ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن بۆ عێراقیيەكانى دەرەوەى وڵات تا چەند یاساییە؟

ليست هناك تعليقات


رۆژى سێشەممەى رابردوو (23/3/2021) ئەنجومەنى كۆمیسيارانى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان لە عێراق بڕیاریدا بە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران بۆ هاووڵاتییانى عێراقى لە دەرەوەى وڵات، بە پشت بەستن بە چەندین پاساوى هونەرى و دارایى و تەندروستى، بۆیە بە پێویستى دەزانم لە رووى یاساییەوە هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو بڕیارە بكەین و لە هەمان كاتدا پاساوەكان هەڵبسەنگێنین بزانین ئاخۆ پاساوى گونجاون بۆ ئەم بڕیارە؟

یەكەم: لە رووى دەستوورى و یاساییەوە:

لە مادەى (20)ى دەستوورى عێراق بۆ ساڵى (2005)دا هاتووە: "هاووڵاتییان پیاو و ئافرەت، مافى بەشداریكردنیان هەیە لە كاروبارى گشتیدا و سوودمەندبوونیان لە پیادەكردنى مافە سیاسییەكان، لەوانە مافى دەنگدان و هەڵبژاردن و پاڵاوتن".

هەرچەند پیادەكردنى مافە سیاسییەكان، لە نێویان مافى دەنگدان و پاڵاوتن بە شێوەیەكى رەها هاتووە، بەڵام ئەم رەهابوونە ماناى ئەوە ناگەینێت كە یاسادانەر ناتوانێت پیادەكردنى ئەم مافانە رێكبخات، بەڵكو وەك هەر وڵاتێكى تر یاسادانەر دەتوانێت بەرتەسكى پیادەكردنى ئەم مافە بكاتەوە یاخود مەرجدارى بكات، بەمەبەستى ڕێكخستنى نەك بەمەبەستى بێبەشكردنى هاووڵاتییان لە پیادەكردنى، بۆ نموونە بە پێى مادەى (5) لە یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران ژمارە (9) بۆ ساڵى (2020) هاتووە: "دەنگدەر مەرجە عێڕاقى بێت، هەڵگرى رەگەزنامەى عێڕاقى بێت، تەمەنى (18) ساڵى تەواو كردبێت، ناوى لە تۆمارى دەنگدەران هەبێت". كەواتە ئەگەر هاووڵاتییەك سەرجەم مەرجەكانى تێدابێت، بەڵام ناوى لە تۆمارى دەنگدەران نەبێت ناتوانێت پیادەى مافى دەنگدان بكات، دەربارەى مافى پاڵاوتن بە هەمان شێوە ئەگەر هاووڵاتییەك سەرجەم مەرجەكانى تێدابێت بەڵام تەمەنى (28) ساڵى تەواو نەكردبێت یاخود ناوى لە تۆمارى دەنگدەران نەبێت ناتوانێت خۆى بپاڵێوێت هەروەك لە ماددە (8)ى هەمان یاسا ئاماژەى پێكراوە، بۆیە عێراقیەكان ئەوانەى لە ناو وڵاتن یاخود لە دەرەوەى وڵاتن نابێت بێبەشبكرێن لە پیادەكردنى ئەو مافەیان، كەواتە دەركردنى ئەو بڕیارە نەبووەتە هۆى رێكخستنى پیادەكردنى ئەو مافە، بەڵكو بووەتە هۆى بێبەشكردنى عێراقییەكانى دەرەوە لە پیادەكردنى ئەو مافە، ئەوەشیان ناگونجێت لەگەڵ ماددەى دەستوورى ئاماژەپێكراو لەسەرەوە.

ئەگەر سەیرى بڕگەى (یەكەم)ى ماددەى (4)ى هەمان یاسا بكەین، دەبینین دووپاتى لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هەڵبژاردن مافى هەموو عێراقییەكانە ئەوانەى مەرجەكانیان تیادابێت، كە لەم یاسایەدا هاتوون، نابێت جیاوازى بكرێت لە پیادەكردنى ئەم مافە لەبەر هەر هۆكارێك بێت، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆى جیاكارى لە نێوان عێراقییەكانى دەرەوە و ناوەوەى وڵات ئەوەشیان پێچەوانەى رۆحى ئەو ماددەیەیە، لە هەمان كاتدا پێچەوانەى ئەو پێوەرە نێودەوڵەتیانەیە كە دژى جیاكارین.

هەروەها لە بڕگەى (پێنجەم)ى ماددەى (39) یاساكەدا هاتووە: "عێراقییەكانى دەرەوە دەنگدەدەن بۆ بەرژەوەندى بازنەكانى هەڵبژاردنیان بە بەكارهێنانى كارتى بایۆمەترى"، لێرەدا بە وردى یاسادانەر ئاماژەى بە دەنگدەرانى دەرەوە كردووە تەنانەت رێكارى ئەوەى دیاریكردووە دەنگەكانیان بۆ كام بازنەى هەڵبژاردن هەژماردەكرێت، كەواتە ئەم ماددەیە بە تاییبەت لە لایەن یاسادانەرەوە بۆ بەرژەوەندى هاووڵاتییانى دەرەوە داندراوە بۆ پیادەكردنى مافى دەنگدانیان.

لە ماددە (47)ى هەمان یاسادا هاتووە: "لەسەر ئەنجومەنى كۆمیسیارانە رێنماىی دەربكات بۆ ئاسانكارى جێبەجێكردنى ئەم یاسایە"، بەهەمان شێوە لێرەدا دەبینین ئەو بڕیارەى ئەنجومەن پێچەوانەى ئەم ماددەیەیە، چونكە نەك دەبێتەهۆى ئاسانكارى لە جێبەجێكردنى یاساكە، بەڵكو دەبێتە هۆى ڕێگربوون لە جێبەجێكردنى.

لە ماددەی (50)دا هاتووە: "پێویستە لەسەر كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان هاووڵاتییان تۆمار بكات ئەوانەى مەرجەكانى تۆماركردنیان لەسەر جێبەجێ دەبێت لە تۆمارى دەنگدەرانى بایۆمەترى......"، لێرەدا بە رەها باسى هاووڵاتیى كراوە ئەوانەى مەرجەكانیان تێدایە، جیانەكراوەتە هاووڵاتیى ناوخۆ بن یاخود دەرەوە بن، كەواتە كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن پابەندە رێكارى پێویست بگرێتەبەر تەنانەت لە دەرەوە بۆ تۆماركردنى هاووڵاتیان لە تۆمارى دەنگدەران.

بۆیە بە پشتبەستن بەو ماددە دەستوورى و یاساییانەى لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ كراوە بۆمان دەردەكەوێت ئەم بڕیاڕە بڕیارێكى كۆك نییە لەگەڵ دەستوورى بەركارى وڵات و یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران ژمارە (9) ساڵى (2020).

دووەم: پاساوەكانى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان لە دەركردنى ئەم بڕیارە:

لە ڕاستیدا كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن پشتى بە چەند پاساوێك بەستووە، بە تایبەت لە رووى هونەرى و كات، دارایى، تەندروستى، دەتوانین هەڵسەنگاندێك بۆ پاساوەكان بكەین بەم شێوەیەى خوارەوە:

1- پاساوى هونەرى و كەمى كات، ئەنجومەنى كۆمیساران پێیانوایە پێویستیان بە (160) رۆژ دەبێت بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى تۆماركردنى دەنگدەرانى دەرەوە بە ڕێگەى بایۆمەترى كەچى ئێستا (40) ڕۆژیان لەبەر دەست ماوە و ناتوانن لەو ماوە كورتە ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەن، ئێمە ئەم پاساوە بە پاساوێكى گونجاو نابینین، چونكە ئەنجومەنى كۆمیساران زیاتر لە ساڵێكە دەست بەكاربوون، یاسایەكى نوێشیان بۆ دەركرا تایبەت بە كۆمسیۆنى هەڵبژاردن ژمارە (31)ى ساڵى (2019)، لە هەمان كاتدا یاسایەكى نوێ بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران دەركرا، ئامانج لە دەركردنى ئەم یاسایانە بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن بوو بە گشتى و بە تایبەت هەڵبژاردنێكى پێشوەختە لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران، ئەو ئامانجە روون بوو لە لایەن ئەنجومەنى كۆمیسیاران، لە هەمان كاتدا دیاریكردنى وادەى هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆك وەزیرانى عێراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ (1/9/2020) كە بڕیاربوو لە (6/6/2021) ئەنجام بدرێت، سەرەاى ئەوەى بۆ (10/10/2021) دواخرا، كەواتە ساڵێكى تەواو لەبەر دەستى ئەنجومەنى كۆمیسیاران بووە بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن، بۆ ئێستا بڕیار لەسەر ئەنجام نەدانى دەدرێت؟ وەڵامەكەى روون نییە. بۆیە دەبووایە لە سەرەتاى دەستبەكاربوونیان چۆن ئامادەكاریان دەكرد لەسەر ئاستى ناوخۆ بە هەمان شێوە پلانیان هەبووایە بۆ ئامادەكارى لەسەر ئاستى دەرەوە، راستە پڕۆسەیەكى گران و ئاڵۆزە، بەڵام لە هەموو بارێك هەمان ئەو پرۆسەیە كە بۆ هاووڵاتییانى ناوخۆ ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەبووایە وردتر ئەنجومەنى كۆمیسیاران دیراسەتى ئەو بابەتەیان بكردبووایە.

2- پاساوى دارایى: بە پێى ماددەى (43) لە یاساى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران، دەبێت ئەنجومەنى وەزیران تێچووى دارایى بۆ بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن دابین بكات، راستە تێچووى هەر دەنگدەرێكى دەرەوە وڵات، بە بەراورد لەگەڵ ناوەوەى عێراق لەوانەیە چەند ئەوەندەبێت، بەڵام ناكرێت وەك پاساوێك پشتى پێ ببەسترێت، چونكە لە لایەك پرۆسەى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن بە گشتى پێویستى بە بودجەیەكى گەورە هەیە لە ڕووى رێژەوە و تێچووى زۆرە، لە هەمان كاتدا ئەم مافە بە گوێرەى دەستوور و یاسا دراوە بە هاووڵاتییان ناكرێت لە پیادەكردنى قەدەغەبكرێن.

3- هۆكارى تەندروستى: مەبەست لەم هۆكارە نەخۆشى كۆرۆنایە كە هەم كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و هەم وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە پێى بەیانى كۆمیسیۆنى هەڵبژاردن بە پاساوى دەبینن، كە رێگرە لە بەردەم بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن بەهۆى پاراستنى هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە هەردوو دامەزراوەكە لە بەركەوتنیان بە نەخۆشى كۆرۆنا، بەڵام هەروەك ئاگادارین ئەم نەخۆشیە ئێستا لە جیهان بڵابووەتەوە، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەى زۆر بە بەربڵاوى ئەم نەخۆشیەى تێدا تەشەنەكردووە، تەنانەت لەسەر ئاستى باڵا لە هەرسێ دەستەڵاتەكانى یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرى لە عێراق و هەرێم بەرپرسان بەركەوتەى ئەم نەخۆشیەن، لە لایەكى تر پابەندبوون بە رێنماییەكان لە وڵاتانى دەرەوە باشترە بە تایبەت لە وڵاتانى ئەوروپى و لە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك لە عێراق و گوێڕایەڵى هاووڵاتییان لە دەرەوە بەهێزترە، سەڕەراى ئەوە چاوەڕێ دەكرێت لەكاتى بەڕێوەبردنى پرۆسەى هەڵبژاردن وێڕاى پیادەكردن و لەبەرچاوگرتنى رێنماییەكانى خۆپارێزى، بەڵام بەشێك لە هاووڵاتییان بەركەوتەى ئەو نەخۆشیەببن. بۆیە بە ڕاستى ئەم پاساوە لەگەڵ ئەوەى پاساوێكى لۆژیكیە، بەڵام ناكرێت ببێتەهۆى بێبەشبوونى هاووڵاتیان دەرەوە لە پیادەكردنى مافى هەڵبژاردن.

سێیەم: تانەدان لە بڕیارەكە و ئاسەوارەكانى:

بە پێى بڕگەكانى (یەكەم و دووەم) لە مادەى (19) لە یاساى كۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان ژمارە (31)ى ساڵى (2019)، بڕیارەكانى ئەنجومەنى كۆمیسیاران شیاوى تانەلێدانن لە لایەن دەستەى دادوەرى هەڵبژاردنەكان، كاتێك لە لایەن لایەنى زیانپێگەیشتوو تانەیان لێدەدرێت، بۆیە ئەگەر لایەنێك بەهۆى ئەوەى لەم بڕیارە زیانمەندبووە بە تایبەت هاووڵاتییانى دەرەوە لە رێگەى بریكارەكانیان ئەگەر خۆشیان ئێستا لە عێراق نەبن یاخود لایەنە سیاسییەكان یاخود ئەو هاووڵاتییانەى دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون یاخود هەر كەس یان لایەنێكى تر بۆیان هەیە لە ماوەى (3) رۆژ لە بڵاوكردنەوەى بڕیارەكە تانەى لێبدەن.

لە ئەگەرى تانەلێنەدان یاخود جێبەجێكردنى، واى بۆ دەچین كە ئاسەوارەكانى ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى كۆمیسیاران تا ئەندازەیەكى زۆر دیاریكراوە بەهۆى ئەوەى عێراق بۆ (83) بازنەى هەڵبژاردن دیاریكراوە و كورسییەكانى هەر بازنەیەك دیاریكراون، كەواتە وەك كورد، عەرەبى سووننە، عەرەبى شیعە كەمترین زیانیان بەردەكەوێت، بەڵام لەناو هەر یەكێك لەم پێكهاتانە لەسەر ئاستى پاڵێوراو یاخود پارتە سیاسییەكان زیانیان زیاتر دەبێت، بۆ نموونە ئەگەرى ئەوە هەیە كەسێك كە نیازى خۆ پاڵاوتنى هەیە زۆربەى لایەنگرانى لە دەرەوە بن یاخود بە ئەندازەیەك لە دەرەوەبن كە كاریگەرى نەرێنى لەسەر هەبێت، بەڵام ئەگەر هاتبا عێراق یەك بازنەى هەڵبژاردن بوایە بێگومان زیانمەندى یەكەم عەرەبى سووننە دەبوو دواتر كورد، بەهۆى ئەوەى لە نزیكەى یەك ملیۆن دەنگدەرى عێراقى لە دەرەوە زۆرتریان لەو دوو پێكهاتەیەن.

سەڕەراى هەموو پاساوێك و كەمى ئاسەوارى نەرێنى لەسەر ئەم بڕیارە، پێموایە بڕیارێكە كۆك نییە لەگەڵ دەستوورى بەركارى وڵات و ئەو ماددە یاساییانە كە ئاماژەمان پێكردن.

*بەڕێوەبەرى گشتى لە كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسى

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif