شکستی کەرتی حکومی و گێچەڵ بە کەرتی تایبەت

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
بەهۆی ئیدارەدانی خراپ و دابەشبوونی ناوچەیی و گەندەڵیەوە، هەرێمی کوردستان دووچاری چەندین قەیرانی گەورە بوەتەوە، یەکێك لەو قەیرانانە بێ متمانەیی هاوڵاتیانە بەرامبەر حکومەت و شکستی کەرتەکانیەتی لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەوە وێرای ئەوەی کەرتی حکومی لە ڕووی فەرمانبەرەوە هاوشێوەی وڵاتێکی بیست ملیۆن کەسیە، بەڵام نەیتوانیوە وەك پێویست ببێتە جێگای ڕەزامەندی هاوڵاتیان و خزمەتگوزاری پێویست بەردەست بخات

کاتێك کە حکومەت ناتوانێت وەك پێویست بە ئەرکی خۆی هەستێت بەرامبەر هاوڵاتیان، بە تەنیشت چاکسازی و گۆڕانکاریەوە لە سیستمی حکومڕانی، پێویستە کەرتێکی تایبەت هەبێت بتوانێت ببێتە جێگرەوەی کەرتی حکومی لەو کەرتانەی کە دەگونجێت بدرێنە کەرتی تایبەت، چونکە گەر کەرتی تایبەت بتوانێ جێگای خۆی بگرێت، ئەوا دەتوانێ وەك بەدیلی خزمەتگوزاریەکانی کەرتی گشتی بە باشتر خۆی نمایش بکات، بەڵام ئەمە بە پلانێکی تۆکمە و سەرکەوتوو دەبێت و پێویستە دەسەڵات ئیرادەی تەواوی خزمەتکردنی خەڵکی هەبێت و بیەوێت کەرتی تایبەت بخاتە سەرپێی خۆی و پشتیوانی بکات، ئەمە لەلایەک دەبێتە هاوکاری کەرتی گشتی لە فراوانکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان و لە لایەکیترەوە سەرمایەی گەورەی سەرمایەداران لە نێوخۆی وڵاتدا دەخرێتەوە گەڕ و خزمەت بە ناوخۆی وڵات دەکات و سەرمایەداران ناچار نابن سەرمایەکانیان بەرنە دەرەوەی وڵات بۆ سەرمایە گوزاری

گەر سەرنجی ژمارەیەك وڵات بدەین کە ئاستی خزمەتگوزاریان لە ئاستێکی باڵادایە ئەوا لەوە تێدەگەین گەر دەسەڵات ئیرادەی خزمەتی هەبێت لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە ئەوا دەتوانێت بە پلان و لە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەدا و دوور لە گەندەڵی، وا بکات کەرتی تایبەت ببێتە هۆی بەرەو پێشبردنی وڵات، گەر وڵاتێکی وەك بەریتانیا و زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپی وەربگرین، کە زۆربەی کەرتەکانیان بەنمونە( پەروەردە و تەندروستی و سوتەمەنی و ئاو ..... ) کەرتی تایبەت بەڕێوەیان دەبات، توانیویانە بەردەوام ئاستی خزمەتگوزاری بەرز بکەنەوە و ببنە ئەو وڵاتانەی کە هاوڵاتیانیتر لە تەواوی دنیاوە بە ڕێگای مەرگدا کۆچیان بۆ بکەن. 

ئەوەی گرنگە ئەوەیە بەرپرسان و دەسەڵاتداران لە گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و پشتیوانیکردن و سەرپێخستنیدا ئامانجیان خزمەتی هاوڵاتیان بێت، نەك دەروازەیەكیتر بۆ گەندەڵی و ڕێگایەکیتر بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن، ئەو کات کەرتی تایبەت دەتوانێت ببێتە ئەو دەرگایەی کە هەرێمی کوردستانی پێ خرێتە قۆناغێکیتر

بەڵام کاتێك بەرپرسانی گەندەڵ و هەموو ئەوانەی هۆکاری شکستی کەرتی گشتین دێن و لە بری داننان بە شکست و ئیدارەی خراپ و دەستهەڵگرتن لە دزینی سەروەتی وڵات، دەست دەدەنە گێچەڵکردن بە کەرتی تایبەت و دەیانەوێت بەم ڕێگایە زیان بە کەرتی تایبەت بگەیەنن بۆ ئەوەی ئەو دەرگایەش دابخەن و فەزای گەندەڵیان لە کەرتی گشتیدا بەردەوام بێت، بەمەش چاوی خەڵك لەسەر شکستی کەرتی گشتی لادەبەن و چاوی ڕای گشتی دەخەنە سەر کەرتی تایبەت، لە کاتێکدا گەر هەر لادان و زیانێکیش بە هاوڵاتیان بگات لە کەرتی تایبەتدا ئەوا جارێکیتر دەسەڵات لێی بەرپرسە چونکە نەیتوانیوە وەك پێویست چاودێربێ لەسەر کەرتی تایبەت و بە ڕێگایتر دەیانەوێ کەرتی تایبەتیش بخەنەوە خزمەتی خۆیان نەك خەڵك 

هەر بۆیە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ڕای گشتی و هاوڵاتیان وریایانە مامەڵە بکەن و نەکەونە داوی ئەوانەی هۆکاری شکستی کەرتە جیاوازە گشتیەکانن و نەبنە بەشێك لە سپیکردنەوەی ڕووی گەندەڵەکانی ئەم وڵاتە بەوەی پشت بکەنە تەواوی ناشیرینیەکانی کەرتی حکومی و چاو بخەنە سەر کەرتی تایبەت، بەڵکو دەبێت چاوەکان لەسەر حکومەتبن، چ بۆ کەرتی گشتی و چ بۆ کەرتی تایبەت، چونکە دواجار ئەوە حکومەتە ئەرکیەتی خزمەت بە هاوڵاتیان بکات لە ڕێگەی کەرتی گشتیەوە و چاودێری تەواوی کەرتی تایبەتیشبێت تا بتوانرێ بەڕێگەی منافەسەی باشترین کوالیتی خزمەتی خەڵك بکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif