چیرۆکی ئەم درۆن و رۆکێتانەی رەوانەی ھەولێر کران

ليست هناك تعليقات

تەنیا كوردی

درۆنی ئەم جارە کە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر کرا، ھاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی لاپەڕەیەکی سپی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەتایبەت لەم سەردانەی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا کە قورسایی سیاسیی کوردی لەوێ خستەوە سەر مێزی گفتوگۆ و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە پیر دەستپێشخەرییە نێودەولەتییەکەی سەرۆکی ھەرێم چوون، بۆیە ئەم درۆنەی گیرایە ھەولێر و ئەم دوو سێ رۆکێتەی شێخانیش کە ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لەوێ کران، چیرۆک و خوێندنەوەی جیاواز ھەڵدەگرن و پەیامێکی تێکەڵە بۆ مێدیاو رای گشتی کە ئەم خاڵانەی بە تێڕوانینی جوودا لێ دەخوێنرێتەوە:

یەکەم، لەم ماوەیەدا جوڵەیەکی دیپلۆماسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنساو دواتر لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان و دواتریش لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی عێراق و سەرجەم دامەزراوە باڵاکانی عێراق بینرا، ئەم جۆرە درۆنەی کە گیرایە ھەولێر، ھەر چۆنێک بێت و لە کوێ ئاراستەکراوبێت و، نامەی درۆنەکە بۆ کامە مەبەست نووسرا بێت و کێیش وەھا تەوقیتێکی دانابێ کە ئامانج لێی تێکدانی ئەم ئاشتەواییە بێت کە نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەری نێودەوڵەتی پێبوو بۆ نزیکبوونەوەی ھەرێم و بەغدا، ئیدی جوڵە دیپلۆماسییەکەو ئەم ھەوڵە لەبارناچێت.

دووەم، رێککەوتنی ستراتیژی ئەمەریکاو عێراق دەبێ تورکیاش بگرێتەوە کە لە عێراق دەرچێ، لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا ھێزەکانی سنووردار بکات، ھاوکات کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق، دەبێ ھەرێمیش بگرێتەوە، جا ئەگەر رۆکێتەکە داوێکیش نەبێ بۆ ھاتنە ژوورەوەی تورکیا بۆ ناوچەیەکی تر کە ئەم گەمەیە گەڵێک جار لە نێوان تورکیاو باڵێکی پەکەکە ھەبووە.

سێیەم، ئەم نیشانەی جارێک رۆکێت و ئێستا درۆن، ھاوکاتی ئەو دەنگۆیە بوو کە دەگوترا بنکەیەکی ھەواڵگری ئیسرائیل لە ھەولێر بۆردوومان کراوە، ئەم درۆنەی کە ئاراستەی ھەولێر کرا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ھەواڵەیش بوو کە گوایە ئیسرائیل لە فڕۆکەخانەی ھەولێر ھەن.

چوارەم، ئەم شێوازە دەیەوێ بڵێ ئامانج ھەرێم نییە، بەڵکوو ئەم ھێزە بیانییانەن کە لە ھەولێر ھەن.

تێگەیشتنێکی تر

یەکەم، بەرپرسانی ھەرێم لە ھەردوو سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەت داوای دەستبەجێی دانانی سنوورێک بۆ ئەم ھێرشانەو کشانەوەی ئەم ھێزانە دەکەن لە ناوچە کوردستانییەکان، لێرە پێویستە بپرسین ئەم ھێزانە کێن؟ 

لە شێخان گومانی تێدانییە تورکیا دەستی بیانوو بۆ پەکەکە درێژ دەکات کە لە مەخموور و شنگال و ناوچە جیاوازەکانی دیکەی سنوورھەن، درۆنەکەی ھەولێریش وەک جاران باڵێکی میلیشیای نزیک لە حەشد دەڵێن ئەوان ھێرشەکەیان کردووە، کەوایە مەبەستی ھەرێمی کوردستان لە کشانەوەی ھێزە نا یاساییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان پەکەکەو حەشدی شەعبییە، ئەگەر دیقەتی ورتر لە بەیاننامەکە بدرێت باسی ھێزی یاسایی دەکرێ کە تەنیا ئەمان لە عێراق بمێنن.

دووەم، گەڕانەوەی پێشمەرگە بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزە فەرمییەکانی عێراق لە بۆشایی ئەمنی کە لە نێوان ھێزی عێراق و پیشمەرگە ھەیە ئەم جۆرە ھێرشانە ناھێڵێ، بەڵام ئایا حەشد دەھێڵێ ئەمە رووبدات ئەمە وەڵامەکە لای ھاوپەیمانان و بەغداو ھەولێرە.

سێیەم، باشترین دەرفەت بریتییە لەوەی کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان داواکاری خۆیان وەک راپەڕینێکی مەدەنی بکەن کە ھێزە ناشەرعییەکان ناوچەکە جێبێڵن، ئەمە ھەم رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لە ناوچەکە ئاسان دەکات، ھەمیش کۆتایی بە چیرۆکی ئەم رۆکێت و درۆنانە دێنێت کە دەمێکە وەک درامایەک بەدوای یەک سەرەتا بە رۆکێت و ئەم جارە بە درۆن دێن، کە بەتاڵکردنەوەی ئەم چیرۆکەیش روونە، کە ھەم لە ھەرێم و ھەم لە بەغدایش باش لێی تێدەگەن کە بۆچی لەم تەوقیتە ئەم جۆرە یارییە دەکرێت

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif