داوا دەكریت مووچەی کەمئەندامان بە لیستی مووچەوە نەبەسترێتەوە

ليست هناك تعليقات



عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "ئێستاکە نزیکەی 88 هەزار هاووڵاتی لەو مووچەیە سوودمەندن. پێشنیازمان کردووە ئەو بڕە پارەیەی بە کەمئەندامان دەدرێت مووچە نییە، هاوکارییەکی کۆمەڵایەتییە. پێشنیازمان کردووە کە بە لیستی مووچەوە نەبەسترێتەوە کە ئەگەر مووچە هەبێت، ئەو بدرێت و، ئەگەر مووچە نەبێت ئەویش نەدرێت. پێویستە مانگانە بە رێکوپێکی لە رۆژێکی دیاریکراودا بدرێتە کەمئەندامان."

ئەو کەمئەندامانەی کە شەلەل دەماغن یان کێشەی دەروونی و ژیرییان هەیە، رۆژانە پێویستیان بە چارەسەرە کە ئەوەیش خەرجیی دەوێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێمە داوامان کردووە وەزارەتی تەندروستی لەم رووەوە کەمتەرخەمی نەکات و هەموو تێچووی کەمئەندامان بە بێبەرامبەر لە ئەستۆ بگرێت. هەوڵیش بدات بە بڕیارێک نەخۆشخانە تایبەتەکان بە خۆڕایی چارەسەری کەمئەندامان بکەن."

لە 2020/11/20دا 34 پەرلەمانتار لەبارەی رەوشی کەمئەندامانەوە یاداشتێکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرد. پاشان سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لێکردن راپۆرتێک لەبارەی کێشە و گرفتەکانی کەمئەندامان و چارەسەرەکانەوە پێشکەش بکەن و رۆژی سێشەممە 2021/04/27 پەرلەمان لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.

عومەر گوڵپی ئەوەی خستەڕوو: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە هەموو روویەکەوە گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە دەکات کە تێیدا باس لە هاوکارییە داراییەکان، پەروەردە و فێرکردن، راهێنان و چارەسەری تەندروستی کراوە."

لە هەرێمی کوردستاندا ئەو کەمئەندامانەی هیچ مووچەیەک لە حکومەت وەرناگرن بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوانەیشی مووچە لە حکومەت وەردەگرن 100 هەزار دینار وەردەگرن.

بڕی کۆی گشتیی پارەی کەمئەندامانی هەرێمی کوردستان 12 ملیار دینارە. هەروەها 30 هەزار هاووڵاتیی کەمئەندام هەن کە لە 2012وە چاوەڕوانن ئەو هاوکارییەیان بۆ تەرخان بکرێت و تا ئێستا تەرخان نەکراوە.

عومەر گوڵپی گوتی: "ئێمە پێشنیازمان کردووە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەموو ئەو هاووڵاتییانە تۆمار بکات و ناسنامەیان بۆ بکات. هەروەها ئەو هاوکارییەیشیان بۆ تەرخان بکرێت کە کۆی گشتییەکەی نزیکە دوو ملیار دینارە. کێشیەکی دیکە کێشەی بەخێوکارە. ئەو خێزانانەی هیچ کارمەندێکیان لە حکومەتدا نییە، دەبێت بەپێی یاساکە حکومەت دایکی منداڵەکە بکاتە بەخێوکار کە بڕە پارەکەیش زۆر کەمە و 127 هەزار دینارە."

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنوێنییەکی دەرکردووە کە بۆ ئەو کەسانەی هیچ مووچەیەکیان نییە رێژەی کەمئەندامی بە 70٪ دانراوە، بەڵام ئەوانەی سەرچاوەی دیکەی داهاتیان هەیە بە 55٪ دانراوە.

ئەو پەرلەمانتارەبە جەختەوە دەڵێت: "ئەم بڕیارەی وەزارەت نایاساییە و پێچەوانەی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011یە کە جیاوازی ناکات لەنێوان هاووڵاتییەکدا کە سەرچاوەی داهاتی هەیە یاخود نا، چونکە ئەو بڕە پارەیە جیاوازە. بۆ یەکێکیان 150 هەزار دینارە بۆ ئەوی دیکەیان 100 هەزارە. هەروەها ئەو پارەیە لە بری کەمئەندامییە. هاووڵاتییەکی نابینا کە 100٪ کەمئەندامە، با لە حکومەتیشدا مووچەی هەبێت، بەڵام خەرجییەکانی لە کارمەندێک زیاترن کە بینایە. ئێمە ئامانجمانە ئەم بڕیارەی وەزارەت هەڵبوەشێنینەوە."

هەندێک کەمئەندامی وەک ئۆتیزم و شەلەل دەماغ هەن کە گرفتی راهێنانیان هەیە و پێویستیان بەوەیە لە سەنتەری زۆر باشدا راهێنانیان پێ بکرێت بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن.

عومەر گوڵپی ئەوەی خستەڕوو، ئەوان چوار خاڵیان پێشکەش کردووە کە پەیوەندیی بە بەهێزکردنی سەنتەرەکانی ئۆتیزمەوە هەیە. بە داخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم رووەوە زۆر کەمتەرخەمە. تەنیا لە سلێمانی یەک سەنتەری ئۆتیزم هەیە، ئەویش لە رووی بیناوە باشە، لە رووی ستافەوە زۆر کەموکورتە. لە هەولێر و دهۆک کێشەی زۆر گەورە هەیە. لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینیش هیچ شتێک بۆ منداڵانی ئۆتیزم نییە.

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "وەزارەتی پەروەردە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەوەیە تایبەتمەندێتی بداتە منداڵانی کەمئەندام و لەپێشتر بن. گرفتێکی دیکە ئەوەیە کە منداڵانی نابیست لە دوای پۆلی نۆیەمی بنەڕەتییەوە هیچ دەرفەتێکی خوێندنیان بۆ ناڕەخسێت. ئەمە زۆر زۆر خراپە. ئێمە داوامان کردووە وەزارەتی پەروەردە ئەو نابیستانە لەو ئامادەییە پیشەییانەی وەک بەشی دارتاشی و کارەبایی وەربگیرێن. لە خوێندنی باڵایشدا کێشە زۆرە کە کۆلێژ و بەشەکان حسابی تایبەت بۆ کەمئەندامان ناکەن."

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 120 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن کە بە هۆکاری جیاجیا ئەو دۆخەیان بەسەردا هاتووە و، پێشتریش سامان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان باسی لەوە کرد کە ئێستاکە لە هەرێمی کوردستاندا رووداوەکانی هاتووچۆ هۆکاری سەرەکیی کەمئەندامبوونن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif