پارتی دوای 75 ساڵ لەنێوان دژبەری و ڕکابەریدا.

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی

ئەم وتارە حوکم نییە، بەڵکو بیرکردنەوە و شیکردنەوەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان لە دامەزراندنییەوە لە ململانێیەکی سەختدا بووە لەتەک داگیرکەرانی کوردستان، لەسەر بوونی کورد ئەوان هەرچیان پێکرابێ درێغیان نەکردووە، لە بەرامبەردا پارتی نەچەمیوەو بەهێزتر بووە، چونکە هێزی خاوەن مەسەلە فشاری دوژمنانی میللەتەکەی بەهێزتری دەکات. ( ئاخر ئەگەر کەشتی ترسی هەبێ لەهەڵکردنی زریان وتۆفان بۆهەمیشە دەبێت لەکەنار بمێنێتەوە ). مستەفابارزانی ئەگەر ترسی لەداگیرکەر هەبوایە نە دەچووە کۆماری کوردستان، نە پارتی دادەمەزراند. هەتا ئێرە بۆ پارتی و داگیرکەران و دژبەرانی کورد بوونە، چونکە لە گوتارێکدا ناتوانین ئەو مافە بەو مێژووە سەختە لە ململانێ و بەریەککەوتن لە نێوان پارتی و داگیرکەراندا وەک خۆی بخەینە ڕوو، بەڵکو پێویستی بە چەندین کتێب هەیە.

مەبەستمە باسی دۆخی ڕکابەری حزبی ئەم قۆناغەی ئێستای کوردستان بکەم بە تایبەتی پارتی و ئەوانی دیکە، ئەوکاتەی دەستەیەک لە هێزێک لە حزبێک جیا دەبێتەوە یاخود حزبێکی نوێ لە بەرامبەر حزبی خاوەن نفوس دروستدەکات، دەبێت لە پێناوی ئەوەدابێ ئەو حزبە ناتوانێ وەڵامی پرسیارەکانی ئەو قۆناغە بداتەوە، یاخود خزمەتی دۆزی گەلەکەی بکات. بۆیە هێزێکی نوێ لە دایک دەبێت بەرامبەر هێزی خاوەن نفوس خۆی مانیفێست دەکات.

ئەگەر پرسیار بکەین ئەو هێزانەی لە کوردستان خۆیان بە ڕکابەری پارتی دەزانن بۆ نەک نەیانتوانیووە پارتی تێبپەڕێنن، ناتوانن وەک پارتی بن؟ جارێ سەرەتا ئەوان نەیانتوانیووە پێناسەی پارتی بکەن، کە پارتی چییە و چی نییە؟ کە پێناسە کردنی ڕکابەر سەرەتای تێگەیشتنە لە گەمەی ڕکەبەرایەتی، لێرەوە بەشێک لە ڕکەبەرەکان کەوتوونەتە هەڵەی لۆژیکییەوە، چونکە لەبری ئەوەی بێن و ئەرگۆمێنتیان هەبێ لەسەر فیکر و ستراتیجی سیاسەتی پارتی، هاتوون ناو ناتۆرە بە پارتی دەڵێن و پەلاماری کەسایەتییەکانی پارتی دەدەن و بە لۆژیکی دۆنکیشوەتی سیاسەتی ڕکابەری بەڕێوە دەبەن، بۆیە دەرەنجام پارتی بەهێزتر دەبێت. ئاخر تۆ بتەوێ ڕکابەری لەتەک هێزێکی ڕەسەنی کوردستانی بکەی و بتەوێ گرەوی لێ ببەیتەوە بە هەندێ داشی شکاوەوە لە بەغداوە هێرش بکەیتە سەری و جوێن بارانی بکەی، تێنەگەی لەوەی میللەت لەوە هۆشیارترە تێدەگات بۆ لەو دوورە دەستەوە بەرد دەهاون، لە هەمووی زیاتر ئەوەیە ئەو ڕکەبەرانە بە خۆیان نەزانیووە خزمەتی گەورە بە پارتی دەکەن، هاتوون هەموو سیمبول و مەسەلە ستراتیجییەکانیان کردووە بە ماڵ و موڵکی پارتی، کە هەڵەیەکی لۆژیکییە و بێ بیرکردنەوەی عەقڵانی بڕیاریان لەسەر داوە.

بۆ نمونە باس لە ئاڵای کوردستان دەکەی دەڵێن ئاڵای پارتییە، باس لە سەربەخۆیی دەکەی دەڵێن دروشمی پارتییە، باس لە ئەی ڕەقیب دەکەی دەڵێن پارتی پێیخۆشە، باسی ئابووری سەربەخۆ دەکەی، دەڵێن پارتی لە پشتە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەموو مەسەلە ستراتیجی و ئامانجە گەورەکان هەمووی هی پارتییە؟ ئەی ئێوە چی دەکەن و خەریکی چین؟ ئەگەر ورد سایکۆلۆجیای ڕکەبەری بخوێنیتەوە، ڕکەبەرەکانی پارتی نەک نەیانتوانی پارتی تێبپەڕێنن ناشتوانن وەک پارتی بن. بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە لە دیبەیتێکدا لەسەر دەستور کادرێکی پارتی پرسیاری لە بەرپرسێکی باڵای حزبێکی ئۆپۆزسیۆن کرد، کەی کاتی دەستورە؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی کەی وەکو ئێوەمان لێهات. ئەمە ئەو وتەیەی فەیلەسوفی ئەڵمانی ( ئەرسەر شۆپنهاوەر) دێنێتە بیر، کە دەڵێ ( هەموو هونەرەکان هەوڵدەدەن بگەنە مۆسیقا، بەڵام ناگەن بۆ؟

لەبەر ئەوەی هەر هونەرەو چەند خەسڵەتێکی تایبەتی خۆی هەیە ) لە دنیای ڕکابەریشدا دەکرێ ئەم وتەیە تەوزیف بکەین و بڵێین ڕکابەرەکانی پارتی ئامرازەکانیان لاواز و بێ ئارگۆمێنتن، بۆیە نەک نەیانتوانیووە پارتی تێبپەڕێنن ناشتوانن وەک پارتی بن، لێرەشدا ناکرێ دوای ٧٥ ساڵ لە خەبات لە کەوتن و هەستانەوە بڵێین پارتی بێ هەڵەو کەم و کوڕییە، بە دڵنییاییەوە پارتی هەڵەو کەم و کوڕی هەیە، کە جێگای ڕەخنە لێگرتنە. بۆیە بۆ ئەوەی پارتی بە پێشەنگی بمێنێتەوە هەتا گەلی کورد دەگەیەنێتە لوتکە، پێویستە پێداچوونەوە بە کۆی کایەکاندا بکات و بەبیرکردنەوە یەکی نوێ ، کە لەتەک هەلومەر ج و دۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی و فیکری وڕۆحی سەردەمدا بگونجێت پەرە بەخەبات بدات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif