خراپتر لەکوشتن، رفاندن و شاردنەوەی زۆرەملێ لەعێراق!

ليست هناك تعليقات

و/راپۆرت - ھاوڕێ یاسین


لە حەوشەی شاری پزیشکی بەغدا، کۆمەڵێک ژنان و پیاوی بەتەمەن کۆبوونەوە، خەمێک ھەموویانی بەجلی ڕەشەوە کۆکردۆتەوە، ژنان بەزللە لە روخساری خۆیان دەدەن، یەکێکیان بەدەستێک وێنەی کوڕەکەی بەدەستەوە گرتبوو و بەدەستەکەی تری دەیکێشا بە سنگیداو ھاواری دەکرد و دەیگوت کوڕەکەم هێشتا هەر لە تەمەنی گەنجیدا بوو ، تەنانەت هەژدە ساڵیش نەبوو ، دەیانگوت لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا تەقەی لێ کراوە و دواتر بە برینداری ناتوانێ ھەڵبێت و دەستگیردەکرێت، ھاتووم تەرمەکەی لێرە بدۆزمەوە، هەموو نەخۆشخانەکان گەڕاوم تا ئێستا هیچ ئاسەوارێکیم نەدۆزییەوە.

لە درێژەوەی هەوڵەکانیاندا بۆ گەڕان بەدوای منداڵە ونبوو و بێسەروشوێنەکانیاندا لە خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، کەسوکاری بێسەروشوێنکراون بەھەمان رێگای باوکی پارێزەری عەلی جاسێب دەڕۆن کە بەردەوام وێنەی کوڕەکەی ھەڵدەگرت و بەدوای سۆراغی کوڕەکەیەوە بوو، داوای لە ھەموو لایەنەکان دەکرد تا چارەنووسی ئاشکرا بکەن، بەڵام پێش ئەوەی چارەنووسی کوڕەکەی بزانێت چەکدارە نەناسراوەکان خۆشیان تیرۆر کرد!

کاتێک گوێت لە کەسوکاری بێسەروشوێن کراوەکان دەبێت چیرۆکی بەئازاری جۆراوجۆر دەبیستیت، لەوانە چیرۆکی گەنجێکی تر بەناوی عەبدالماسیح ڕۆمیۆ کە لە مەیدانی خەیلانی لە ناوەڕاستی بەغدا ڕفێندراوە، دوای ئەوەی ساڵێک و نیو پێش ئێستا بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ئۆکتۆبەردا کرد، بە وتەی ھاوڕێکانی کە شاھیدی رفاندنەکەی بوون گوایە هێزی چالاکیە مەدەنیەکان لەگەڵ گروپێکی دیکە دەستگیریان کردوە، دواتر خێزانەکەی سەرجەم زیندانە حکومیەکان گەڕاون بەشوێنیدا بەڵام تا ئێستا شوێنەواری بزرە.

لە ڕۆژی 1 ی شوباتی 2020 ، ڕۆژنامەنوس و توێژەر مازن لەتیف ڕفێنرا ، چەند ڕۆژێک دواتر ڕۆژنامەنوس تۆفیق ئەلتەمیمی ڕفێنراو و تا ئێستا چارەنووسی ئەم ئەم دوو رۆژنامەنووسە نادیارە!

نرخێکی زۆر!

چیرۆکەکان وەک یەک ئازاربەخشن، دەیان چیرۆک چارەنووسی پاڵەوانەکانیان نادیارە، کاریگەری بێسەروشوێن بوونی رۆڵەکان لەسەر خێزانەکەیان لە کوشتن سەختترە، چونکە ھیچ نەبێت ئازەرەکە جیاوازی هەیە کاتێک مرۆڤ چارەنووسی ئازیزانی دەزانێت و دەتوانێت لە ناو خۆڵدا بیانشارێتەوە و ماڵئاواییان لێ بکات، بەڵام لەم دۆخەدا کە چارەنووسیان نادیارە و بەبونی ھیوایەکی کەم بەردەوام لە چاوەڕوانی و لە ئازاردان!

دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنەوەی شاری سەقلەویەی ڕۆژئاوای عێراق لەژێر دەستی " داعش " وە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە حەشدی شەعبی و گروپەکانی میلیشیایەکانی نزیک لە ئێران، ھێشتا چیرۆکی خەماوی ھەیە، خێزانی عامر فازیڵ ( 35 ساڵ ) ناچار بوون خانوەکەیان بفرۆشن و پارەکەی بدەن بە کەسێک تەنھا بۆ ئەوەی چارەنووسی کوڕەکەیان بزانن!

کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی ھاوسۆز لەگەڵ ئێرانەوە ڕفێنرابوو، کاتێک پێنج ساڵ پێش ئێستا ئەندامەکانی ئەو گروپە بە جلی سەربازییەوە چونە نێو شارەکەیان و داوایان لە ژنان و منداڵان کرد شارەکە جێبھێڵن بە بیانووی پاککردنەوەی لە "داعش"

دواتر سەرجەم پیاوانی تەمەن سەرو شازدە ساڵیان دەستگیرکرد.

موھا خێزانی عامر لە ژورێکی بچوکی نێو زەویەکی کشتوکاڵیدا دەژی، کە ھاوشاریەکی بۆی دابین کردوە تا ئەو کاتەی ھاوسەرەکەی دەگەڕێتەوە، چونک موھا خانوەکەی لەدەستداوە، موھا بە لەچکێک دەموچاوی داپۆشیوە و منداڵەکانی بەترسەوە چاوەڕێی ھاتنی چەکدارە میلیشیاکانن دەکەن کە رۆژانە بە ناوی پشکنینەوە دێنە ناوچەکەیان.

موھا دەڵێت ھەر جارەو کەسێک دەھاتە لامان و دەیوت ھەواڵی ھاوسەرەکەتمان لایە و بەڵێنی دۆزینەوەی پێدەداین و پارەی لێوەردەگرتین، بەڵام کە دەچوین بۆ زیندانەکان ھیچ شوێنەوارێکی نەبوو، بۆیە لە کۆتایدا ناچاربووین خانوەکەمان بفرۆشین تەنھا بۆ ئەوەی ھاوسەرەکەم بدۆزمەوە، کۆتا جار پێیان وتم رەنگە لە زیندانێکی یەکێک لەو گروپە میلیشیاییانەدا بێت، بەڵام کێ دەتوانێت بگات بەوان! من رەتی دەکەمەوە ھاوسەرەکەم مردبێت تا تەرمەکەی نەبینم، بۆیە ئەو لە ژیاندایە.

لە شاری "ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق، (سەعید کازم) چاوەڕوانی گەڕانەوەی سێ منداڵەکەی دەکات، کە بچوکترینیان تەمەنی 17 ساڵە، کە چوار ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ئەندامانی "حەشدی شەعبی"ەوە ڕفێندران، دوای ئەوەی هێرش کراوەتە سەر ناوچەکەیان و سەرجەم پیاوانی ناوچەکەیان دەستگیرکردوە، لەوانە منداڵەکانی ( سەعید ).

سەعید دەڵێت " لەو کاتەوە ھیچ نەخۆشخانە و زیندانێک نەماوە کە من نەچوبێتم بۆ سۆراغی کوڕەکانم، لە درێژەی قسەکانیدا وتی یەکێک لە کوڕەکانم بە دەست کێشەی ھەناسەدانیەوە دەیناڵاند و ناساغ بووە، نازانم هێشتا زیندوون یان نا من ئامادەم گیانی خۆم بەخت بکەم لە پێناو بینینیان و تەنانەت بۆ بیستنی ھەواڵێکیان ئامادەی ھەموو شتێکم.

سەعید بەچاوی پڕ فرمێسکەوە قسەی دەکرد، لەکاتێکدا سەیری کوڕەزاکەی دەکرد کەباوکی رفێنراوە وتی یەکێک لە حزبەکان نازانم حەشدی شەعبی بوو یان حزب اللە لەبەرامبەر ئازادکردنی منداڵەکانم داوای پارەیەکی زۆری دەکرد و وتیان منداڵەکانت لە زیندانی ئەلحۆتدان و تۆمەتبارن بە پەیوەندی بە داعشەوە، وە ئێمە بە پارە لە رێگەی ئەفسەرێکەوە دەتوانین دۆسیەکەیان بگۆڕین، لەو کاتەوە ھیچ زانیاریەکم لەسەریان نەماو نازانم لە زیندان ماون یان نا!

لە نیوەڕۆیەکی ھاوینی پڕوکێنەردا کۆمەڵێ لەدایکانی بێسەروشوێنکراوان لەبەردەم زیندانی حووت لە شاری ناصڕیەی باشوری عێڕاق کۆبونەتەوە بەو ھیوایەی کە منداڵەکانیان لە زیندان بدۆزنەوە، لەو گەرمایەو لەسەر زەویەک راوەستا بوون کە گەرمی قیرەکەی بەس بوو تا بنی پێیەکان بسوتێنێت.

یەکێکیان رایکردە بەر پێی پاسەوانی زیندانەکە و لێی دەپاڕایەوە بەس بۆ ئەوەی بەدوای ناوی کوڕەکەیدا بگەڕێ لە زیندان!

یەک ملیۆن ونبوو لەعێڕاق!

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2019وە تا ئێستا 75 حاڵەتی بێسەروشوێن بوونی دۆکیومێنت کردووە، ھەر چەندە ژمارەیەکیان ئازاد کراون، بەڵام چارەنووسی 50 کەسیان نادیارە.

بە گوێرەی وتەی " لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور " عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین تۆماری بێسەروشوێن بوون و ونبونی تێدا تۆمارکراوە لە جیھاندا.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور کە بەھاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێڕاق کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنکراوان و ونبوان رایگەیاند ژمارەی بێسەروشوێنکراوان لەعێڕاقدا لە نێوان ٢٥٠ ھەزار بۆ ملیۆنێک کەس مەزەندە دەکرێت لەپێش روخانی رژێمی بەعسەوە تا ئێستا!

عومەر فەرحان بەرپرسی سەنتەری بە دیکۆمێنت کردنی تاوانەکانی جەنگ ئەوەی ئاشکرا کرد لە رۆژەکانی سەرەتای ئازادکردنی ناوچەی گەیارەی سەر بە موصڵ زیندانێکیان ئاشکراکردوە کە سەر بە ھێزەکانی دژە تیرۆر بووە ، تێیدا بەرپرس و ئەندامەکانی تاوانی قێزەونیان بەرامبەر ھاوڵاتیان و دانیشتوانی ئەو ناحیەو گوندانە ئەنجام داوە، ھەروەھا ئاسانکاریان کردوە بۆ ئازادکردنی چەکدارانی داعش بەرامبەر بە پارەو لەو رێگایەوە ملیاران دینارین دەسکەوتوە لە شێوەی زەوی و زار و کاری بازرگانی.

لەگەل ئەوەشدا داوای پارەیەکی زۆریان لەکەسوکاری ئەو کەسانە کردوە کە بێ تاوان زیندانیان کردون و ئەوەی پارەی نەدابێت ئەوا روبەڕوی سزا و لێدان و کوشتن بۆتەوە بەبێ ھیچ لێکۆڵینەوەیەک.

فەرحان دوپاتیدەکاتەوە کە لەو سەردەمەی میلیشیاکان کە کۆنتڕۆڵی ناوچە ئازادکراوەکانیان کردبوو لە دەستی داعش، خەڵکانێکی بێتاوان و داوانەکراو کوژراون و ھیچ تۆمارێکی رەسمیش نیە لەبارەی کوژرانیانەوە!

ئەم پێشێلکارییانە لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامی ھەیە و لەکاتی پرۆسە سەربازییەکانی پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاح الدین و و نەینەوا دا زیاتر لە 23 هەزار حاڵەتی دیار نەمان و بێسەروشوێن بوون بەدۆکیومێنت کراوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی بەغداد و پارێزگاکانی باشور، ئەو سەنتەرە زیاتر لە 75 کەیسی بێسەروشوێنکردن و رفاندنی چالاکوانان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان تۆمارکردوە، کە چارەنووسیان نادیارە نازانرێت کێ ڕفاندوونی، حکومەتیش توانای ئەوەی نییە کار لەسەر ئازادکردنیان بکات، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە گروپە میلیشیاییەکان لە دەوڵەت بەھێزترن!



دۆسیەی بێسەروشوێنان و بازاڕی ھەڵبژاردنەکان!

عومەر جەنابی رۆژنامەنووس باس لەوە دەکات کە لایەنە سوننەکان پێش ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ پرسی ئاوارە و بێسەروشوێنکراوانیان کردە بابەتی ریکلانی ھەڵبژاردن و ھەندێ لایەنی شیعیان تۆمەتبار دەکرد بە جێھێشتنی زۆرە ملێی و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی، بەڵام دواتر پاش بەشداری لە حکومەت و بەستنی ھاوپەیمانێتی لەگەڵیان ئەم پرسەیان بە تەواوی پشتگوێ خست و فایلەکانیان داخست.

ئێستا و لەسەر بەندی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان وا خەریکە دوبارە ئەو پرسە زیندوو دەکرێتەوە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵکی و کۆکردنەوەی دەنگ.

لە نێوان ساڵەکانی 2015 بۆ 2020 " کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق " 8615 حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی تۆمار کردووە لەگەڵ 12 هەزار وون بووە، تەنھا لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020 دا زیاتر لە 8 هەزار حاڵەت تۆمار کراوە.

سەجاد ئەلعیراقی کە یەکێکە لە بێسەروشوێنەکان و دوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر بەهۆی چالاکیەکانی دژ بە میلیشیاکانەوە ڕفێندرا، سەجاد بە نوسین و بڵاوکراوە ئیدانەی توندوتیژیەکانی گروپە میلیشیایەکانی دەکرد.

بە پێی گوتەی ھاوڕێکانی سەجاد لە زیندانی نھێنی گروپە میلیشیاکاندایە نەک زیندانی حکومی.

گروپەکانی حەشدی شەعبی چەندین زیندانی نھێنیان ھەیە لەناوچە جیاوازەکانی عێڕاق، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو گروپانە کە مەعسکەر ئەشرەف لە دیالە زیندانی نھێنیان ھەیە و سەدان کەسیان لە دەرەوەی یاسا بەندکردوە.

کۆی گشتی زیندانە نھێنیەکان بە١٧ زیندانی نھێنی دادەنرێت و لە پارێزگاکانی بەغداد و بابل و موصڵ و صەڵاح الدین جگە لە بونی زیندانی تر لەناو بارەگای ئەو گروپانە.

لەنێوان گۆڕە فەرامۆشکراوەکان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان!

بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لەبەشی پزیشکی دادوەری لە بەدرێژایی ساڵێ 2020 تەنھا لە بەغداد و نەجەف و کەربەلا 491 تەرمی ناناسراویان بەخاک سپاردوە کە پێیان وابووە ئەو کەسانەی کە لەزیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بەبێ ئەوەی ناسنامە یان هۆکاری کوشتنەکەیان دیار بێت.

لەم دواییانەدا لە شاری ئەنبار ی ڕۆژئاوای عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە ژمارەیەک کەسی تێدا بوو، بەپێی جل و ئێسکو پروسکیان بێت قوربانەکان خەڵکی مەدەنی بوون و سەرو کەلەیان شوێنی گولەی پێوە بوو کە دیارە رەمی کراون و دواتر خراونەتە چاڵەوە، ئەو شوێنەی گۆڕەکانی تێدا دۆزراوەتەوە پێشتر شوێنی کۆبونەوەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بووە لە ساڵانی 2014 و 2015z.

بڕیار بوو دەوڵەت قەرەبووی کەسوکاری بێسەروشوێنان بکاتەوە بەبڕە پارەیەک ، بەڵام عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات کە حکومەت ھیچ داتابەیسێکی لەبەردەستدا نییە بۆ تۆمارکردن و گەڕان بەدوای چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکان و ونبواندا ھەتا لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرانیدا بکات.

لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونەکانی عێراق سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کە دەسەڵاتی وەرگرتنی سکاڵای کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکانیان هەیە، داوای ڕونکردنەوەیان لە وەزارەتی داد کردوە سەبارەت بەو دۆسیانە ، بەڵام وەزارەتی داد ڕەتیکردۆتەوە هیچ جۆرە رونکردنەوەیەک بدات لەسەر ئەو دۆسیەیانە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif