مەلا بەختیار: نەبوونی یەكڕیزی بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم نووسینی دەستووردا!

ليست هناك تعليقات


 مەلا بەختیار بە نیگەرانییەوە لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و دەڵێت، راستە شەڕی نێوخۆ نەماوە، بەڵام 30 ساڵە نەتوانراوە یەکڕیزی بگەیێندرێتە ئاستێک کە دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە.

مەلا بەختیار لە گوتەیەکدا لە دەستپێکی یەکەمین رۆژی 24ەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و گوتی، "ئێستاش لە رۆژگارێكی سەختداین! راستە شەڕی ناوخۆ لەكۆڵ بووەتەوە، لوولەی تفەنگەكان ساردبوونەتەوە، خوێن داناچۆڕێت، بەڵام هێشتا ترس ‌و بیمی رێكنەكەوتنی حیزبەكان، تێكچوونی ئەم هەرێمە، زاڵكردنی بەرژەوەندیی تەسكی قەڵەمڕەویی حیزب بەسەر قەڵەمڕەویی نەتەوە، دیموكراسی و مەدەنیدا زاڵە. هێشتا تازە ب ەتازە لە هەولێر كۆنفرانسی یەكڕیزی و دەستوور رێكدەخرێت. ئەمەش واتە 30 ساڵە ئێمە هێشتا یەكڕیزیی خۆمان نەگەیاندووەتە ئاستێك بڕیار لە دەستوور بدەین. بگرە نەبوونی یەكڕیزی لەنێوانماندا بەربەستێكی گەورەیە لەبەردەم نووسینی دەستووردا! دروشمەكە خۆی وامان پێدەڵێت، كە یەكڕیزی نییە، بۆیە دەستوور نانووسرێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روودەدات لەلایەکەوە مایەی پێکەنین و کۆمیدیایە و لەلایەکی دیکەشەوە تراژیدیا و مایەی گریانە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە هیچ ئەزموونێکی دیموکراسی لە جیهاندا نییە کە دوای 30 ساڵ دەستووری نەنووسیبێت.

لەبارەی پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش قسەی کرد و رایگەیاند، "لەدوای 30 ساڵ، لەناو هەموو حیزبەكانمان، دوو حیزب لە كوردستاندا نین پەیوەندییەكی راستگۆیانەیان لەنێواندا هەبێت! چونكە هەموو پەیوەندییەكان تاكتیكییە، بەرژەوەندییە، ناچارییە، نەك ستراتیجی!"

مەلا بەختیار باسی لە دابەشبوونی کوردستانی گەورە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، لە سێ بەشی کوردستاندا ئازادی زمان نییە و تەنیا رووناکییەک لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام "خۆمان خەریکین بەجۆرێک لە جۆرەکان، هەستە جوانەکان بەرامبەر ئەم رووناکییە نائومێد دەکەین".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا مەلا بەختیار لەبارەی سیاسەت و گوتاری حکومەتی وڵاتان و سیاسەتمەداران و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەپێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دوای بڵابوونەوەی کۆرۆنا قسەی کرد و گوتی، جیاوازییەکی گەورە لە گوتاری پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای وڵاتە گەورەکان، کۆمپانیاکان، سیاسەتمەدارەکان، حیزبەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

بە گوتەی مەلا بەختیار "پێش كۆرۆنا، رێژەی بێكاری زۆر بوو، خێر بە هاووڵاتی نەدەكرا، یارمەتیی نەدەدرا و بەتەنگیانەوە نەدەچوون، دەرمان زۆر گران بوو، چەوساندنەوەی چینایەتی زۆر بوو، جیاوازیی نێوان باشووری جیهان ‌و باكووری جیهان لە هەژاری و دەوڵەمەندی جیاوازییەكی ئێجگار گەورە بوو، كەچی كاتێك كۆرۆنا هات، یەكە یەكە ماسكەكانی لابردن و بە دەوڵەتەكان، كاربەدەستەكان، كۆمپانیاكان، وەزیر و گزیری گوت: هەموو ئەوەی هەتانە، ئەو هەژموونەی سەپاندووتانە، بەرگەی یەك ڤایرۆس ناگرێت، بۆیە خۆتان رابچەڵەكێنن، ئەگەرنا هەمووتان لەناودەچن!"

مەلا بەختیار دەشڵێت "ئەگەرچی دروشمەكانیان هەمووی مافی مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی بوو، یەكسانی بوو، كەچی بانكەكانیان كە جێگەی دۆلار و یۆرۆكانیان نەدەبوەوە، بەڵام دڵیان نەدەهات ئەو دۆلار و یۆرۆیانە بخەنە خزمەتی خۆشگوزەرانی لەناو مرۆڤایەتیدا! بەڵام كە زانییان كۆرۆنا دەسەڵاتەكانیان دادەڕزێنێت ‌و خۆشیان لەنێودەبات، ناچاربوون بانكەكان بكەنەوە و لە وڵاتێكی وەكو ئەمریكا، بە دەیان تریلیۆن دۆلار دەدرێت بە هاووڵاتی و گرنگترین چارەسەری كۆرۆناش، بە هەرزانترین نرخ بە وڵاتان دەفرۆشرێت".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif