونی هەموو حکوومەتی ئەو کاتەی ئەڵمانیا بووبن، بەڵام ئەگەر پەرەسەندنە دواترەکانی ئاراستەی سیاسي‌ی ئەڵمانیا لە هەردوو جەنگە گەورەکەی جیهان لەبەر چاو بگرین و، بشزانین گۆلتس خەریک بوو لەلایەن قەیسەر ڤیلهێلمی دووەمەوە بکرێ بە سەروەزیران لە ١٩٠٩دا، ئەوا ڕێ بە خۆمان دەدەین ئەو بۆچوونانە تەواو لە کۆنتێکستە ئەڵماني‌یەکە دانەبڕین. گرنگترین خاڵ لەم چوارچێوەیەدا تەماشاکردنی ئەڵمانیایە بۆ شوێن و شوناسی خۆی لە دنیادا.
هەرچەندە ئەڵمانیا بە جوگرافیا و کولتوور لە هێڵە گشتي‌یەکانی‌دا هەمیشە بەشێکی دانەبڕاو بووە و دەبێ لە دنیای غەرب. بەڵام سەرچاوە و پەرەسەندنی مێژوويي‌ی خۆپێکەوەنانی شوناسی ئەڵمان بە مانا سیاسي‌یەکەی ڕێی بۆ ئەوە خۆشکردووە، ئەڵمانیا نەتوانێ شوێنی خۆی لەناو شوناسی ئەوروپیبوون‌ و غەربیبوون‌دا بێ کێشە بدۆزێتەوە. کاتێک جەنگە جیهاني‌یەکەی یەکەم بەرپابوو، تۆماس مان، گەورەنووسەری ئەڵمان، جەنگەکەی وەک هەڵگیرسانەوەیەکی نوێی شەڕێکی زۆر کۆنی دنیای ڕۆمانی‌ وەسف کرد دژ بە ئەڵمانیای "eigensinnig"٨. ئەم وشە ئەڵماني‌یە پڕبەپێست ناکرێتە کوردی، بەڵام بە نزیکي‌ی دەکاتە "سەریاخی" یان سوار-سەری-خۆبوو لە وەسفی یەکێکدا کە سوورە لەسەر ئەوەی ڕێی تایبەت بە خۆی بگرێ. پشتخانە مێژوویي‌یەکە ئەوەیە، کە ئیمپراتۆریای ڕۆمانی لە پرۆسەی گەورەکردنی قەڵەمڕەوەکەی خۆی‌دا لە ئەوروپا بە درێژایي‌ی ڕووباری ڕاین لەبەری ڕۆژئاوای ئاوەکە گیری خوارد و نەیتوانی بپەڕێتەوە. بۆیە لە کاتێکدا شارستانێتي‌ی ڕۆمانی بە لەشکر و قانوون و تۆڕی ڕێوبانی‌یەوە هەموو ئەو وڵاتانەی گرتبۆوە، کە ئەمڕۆ بەریتانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و ئیسپانیا و ئیتالیان، لەبەری ڕۆژەڵاتی ڕووباری ڕاین هۆزە زۆرە جێرمانەکان دەژیان، کە لەبەر ئەوەی جەنگاوەری دڕ بوون و خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ڕێکنەخستبوو، لەلایەن ڕۆمانەکانەوە بە "بەربەری" دەناسران. ئەم پشتخانە مێژوویي‌یە بایی ئەوەندە کاریگەر بوو، کە ئەڵمانەکان لە سەدەی نۆزەدەیەمدا لە پرۆسەی خۆبەنەتەوەکردندا ئەرمینۆس-ناوێک، وەک کاوەی ئاسنگەرەکەی لەمەڕ کورد، بکەنە پاڵەوانی میتۆلۆژیای نەتەوەیي‌ی خۆیان و بە پەیکەری گەورە گەورە بەرجەستەی بکەن. یەکێک لە پەیکەرە هەزاربەهەزارەکانی هێشتا لە پارکێکی گەورەی شاری دێتمۆلدی ئەڵمانیادا بەرز ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا وەستاوەتەوە. ئەرمینۆس، کە لای ئەڵمانەکان بۆتە هێرمان، ئەو ئەفسەرە ڕۆمانی بە ڕەچەڵەک جێرمانەیە، کە لە ڕۆما هەڵگەڕاوەتەوە و لە ساڵی ٩ی زایینی‌دا هۆزە جێرمانەکانی لەژێر سەرکردایەتي‌ی خۆی‌دا یەکخستووە و سوپای لەشکاننەهاتووی ڕۆماني‌ی شکاندووە. بەڵام ئەو ڕۆژئاوایەی هێرمانی نوێی نەتەوەی ئەڵمان بەرانبەری وەستاوەتەوە، چەقەکەی چیدی لە باشوور، لە ڕۆما، نییە، بەڵکو فەرەنسا و بەریتانیایە؛ چونکە لە سەدەی نۆزدەیەم بە دواوە هێرشەکان لەوێوە دەهاتن.
گەڕان بەشوێن شوناسدا لە ڕاگرتنی وێنەی خۆ بەرانبەر بەو ڕۆژئاوایەی ئەوسا فەرەنسا و بەریتانیا نوێنەرایتي‌یان دەکرد، هەر لە سیاسەتدا ڕەنگی نەداوەتەوە. ناسیۆنالیستەکانی ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەیەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم مارتین لوتەر و دامەزراندنی کڵێسای پرۆتستانتیشیان وەک دەربڕینێک بۆ ئەو گیانی سەربەخۆیي‌یەی ئەڵمان دەردەبڕی. لە دنیای فەلسەفەدا ئایدیالیزمی ئەڵمانی، بەرجەستەبوو لە کانت و هێگڵ و فیشتەدا، بە دەگمەن ڕاناگیرێ بەرانبەر بە ڕیالیزم و هەندێجار ماتەریالیزمی ئەگلۆساکسۆنی، بۆ نموونە لە گیانی فەلسەفەی سیاسي‌ی هۆبس‌دا.9 درەنگپێداکەوتنی ئەڵمان، لەچاو فەرەنسی و ئینگلیزدا، بەسەر ناسیۆنالیزمدا و لەدایکبوونی درەنگ و بەژانی ئەڵمانیا وەک دەوڵەت-نەتەوە لەژێر داگیرکاري‌ی فەرەنسا و هەژموونی زاڵی ئینگلیزدا وای کرد ئەڵمانیا پەیوەندي‌یەکی جیاواز لەگەڵ ڕۆژهەڵات بە گشتی و ئیمپراتۆریای وەسمانی‌دا پەرە پێ بدا. بە پێچەوانەی ئینگلیز و فەرەنسا و هۆڵەندا و ئیسپانیاوە، ئەڵمانیا، چەند تاقیکردنەوەیەکی بچووکی سنووردار نەبێ لە ئەفریکا، فریای بەشداربوون نەکەوت لە کۆلۆنیالیزم. ئەمە بووە هۆی ئەوەی مامەڵەکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ ڕۆژهەڵات و ئاسیادا کەمتر بە چاوی گومانی داگیرکارانەوە لێی بڕوانرێ. کارل مای، سەفەرگێڕەوەی بەناوبانگ ئەم سەرنجە دەخاتە سەر دەمی یەکێک لە کاراکتەرەکانی: "ئینگلیز بازرگانە؛ دێ بۆ لامان بۆ ئەوەی دامانبڕووتێنێ، وەک ئەوەی لەگەڵ هەموو میللەتەکاندا دەیکا. فەرەنسی بە لێشاوی عەتر و قسە بریقەدارەکانی دەمانخنکێنێ بێئەوەی بە ڕاستی بە کەڵکمان بێ. ڕووس دڕندەیە، ڕاست و ڕەپ چاوشکێنانە پێمان دەڵێ، هاتووە بۆ ئەوەی کوشتارمان بکا. هەمووان تورک بە پیاوە نەخۆشەکە ناو دەبەن، بەڵام کەس نایە بە ڕاستی دەردی دەرمان بکا. تەنیا یەک کەس ڕاست دەڕوا: ئەڵمان. میهرەبان و هێمن و بێدەنگ دەردەکەوێ، بەڵام بە تەگبیرە و گوڕی سەرکەوتنی تێدایە. لە یەک کاتدا هەم بەهێزە و هەم نیانە. وەک دۆست دێ و ئەوەت دەخاتە بەردەست، کە خۆی بە سەروزیادەوە هەیەتی: زانایي بێ خۆبەزلزانی." 10
هەرچەندە ئەم وێنەیە تەواو ڕاست نییە و لە واقیعدا ئەڵمان لە مامەڵەیاندا لەگەڵ رۆژهەڵاتدا تەواو بێ بەرژەوەندی و خۆبەزلنەزان نەبوون؛ بەڵام بینینی وێنەی دوژمن پتر لە زلهێزە ئەوروپي‌یەکاندا و نەبوونی تەماعی کۆلۆنیالیستانە لە مامەڵەدا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتدا وای کردبوو ئەڵمان کراوەتر بن لە باوەشگرتنەوە بۆ کولتووری دنیای ئیسلام و لە چاو خۆیاندا کەمتر بە دینەکەیش حەساس بن. شاعیری گەورەی ئەڵمان، گۆتە، کە لەژێر سەرسامی و کاریگەری بە حافیزی شیرازی لە "دیوانی ڕۆژاوا-ڕۆژەڵات" شیعری عیرفاني‌ی دەنووسی، دەیگوت "شاعیر ڕەتی ناکاتەوە بە موسوڵمان ناو ببرێ."11 هەڵبەت لە کۆمەڵگای تەواو مەسیحي‌ی ئەو سەردەمەی ئەڵمانیادا خەڵکی کراوەی بە ئەندازەی گۆتە دەگمەن بوون، بەڵام، هەرچییەک بێ، حەساسبوون بە ئیسلام بایی ئەوەندە نەبوو ڕێ لە قەیسەری ئەڵمان بگرێ، بهێڵێ سیخوڕەکانی لە ئیمپراتۆریای وەسماني‌ی هاوپەیماندا لە گەرمەی جەنگە جیهاني‌یەکەی یەکەمدا پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو بکەنەوە کە خۆی بووە بە موسوڵمان و ناوی لای موسوڵمانان بە حاجی مەحەمەد ڤیلهێلم بڕوا. ئەوەی لای خۆمان کەمتر بیستراوە، ئەوەیە، بیرۆکەی یەکەم بانگی جیهاد دژ بە "گاوران" لە سەدەی بیستەمدا لە موسوڵمانەوە نەهاتووە، بەڵکو لە ئەڵمانیای "گاور"ەوە. ئەڵمانیا دەیویست میللەتانی موسوڵمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بنقاڕەی هیند دژ بە ئینگلیز و فەرەنسی‌ و ڕووس هەڵستێنێ و بەوە باری بەرەکانی شەڕ لە سەر خۆی لە ئەوروپا سووک بکا. بۆ ئەو مەبەستە قەیسەر ڤیلهێلم داوای لە ئەنوەر پاشای وەزیری جەنگی وەسمانی کرد، بانگی جیهاد بدەن و پاشان سوڵتان مەحەمەدی پێنجەم بە ڕەسمی ڕایگەیاند. بانگەکە ئاکامێکی ئەوتۆی نەبوو و جەنگەکە بە دۆڕانی ئەڵمانیا و لەبەریەکهەڵوەشانی ئیمپراتۆریا وسماني‌یەکە تەواو بوو. بەڵام تەبیعەتی پەیوەندي‌ی نێوان ئەڵمانیا و تورکیای نوێش، سەرەڕای هەندێک داکشان و هەڵکشان، تا ڕادەیەک خۆی پاراست. تورک هەتا دڵنیا نەبوون، کە ئەڵمانیا ئیدی دۆڕاوە، ڕووکەشانە نەچوونە پاڵ هاوپەیمانان لە مانگەکانی دوایي‌ی جەنگە جیهاني‌یەکەی دووەمدا.
ئەمڕۆ کە ئەڵمانیا، بە پشتی ئابووري‌یەکی بەهێز و سیاسەتێکی "میهرەبان و نیان" خەریکی لەکۆڵکردنەوەی کۆتوبەندی دۆڕانەکانێتی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، پتر لە هەر کاتێکی دیکە بەڕێوەیە ببێتەوە بە هێزێکی گوێلێگیراو لەسەر ئاستی جیهان. هەرچەندە هاوپەیماني‌یە ستراتیژي‌یەکەی لەگەڵ فەرەنسادا و پێکهاتەی یەکێتي‌ی ئەوروپا دیمەنە جیۆسیاسي‌یەکەیان لە ئەوروپادا گۆڕیوە و ئەڵمانیا ئێستا یەکێکە لە دیموکراتیترین وڵاتەکانی جیهان و پابەندترینیان بە ڕێکخراو و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتانەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ترس لە هەڵکشانی ئەڵمانیا بۆ زاڵبوونەوە بەسەر ئەوروپادا، نەک هەر لەناوەندە ئەکادیمي‌یەکاندا، بەڵکو لە ناوەندە دیپلۆماتي‌یەکانیشدا بە ئاشکرا دەردەبڕرێ. فرانسوا مێتیڕانی سەرۆکی فەرەنسا، هەر زوو لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا، مارکی ئەڵماني‌ی بە "بۆمبە ئەتۆمي‌یەکە"ی ئەڵمانیا وەسف دەکرد. مارگرێت تاچەری سەروەزیرانی ئەوسای بەریتانیا لە دەرەوەی پرۆتۆکۆل بە گۆرباچۆفی سەرۆکی سۆڤێتی گوتبوو "یەکگرتنەوەی ئەڵمانیامان ناوێ".12 ئەم ترسە، دوای ٣٠ ساڵ، لە مونازەرەکانی برێکست‌دا ڕەنگی دایەوە کاتێک دراوی یەکگرتووی یۆرۆ بە هەڵخوازي‌یەکانی هێتلەر بەراورد دەکرا. هەڵبەت ئەو جۆرە بەراوردانە ناواقعی و زێدەڕۆیانە دەردەکەون. بەڵام ئەوەی لەسەر ئەردی واقیع دەبینرێ ئەوەیە، کە ئەڵمانیا لە پرۆسەی بەجێهێشتنی ئەو پێگەیەدایە، کە لەدوای جەنگی جیهاني‌ی یەکەمەوە وەک دەوڵەتێکی گوێڕایەڵ لە بەرەی ناتۆ و ئەمەریکادا پێی بڕا بوو. لوولەهێڵی گازی Nord Stream2، کە دابینکردنی گازی سروشتي‌ی ڕووسیا ڕاستەوخۆ بە ئەڵمانیاوە دەبەستێتەوە و مایەی تووڕەیي‌ی ئەمەریکایە، تەنیا یەکێک لە نیشانەکانی ئەو گۆڕانەیە. ئەم گۆڕانە هێچ نەبێ بایی ئەوەندەیە، وەزیری بەرگري‌ی پێشووی ئەمەریکا، ڕۆبێرتس گەیت، لە ستوونێکی نیۆرک تایمزدا لە دیسەمبەری ٢٠٢٠دا داوا لە جۆ بایدن بکا، کە هاتە سەر حوکم توندانە ڕێی ڕاست پیشانی هاوپەیمانە لاسارەکانی بداتەوە؛ لەوانەیش بە تایبەتی ئەڵمانیا و تورکیا. 13
ئەڵمانیای ئێستا نایەوێ لەبەر خاتری ناتۆ و ئەمەریکا پەیوەندي‌یە ئابووری و دیپلۆماتي‌یە باشەکانی، کە ئەو پێی خۆشە زیاتر وەک بەرژەوەندي‌ی ئەوروپا ناوی ببا، نە لەگەڵ چیندا تێک بدا و نە لەگەڵ ڕووسیا. دەیەوێ لە تەڕی ئابووري‌ی ئەوان بخوا و لە وشکی ئەمني‌ی ئەمەریکا بخەوێ، بارێک کە تڕەمپ بێ پەردە ڕەخنەی لێ دەگرت. هەرچی پەیوەندي‌یەتی لەگەڵ تورکیا، ئەوا جگە لەو خاڵانەی سێگما گابریێل ناوی هێنابوون، خاڵێکی دیکەی گرنگ هەیە، کە ڕەنگە گەڕانەوەیەکی دیکە بۆ مێژوو یارمەتی تێگەیشتنێکی باشتریمان بدا.
ساڵی ١٨٧٨ بسمارک، دەوڵەتمەدار و سەروەزیری ئەو کاتەی ئەڵمانیای قەیسەری، کۆنگرەیەکی گەورەی ئاشتي‌ی لە بەرلین ڕێکخست بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان زلهێزەکانی ئەوروپادا لەسەر کێشەی بەلکان، دوای ئەوەی ڕووسیا لە لێواری ئەوەدا بوو ئەستەنبووڵیش بگرێ پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەو ساڵەدا سوپای دەوڵەتی وەسماني‌ی بەزاندبوو. ماوەی سەد ساڵ دەبوو ئیمپراتۆریای وەسمانی داڕزابوو و توانستی مانەوەی نەما بوو. بۆ ئەوەی هەموو کێکەکە ڕووسیا نەیخوا و بەوەش تەرازووی هێزەکان لە ئەوروپا بە قازانجی ڕووسیا لاسەنگ نەبێ، بەریتانیا و فەرەنسا و تا حەدێکیش ئیمپراتۆریای نەمسا-هەنگاریا دەستیان بە وەسماني‌یەکانەوە بوو نەکەون. ئەو کۆنگرەیەش هەر بۆ ئەوە بوو. ئەوەی تازە بوو ئەوە بوو، کە کۆنگرەکە لە بەرلین بوو. بۆ بسمارک و ئەڵمانەکان ئەمە ڕانواندنی ماسولکەی دیپلۆماسی و پێگەی جیوسیاسي‌ی نوێی خۆیان بوو، بۆ ئەوەی بە زلهێزە کۆنەکان بڵێن، ئێستا هاوشانی ئەوانن. ناوەندبوونی ئەڵمانیا لەنێوان ئەو هێزانەدا و تەرەفنەبوونی لە ململانێ کۆلۆنیالیستي‌یەکاندا، جگە لە پەیوەندي‌ی هاوسەنگی بە هەمووانەوە، ڕێی ئەو ناوبژیکاري‌یەی پێ دەدا؛ ئەوەش بواری گەمەی گەورەتری بۆ دەڕەخساند. ناوبژیوانی‌، دواجار، لە ساتەوەختی ئەنجامدانی‌دا پیادەکردنی دەسەڵاتێکی بەرزترە لە دەسەڵاتی هەموو لایەنەکانی ململانێکە، کە ناچاری قبووڵکردنی ناوبژیواني‌یەکەن. بۆ ناوبژیواني‌یش پێویستت بە کێشەیە. بسمارک دوای کۆنگرەکە لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری دەوڵەت نووسیبووی:
"دەبێتە سەرکەوتن بۆ هونەری دەوڵەتداري‌ی ئێمە، ئەگەر ئێمە بتوانین برینەکەی ڕۆژهەڵات (واتە کێشەی دەوڵەتی وەسمانی) بە کراوەيي بهێڵینەوە و بەوەش ڕێککەوتنی دەوڵەتە زلهێزەکانی دیکە لەنێو خۆیاندا تێک بدەین و ئاشتي‌ی خۆمان مسۆگەر بکەین." 14
ساڵی ٢٠١٥، ئەو کاتەی دەنگێکی زۆر لەناو ئەنجومەنی یەکێتي‌ی ئەوروپادا بەرز بۆوە بۆ سڕکردنی دانوستانەکان لەگەڵ تورکیادا بۆ بەئەندام بوون، ئەڵمانیا لەڕێی مێرکلی سەروەزیرانی‌یەوە پێشەنگی ڕەتکردنەوەی ئەو داوایە بوو، کە هاوکات دەبووە هۆی سڕکردنی ئەو یارمەتي‌یە دارایي‌یانەی تورکیا لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە وەریدەگرێ. بەڵام هەر مێرکل و پارتەکەی بوون، کە دژی وەرگرتنی تورکیا بوون لە یەکێتي‌یەکە. کاتێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٧دا مێرکل لەلایەن کاندیدی سۆشیال دیموکراتەکانەوە لەبارەی تورکیا تینی بۆ هات، گوتی ئەو لە کۆتایي‌دا لەگەڵ وەرگرتنی تورکیادا نییە 15، بەڵام لەگەڵ پچرینی دانوستانەکانیشدا نییە. هەرچەندە ڕۆڵی ئەڵمانیای دیموکرات و فیدراڵی ئێستا لە ئەوروپادا لەوەی دەورانی بسمارک و ئەڵمانیای قەیسەری ناچێ، بەڵام مێژوو و واقعی حاڵی پەیوەندي‌ی تایبەتی دەوڵەتی ئەڵمانیا هەتا ئێستا بە تورکیاوە ڕێی ئەوەمان پێ دەدا گەمەی مێرکل بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک ئەوەی بسمارک تەماشا بکەین: جگە لە بەرژەوەندي‌یە ئابووري‌یەکە، سوودوەرگرتنیشە لە کێشەبوونی تورکیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەڵمانیا بە کارتی ناوبژیوانی لەنیوان وڵاتانی عەیارە هەژدەی بەرەی ڕۆژئاوا و ڕووسیادا.
کۆنفرانسی لیبیا لە بەرلین ساڵی ٢٠٢٠ بە دەستپێشخەري‌ی ئەڵمانیا و سەرۆکایەتي‌ی خۆیان بۆ ڕێکخستنی لایەنەکانی ململانێکە، بە تایبەتی تورکیا و ڕووسیا و فەرەنسا، زۆر لە گیانی کۆنگرەکەی بەرلینی ١٨٨٠ دوور نییە.




1. Dangelei, Elke (2020): „Deutschlanf finanziert türkische Besatzungszone in Nordsyrien“, at: https://www.heise.de/.../Deutschland-finanziert... (accessed on 27.06.2021)
2. Gabriel, Sigma (2018): „Afrin ist eine Botschaft an die USA“, at: https://causa.tagesspiegel.de/.../afrin-ist-eine... (accessed on 26.06.2021)
3. Der Spiegel (2018): „Gabriel warnt vor der Risiken einer isolierten Türkei“, at: https://www.spiegel.de/.../sigmar-gabriel-warnt-vor... (accessed on 26.06.2021)
4. Von Moltke, Helmuth (1838): „Unter dem Halbmund“, at: https://www.projekt-gutenberg.org/.../halbmond/halbmo47.html (accessed at 26.06.201)
5. Alan Palmer: Verfall und Untergang des Osmanischen Reiches. Heyne, München 1994, p. 319.
6. Akmeșe, Handan Nezir: The Birth of Modern Turkey- The Ottoman Military and the March to World I, London: I.B. Tauris page 22
7. Akmeșe, Handan Nezir: The Birth of Modern Turkey -The Ottoman Military and the March to World I, London: I.B. Tauris page 29
8. Zeilinger, Johannes (2020): Karl May, die Deutschen und der Orient, in: Jahrbuch der Karl May-Gesellschaft 2020, Husum, p. 123.
9. For example, see: Heisterhagen, Nils (2013): „Idealismus oder Realismus in der Politik“, at: https://www.cicero.de/.../debattenbeitrag-zum-thema.../56417 (accessed on 27.06.2021)
10. Karl May (1978): Deutsche Herzen- Deutsche Helden. Dresden o. J. [1885-1887], p. 131; Repring Bamberg 1976.
11. Mika, Bashca (2021): „Hafis & Goethe: „Goethe kannte die Tradition der Islamverachtung““, at: https://www.fr.de/.../hafis-goethe-ein-solches... (accessed on 27.06.2021)
12. Financial Times: „Thatcher’s fear of an overmighty Germany lives on in Brexit”, at: https://www.ft.com/.../fda99cbe-f576-11e9-b018-3ef8794b17c6 (accessed on 27.06.2021)
13. Gates, Robert (2020): „ The World Is Full of Challenges. Here’s How Biden Can Meet Them “, at: https://www.nytimes.com/.../opi.../biden-foreign-policy.html (accessed at 27.06.2021)
14. Zeilinger, Johannes (2020): Karl May, die Deutschen und der Orient, in: Jahrbuch der Karl May-Gesellschaft 2020, Husum, p. 137.
15. Deutschlandfunk (2017): „Das Einfrieren könnte eine Möglichkeit sein“, at: https://www.deutschlandfunk.de/eu-tuerkei-beitrittsverhandlungen-das-einfrieren-koennte.694.de.html?dram:article_id=395108 (accessed on 27.06.2021)
وێنەکان:
١. سێگما گابریێل میوانداري‌ی مەولود چاوشئوغلو دەکا.
٢. ژەنەراڵ گۆلتس لە ئەستەنبووڵ لە ١٩١٥دا.
٣. پەیکەری هێرمان لە دێتمۆڵد.
نوسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق