"دەستەڵاتی سێبەر" و پڕۆژە یاسای "گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکانی گەندەڵی"

ليست هناك تعليقات

د. کاروان حەمەساڵح

ئاشکرایە کە لە عێراقدا لە دوای ساڵی 2003 ێوە، گەندەڵی بێشومار و ناشەفافیەت و بەرتیلخۆریی (Corruption, transparency and Bribery) سێ پایەی گرنگی بەهێزبوون و بەردەوامیی دەستەڵاتی سێبەربووە، کە دزین و بردنە دەرەوەی پارەی عێراقیەکان و ئەم ووڵاتە بەشمەینەتە دەرەنجامەکەی بووە، کە پراوپر وەک هەردوو سیەکانی ئەو دەستەڵاتە سێبەرە ک 17 ساڵە کاری کردووە و بەردەوامیشە،



بەردەوامی داوە بە سوڕی ژیانیان و هێشتنەوەی دەستەڵاتیشیان بەسەر جومگەکانی حکومڕانی عێراقدا.


هەر بۆیە هەمیشە پارێزگاریان لەو سێ پایە کردووە و هێزیی داراییان گەورەتر بووە و هەمیشە پارە کەڵەکەبووەکانیشیان لە دەرەوە زیادی کردووە، کە دواجار لە ناوخۆی عێراقیشدا نەزیفی داراییان زیاتر و فراوانتر کردووە، کە لە وێنە فراوانەکەدا وا دەبینین کار گەیشتۆتە نیمچە ئیفلیجبونی جەستەی ئابوری عێراق و لەوێشەوە بۆ جەستەی سیاسیی و حکومڕانی و تەنانەت ئەمنیش.


لە دوای ئەو پێشەکیە، دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە وەک دڵسوزانیش چەندین ساڵە لە عێراقدا و بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەگشتی مشتومڕی ئەوەکراوە لە میدیا جیاوازەکانەوە کە ئەم ووڵاتە کوشتەی دەستی ئەو دەستەڵاتی سێبەرەیە، کەوا بۆتە ڕێگر لەبەردەمی چاکسازیی و ئاوەدانیی و لە سەرووی هەمووشیەوە، خۆشگوزەڕانی خەڵک و ڕازیی بوونی هاوڵاتیان بە ژیانیان، لە ئاستی دەوڵەتیشدا هەمیشە عێراقیان لە ڕیزبەندی خراپترینەکانی ووڵاتدا هێشتوتەوە لە پرسی بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و ئاستی ناشەفافیەت و بەرتیلخۆریی.


بەڵام خۆشبەختانە لەم چەند ڕۆژەدا گوێبیستی پڕۆژە یاسایە بووین کە بە دەستپێشخەریی سەرۆک کۆماری عێراق (د. بەرهەم ساڵح) و لە کۆشکی سەلامەوە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا ، کە گەر نیشتیمانیانه لێی بڕوانین و دوور لە نەفەسی شەخسی و ئایدۆڵۆژی و حیزبیی هەڵی بسەنگێنین، وە پرۆژەکەش پشتگیریی دڵسوزانە و بێلایەکانە بکرێت و وەک پێویست جێبەجێ بکرێت، دوور نیە بێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ دۆخی ئابووری و سیاسیی و ئەمنیی عێراق، بەڵام پێچەوانەوە، ئەوا گوڕێکی تر دەداتەوە بە دەستەڵاتی سێبەر و هێزیی گەورەتر و تەمەنیی درێژتر دەکاتەوە.


پرۆژە یاسایەکە کە بەناوی (گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی)ە، لە 45 مادە پێکهاتووە، پرۆژەیەکە لە دوای خوێندنەوەیەوە بەدیار دەکەوێت کە وورد و تێرو تەسەلە. وە هەنگاوەکانی بە گژداچوونەوەی گەندەلدەڵکاران و سیستەم و دەستەڵاتی سێبەری لە بەڕێوەبەرێکی گشتیەوە تا بەرزترین پلە لە خۆی گرتووە، کە وا دەبینرێت ئامانجی کورتخایەنی؛ گێرانەوەی پارە دزراوەکانی عێراق بێت کە سەرووی 150 ملیار دۆلارە. وە ئامانجی درێژ خایەنیشی؛ ووشکردنی نەزیفی دارایی عێراق و لاواز کردنی دەستەڵاتی سێبەر و بوژانەوەی ژێرخانی دارایی و ئابووری عێراق بێت کە و دوور نیە ئیستیقراریەتی ئابووری و سیاسیی بباتە قۆناغێکی نوێوە.


لە کۆتاییدا؛
بە هیواین لەهەرێمی کوردستانیش کە بێ بەش نیە لە بونی دەستەڵاتی سێبەر کە بەردەوام مەترسیەکانیمان خستۆتە ڕوو، لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەوە بە گۆڕێکی نیشتیمانیانە کار بکرێت بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی هەرێمیش، بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێرقدا و پشتیوانی ئەو پرۆژە یاسایەی کە ڕەوانەی پەڕلەمان کراوە، تا چیتر هاوڵاتیان و مووچە و ژیانی خەڵک نەبێتە قوربانی کەمینەیەکی گەندەڵکارانی بێ رەحم و دەستەڵاتی سێبەر.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif