داوا لە وڵاتانی جیهان دەکرێت مەترسییەکانی سەر زەریاکان کەمبکەنەوە

ليست هناك تعليقات


 گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و ئاستی ئاوی زەریاکان، ئەمەش هەڕەشە لە داهاتووی هەسارەی زەوی دەکات.

دەریاوانێک کە لە کەناراوەکانی قوبرسەوە چاودێریی دۆخی دەریاکان دەکات دەڵێت، لە ساڵانی داهاتوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا و دەریاکانەوە مەترسیی زیاتر دروستدەبن.

لویس هادجیانو، دەریاوان و توێژەری ژینگە دەڵێت، "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە بەردەوام زریان و لافاوی زیاتر و زیاتریش دەبینین، وەک چۆن لە چەند ساڵی رابردوودا بینیمان، بەڵام لە 50 ساڵی داهاتوودا زۆر لەوە زیاتر دەبن، وێرانکاری زیاتر دەبینین و گیانەوەرە دەریاییەکانیش لەنێودەچن".

نوێترین نموونەی وێرانکەری ژیانی دەریاکان، گڕگرتنی کەشتییەکی سریلانکی بوو لە 20ی مانگی رابردوودا لە زەریای هێمن. ئەو کەشتییە ماددەی کیمیایی مەترسیداری تێدا بوو؛ 250 تۆن نیتریک و 350 تۆن سووتەمەنیشی هەڵگرتبوو کە لەنێو دەریا گڕیگرت و ماددە ژەهراوییەکان چوونە نێو ژیانی دەریاوە.

هیمانتا ویتانج، بەڕێوەبەری ناوەندی دادوەریی ژینگەیی دەڵێت، "رێبەریی زانیارییەکانی کەشتییەکەمان بەدەستگەیشت و بۆمان دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر ماددەی کیمیایی مەترسیداری تێدابوو. پێموایە زیاتر لە 80 کۆنتەینەر ماددەی کیمیایی و پلاستیکی تێدابووە. زیاتر لە 20 کۆنتەینەر رۆنی ئۆتۆمبێل و هەروەها زیاتر لە 300 تۆن نەوتی خاوی تێدا بوو؛ ئەمانە زۆر زۆر وێرانکەرن بۆ ژیانی زەریاکان".

زەریا و دەریاکان ٪71ی رووبەڕووی گۆی زەوییان داپۆشیوە، هەربۆیە بە زەوی دەگوترێت هەسارەی شین. زەریاکان سەرچاوەی ئۆکسجین و فرەڕەنگی ژینگەیین لەسەر زەوی، بەڵام گیانەوەر و گژوگیای زەریاکان تا دێت کەمتر دەبنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 زیانی سەر زەریا و دەریاکان بەهۆی چالاکیی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەواوە بەراورد بە ئێستا ٪30 کەمتر بکاتەوە، چونکە ئەوان سییەکانی هەسارەی زەوین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif