مستەفا بارزانی، ڕابەرێک لە ڕۆحی نەتەوەدا

ليست هناك تعليقات

فارس نەورۆڵی

گەلی چەوساوە و داگیرکراو ھەمیشە پێویستی بە ڕابەرێکی کاریزما ھەیە، بۆ ئەوەی ھەم ھێزی لێوەربگرێت و ھەم ڕابەرایەتییان بکات. کەواتە کاریزما بۆ وەڵامدانەوەی پرسی واتا دێتە ئاراوە.
پرسی گەلی کوردستان ڕەواترین پرسە لە جیھاندا، چونکە نەتەوەیەک نییە ھێندەی کورد گەورەبێت و بێ دەوڵەت بێت، لە ھەمانکاتدا ڕووبەڕووی دڕەندەترین جۆری چەوسانەوە بێتەوە. لە سەردەمێکدا گەلی کوردستان لە بەردەم جەنگێکی ھەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و فەرھەنگیدا بوو، تا ڕادەیەکی زۆریش پەرتەوازەو بێھیوا بوو، لەوکاتەدا خۆرێک دەردەکەوێ، مرۆڤێکی باڵا دێتە مەیدان لەو بێ ھیواییەدا بە دوای ھیوادا بۆ کورد دەگەڕێت.

مستەفا بارزانی یەکەم ئەزمونی سیاسی گەورەی لەوەوە دەستپێکرد جوگرافیا دەستکردەکانی شکاندووە، لە باشورەوە چوو بە ھانای ڕۆژھەڵاتەوە بۆ خزمەتکردن و بەھێزکردنی کۆماری مەھاباد، دواتر کە کۆمار بە پیلان و لەپێناو بەرژەوەندی زلھێزەکان لەناو دەچێت، بارزانی بۆ ئەوەی ئەو خەونەی کۆمار لەزیھنی کورددا بمێنێتەوە و بەردەوامی بە خەبات بدات، لە جوگرافیایەکی سەخت و ئاوھەوایەکی نالەبارداو لە جەنگێکی سەخت و نا بەرامبەردا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەڕوات.

لەشکری ئێران دەیانویست بارزانی تەسلیم بێت، بەڵام نەیاندەزانی ئەو بۆ تەسلیمبوون نەخولقاوە. ئەوکات کورد لە مەئزەقدا بوو، ئەگەر بارزانی نەبوایە ئەوا چۆکیان بە کورد دادەدا، چونکە ئەو دۆخە سەختە تەنھا مرۆڤی باڵا دەتوانێ ڕوبەڕوی ببێتەوە. شارەزایەکی سەربازی دەڵێ( بە پێوەرەکانی من سەرکردە و جەنگاوەر و ڕابەری باش ئەو سەرکردەیە، کە ئەقڵی ناوەستێ لە چرکەساتە سەخت و یەکلاکەرەوەکاندا).

بارزانی لە دۆخە سەختەکاندا جگە لەوەی جەنەراڵێکی سەربازی بوو، لە ھەمانکاتدا سیاسییەکی دوربین بوو، خوێندنەوەیەکی واقیعی ھەبووە بۆ دۆخی سیاسی ئەو سەردەمە. بۆیە توانی سەرکردایەتی جەنگی ( بوون) بکات. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بارزانی ھەیبەتی شەخسی ھەبوو، کە خەسڵەتی ڕابەرە مەزنەکانە.

بارزانی سەرکردەیەک بوو، عەشقێکی گەورەی بۆ کوردستان ھەبوو، بۆیە گەلی کوردستان خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ مستەفا بارزانی ھەیە، ھەڵەی گەورەئەوەیە ئەم وێنە و وێنای بارزانی یە لەماڵی نەتەوەدەربھێنیت بۆماڵی حیزب ، چونکە ئەو لە رۆحی نەتەوەدایە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif