وەزیری پێشمەرگە داوا لە کازمی دەکات دەستوەردان بکات بۆ رێککەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق

ليست هناك تعليقات

وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا دوای دانوستان و چەندین گفتوگۆی ھاوبەش لەگەڵ سوپا و وەزارەتی بەرگریی عێراق نەگەیشتوون بە ھیچ رێککەوتنێک، ئەگەر چی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە ھەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە، هاوکات داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کرد کە راستەوخۆ دەستوەردان بکات تا ھەردوو وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی پێشمەرگە بگەنە رێککەوتنی گشتگیر و ھەمەلایەنە بۆ پێکھێنانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە جێناکۆكه‌کاندا.

بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە میدیا سەنتەری وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە، شۆڕش ئیسماعیل لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ سنووری گەرمیان، میحوەری دووی قەرەتەپە ـ حەمرین و لیواکانی ۱٦ و ۱۷ی پیادەی بەسەرکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیدا، کە سەرۆکی ئەرکان فەریق، جەمال محەمەد و یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان یاوەری بوون، وەزیری پێشمەرگە ستایشی رۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری میحوەری دووی (قەرەتەپەـ حەمرین) کرد.

لە میانی دیدارێکیشیدا لەگەڵ فەرماندەی لیواکان و بەرپرسانی باڵای میحوەرەکە وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستیە ترسنۆکانەی تاریکپەرستان کە دوو کاتیۆشایان ئاراستەی شاری کفری ئازیز کرد، لێرەوە رایدەگەینین: بە کردەوەی ترسنۆکانەی لەو شێوەیەی تیرۆریستانی داعش، سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ناشێوێنێت، ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بۆ ھەر کردەیەکی تیرۆریستی لەو شێوەیە وەڵامی توند و کەمەرشکێنی دەبێت".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری پێشمەرگە گوتی: "ئێوە لە سنووری گەرمیاندان، ناوچەیەک بەدرێژایی مێژوو ناوەندی خەبات و قوربانیدانی زۆر و گەورە بووە، رۆڵە ئازاکانی خاوەن داستانی زۆرن لە رووبەڕووبوونەوەی زۆڵم و ستەمەکانی رژێمی لەناوچوو، بۆیە گومانی تێدانییە ئەمڕۆ ئێوە و نەوە ئازاکانی ئێرە و گەلەکەمان رێگە بەتیرۆریستان و دەستە و گرووپی تیرۆریستی نادات ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە بشێوێنێت".

لە وێستگەی دووەمی سەردانەکەیدا، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لیوای ۱۷ی پیادەی بەسەرکردووه‌تەوە و لەو سەردانەشدا دوا سەنگەرەکانی پێشمەرگەی به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه‌ و لەلایەن سەرۆکی دەستەی ئەرکان، رێنمایی پێویست لەسەر رێکخستنەوە و دابەشبوونەوەی سەنگەرەکانی لیواکە خرایەڕوو. ھاوکات لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە راستەوخۆ بڕیاری رێکخستنەوەی دابەشکاری ھێزەکان و سەنگەرەکانی بەرگریی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە درا.

لە میانی بەسەرکردنەوەی کۆتا سەنگەرەکانی پێشمەرگە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە، وەزیری پێشمەرگە گوتی: "لە ماوەی رابردوودا دوای دانوستان و چەندین گفتوگۆی ھاوبەش لەگەڵ سوپا و وەزارەتی بەرگریی عێراق نەگەیشتین بە ھیچ رێککەوتنێک، ئەگەر چی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە ھەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە، بۆیە دەرفەتێکی باشە، لێرەوە داوا لە بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم راستەوخۆ تەده‌خول بکات تا ھەردوو وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی پێشمەرگە بگەنە رێککەوتنی گشتگیر و ھەمەلایەنە بۆ پێکھێنانی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە جێناکۆکاندا، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە پڕبکەینەوە کە لەنێوانماندا ھەیە، تا چیتر تیرۆریستان دەرفەتی نەگریسانە نەقۆزنەوە و کاری تیرۆریستی و تێکدەرانەی وەک چەندین رۆژی رابردووی سەر شاری کفری ئەنجام نەدەن".

لە دوایین وێستگەی سەردانەکەیدا، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، لیوای ۱٦ی پیادەی لەسنوری ناحیەی (تەکیە)ی بەسەرکردەوە.

لەو سەردانەیەدا، شۆڕش ئیسماعیل ستایشی ئەرک و فەرمانی ئەو لیوایەی کرد کە بەشێوەیەکی زانستیانە و سەربازیانەی مۆدێرن رێکخراونەتەوە.

فەرماندەی لیواکە، داوا و پێویستی لیواکەیانی خستەڕوو، لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە بەڵێنی دابینکردنی پێداویستیەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان دووپاتکرایەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif