حاکم رزگار: بەرپرسەكانی عێراق دەستوەردانیان لە دادگاییکردنی سەدامدا دەکرد

ليست هناك تعليقات



حاکم رزگار محەممەد ئەمین، لە بەرنامەی پەنجەمۆردا باس لە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی لە پرۆسەی دادگاییکردنی سەدام دەکات و هۆکارەکەشی بۆ "دەستوەردان" لە پرۆسەکە دەگەڕێنێتەوە. باس لەوەش دەکات کە ئەمریکییەکان ئاگایان لە هەموو وردەکارییەکانی پرۆسەکە هەبووە و پێشتر دەیانزانی چ روودات.

لەبارەی هۆکاری سەرەکیی پشت دەستلەکارکێشانەوەکەی، حاکم رزگار دەڵێ "هۆکارە سەرەکییەکە دەست خستنە ناو دادگاییەکە بوو لەلایەن حیزبەکانەوە، کە لە دەرەوەی حکومەتیش بوون، یەکێک لەو هەڵوێستانەی کە زۆر پێم ناخۆشبوو، یەکێک لە بەرپرسە حیزبییەکانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنابوو لەسەر بنەمای کۆمەڵێک شت، کە هیچ بنەمایەکی دروستیان نەبوو".

هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات: "ئێمە داوامانکردبوو پرۆسەی دادگاییکردنەکە شەفاف بێت و لە تەلەڤزیۆنەوە پەخش بکرێت، ئەوان یاداشتێکیان نووسیبوو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردبوو، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ دادگەی رەوانەکردبوو بەناوی ئیستنکار، لە نووسراوەکەدا هاتبوو، کە ئەم دادوەرە رێگە بە دادوەرەکان و داواکاری گشتی و سکاڵاکار نادات قسە بکەن. تۆمەتبار دانیشتووە و قەڵەم و کاخەزی پێدەدرێت، لە کاتێکدا سکاڵاکار بۆ ماوەی کاژێرێک قسەی دەکرد و لە تەلەڤزیۆنیش پەخش دەکرا. لە راستیدا دادگە هەڵوێستێکی وایان نەبوو، راستە وەڵامی هەندێک شتیان دایەوە، بەڵام ئەوەی کە من پێم ناخۆشبوو نووسراوەکە بە فەرمی لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتبوو، ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەق نەبوو بێتە ناو ئەو یارییەوە".

بۆ مانەوەشی لە پرۆسەکە حاکم رزگار باس لەوە دەکات کە ئەمریکییەکان پێیان خۆشبووە بمێنێتەوە، سەرکردایەتیی کوردیش وەکو ئەو دەڵێت: " پێدەچوو هەر دادگەکە و ئەمریکییەکانیش زۆر تەکلیفیان لە مام جەلال کردبێت، ئەو پێی خۆشبوو کە من بەردەوام بم".

ئەو دادوەرە کوردە باس لەوەش دەکات کە تاوەکو چەند وردەکارییەکان لای ئەمریکییەکان بووە و دەڵێت: "نووسینگەیەکی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی رژێمی پێشوو لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەبوو بە ناوی (مکتب الارتباط بالجرائم النظام السابق)، ئەوان ئیدارەی دادگەکەیان دەکرد و ئاگایان لە هەموو وردەکارییەکان بوو، هێنان و بردنەوەی تۆمەتباران و قسەکردن لەگەڵ پارێزەرەکان، تەنانەت دوایی بۆم دەرکەوت کە ئەوان دیالۆگی بەردەوامیان لەگەڵ بریکاری تۆمەتبارەکانیش هەبوو، چونکە زۆر شت هەبوو بۆ بەیانی کە دەهاتین ئەوان پێیان دەگوتم فڵان شت روودەدات".

پەنجەمۆر، بەرنامەیەکی هەفتانەی تۆڕی میدیایی رووداوە، هەموو شەوانی شەممەیەک لەلایەن کاوە ئەمین لە رێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینێکی 48 خولەکی لەگەڵ کەسایەتییەکان پێشکەش دەکرێت و تێیدا شایەدی لەسەر رووداوە مێژووییەکان دەدرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif