دانا مەنمی
مرۆڤبوون مانای فڕێدانی خەمی ڕابردوو نەبوونی ترسە لەداهاتوو، مرۆڤبوون مانای ئێستایە لەچی ئێستایەكدایە بۆ ژیانو هیچ شتێك ئاسۆی ژیانی لێڵ نەكاتو بەختەوەری لێنەدزێت، بەختەوەری لەسەر سێ پایە دامەزراوە كە ئەویش لەبیركردنی ڕابردوو ــ سودوەرگرتن لەدەرفەتەكان ــ ئومێدبوون بەئایندە، هەروەك بیرمەندی زاناو حەكیم لاوتسو پێیوایە "ئەگەربێتو خەمناك بوویت، ئەوا تۆ لەڕابردوو دەژیت، ئەگەریش نیگەران بوویت ئەوا تۆ لەداهاتوو دەژیت، بەڵام هەر كە هەستت بەئارامی ڕۆح كرد، ئەوا بێگومان لەساتی ئێستادا دەژیت".
مرۆڤ بۆ ئەوەی كاتەكانی بەفیڕۆ نەداو كاری ئەمڕۆ نەخاتە سبەینێ، دەبێ زۆر جوان لەم پەندە تێبگا كە دەڵێت:"كات وەك شمشێرە، ئەگەر نەیبڕی دەتبڕێ!"، هەروەك مامۆستا ناسری سوبحانی لەوبارەوە دەڵێت:"ئینسان بگا بەدۆخێك كە نە "خەمی ڕابردوو" مێشكی داگیربكات، نە "ترسی داهاتوو" دەستی لەقوڕگ نابێ"، دواجار ڕێگەی گەیشتن بەبەختەوەری بریتییە لەوەی چۆن سود لەئێستای ژیان وەربگرینو بەگرنگییەوە لەكاتو بڕوانینو بایەخدان بەچۆنێتی ڕۆیشتن بەڕێگاكە گرنگە نەك گەیشتن بەئامانجەكە، چونكە بەختەوەری خودی ڕێگاكەیە نەك ئامانجەكە، ڕاستە مرۆڤ ناتوانێت ڕابردوو لەبیربكات، بەڵام دەتوانێ تێیانپەڕێنێتو نەهێڵێت ببێتە بەربەست لەبەردەم ئایندەو دەرفەتەكان لەدەستبدات .
شاعیرو نووسەرو فەیلەسوفی ئەڵمانی یۆھان ڤوڵفگانگ ڤۆن ــ گۆتە (١٧٤٩-١٨٣٢) دەڵێت:"بەختەوەرترین مرۆڤ كەسێكە كە لەماڵەكەی خۆیدا بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێت"، ئەم دەربڕینەی گۆتە دەربڕینێكی جوانە بۆ مرۆڤی هۆشیارو بەئاگا، دەكرێت مرۆڤ لەناو دونیای سیاسیو ژیانی تایبەتیو خێزانو كۆمەڵگا بێئومێدبێت، دەكرێت مرۆڤ لەتەوژمو تاریكییەكانی ڕۆژگارو لەستەمو جەنجاڵی بێئومێدبێت، بەڵام نابێت مرۆڤ لەبوونی خۆییو لەخولقێنەری بێئومێدبێت، كاتێك مرۆڤ لەبوونی خۆی بێئومێدبێت هەموو خەیاڵەكانیو دەروازەی بیركردنەوەكانیو دەلاقەی هزرییەكانی ئاسۆی ڕوناكیان لێئەبرێت، قسەكانم دەگێڕمەوە بۆ وتەیەكی "بوزا " كە دەڵێت:"بەختەوەری لەسەر ڕێگا دروستدەكرێ، نەك دوای گەیشتن".
مرۆڤ بۆ گەیشتن بەبەختەوەری دەبێ كارامە بێتو دڕكو داڵی سەر ڕێگاكەی هەڵماڵێو كۆسپو ئاڵنگارییەكانی سەر ڕێگاكەی تێپەرێنێت، نمونەیەكی تر ڕاماندەكێشێت بۆ تێگەیشتن لەبەختەوەری كە ئەویش دیدێكی جوانی ڕۆماننوسی كۆڵۆمبیو خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ "گابریل گارسیا ماركیز" لەوەسێتنامەكەیدا دەڵێت:"زۆر لەئێوە فێربووم ئەی مرۆڤ، تێگەیشتم هەموو ئەیانەوێ لەلوتكەی چیادا ژیان بكەن، بێئاگا لەوەی ڕازی بەختەوەری لەهەڵگەڕاندایە بەسەر چیاكەدا، نە خودی لوتكەی چیاكە كە خەونی پێوە دەبینن".
مرۆڤبوون ئەوە نییە كە دەستێكمان ئاوو بێت و دەستەكەی ترمان ئاگربێت، مرۆڤبون ئەوەنییە بەشێكی رۆحمان فریشتە بێت و بەشەكەی تر ئەهریمەن! مرۆڤبوون ترس نییە لە ژیان و سروشت ،ترسیش نییە لە مردن ، ترس نییە لە ململانێ و ترسیش نییە لە شكست !مرۆڤبون ترس نییە لە خودناسی و ناسینی ئەویتر!مرۆڤبون دەربرینێكی مەولانای رۆمی یە كە دەلێت :"مرۆڤ یەكەیەكە لە ئاوو گڵ و نیوەی لە گیان و دڵ ". واتا مرۆڤ خۆی دەبێ نیوەی ئاووگڵەكەی بدات بۆ بەدەستهێنانی نیوەی گیان و دڵەكە، ئەوكاتیش لاقێكت لە زەوییەو لاقەكەی ترت لە ئاسمان بە ئەوینێكی پاكەوە دەگەیت بە بەختەوەری و خەمی خۆت و ئەوانیتریش لە كۆڵ دەنێیت، هەروەك ئەحمەد شاملوو هاوار دەكات و دەلیت :" بریا دەمتوانی ئەم خەڵكە لەسەر شانەكانی خۆم دابنێم ،تاكو بزانن ئەستێرەی بەختەوەرییان لەكوێیە!
مرۆڤ بونەوەرێکی سەرسەختەو لەودیوی هەربینراوێك بۆ نەبینراوێك دەگەڕێ و وێڵی جیهانی نادیارەو دەیەوێ لەم جیهانەدا كە بووەتە "گوندێكی بچوك" لەمسەری زەوییەوە بۆ ئەوسەری زەوی گەشت بەنێو خەونە وەدینەهاتووەكانیدا بكات ، هێشتا بەشێك لەو پرسیارو گومانانەی مرۆڤ كە لە بارەی ژیان و بوون و سروشت كردویەتی لەبەرگی نادیاریدا ماونەتەوە،بەڵام بەشێك لە گومان و پرسیارەكانی مرۆڤ لەبەرگی نادیاری هاتونەتە دەرو ئاشكرابوون ،واتە نادیاری دوێنێ بووە بە دیاری ئەمڕۆ وبەشێك لەوەڵامی ئەو پرسیارانەی كە دوێنێ بێ وەڵام بوون ،ئەمڕۆ وەڵام دراونەتەوە ،مرۆڤ هەمیشە بونەوەرێكی بە گومان بووە لە ژیان و لە بوون و لە سروشت ، هەتا گومانی لە خودی خۆی و لە هەنگاوەكانی خۆیشی هەبووە ، گومانیش دەستپێكی كاریگەر بووە كە زیاتر بەناو نهێنی و نادیارەكاندا رۆبچێ و عەقڵ چالاكتر بێت ، گومانیش شێوازێکە بۆ تاقیکردنەوەی تواناو هێز لەناو کردەی گوماندا كە شتێک هەیە بیردەکاتەوەو دەمانگێرێتەوە بۆ گوتە بەناوبانگەكەی "رینێ دیكارت" كە دەڵێت :" من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم ،من هەم بۆیە بیردەکەمەوە"!. وە دواتریش بیرمەندی جەزائیرییو بەڕەگەزنامە فەڕەنسی "ئەلبێر كامۆ"، لەئەدەبی یاخیدا كاریگەری ئەم گووتە بەناوبانگەی دیكارتی بەسەرەوە دەبێت و دەلێت :"من یاخی دەبم، كەواتە من هەم" .
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق