لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی کوردستان

ليست هناك تعليقات


دڵنیا رەحمان

سەفەرێکی کورت، بەڵام پڕ دەستکەوت. پاپا فرانسیس، ئەو پیاوە تەمەن 84 ساڵەی کە زۆر جیاواز لە پاپاکانی پێش خۆی دەرکەوتووە، بە هاتنی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە، یەکەم پاپای ڤاتیکان کە سەردانی ئەم ناوچەیە دەکات، پلانێک کە هیچکام لە پاپاکانی پێش خۆی بۆیان جێبەجێ نەکرابوو.

رۆژی هەینی 5ی مارسی 2021 پاپا فرانسیس لە دوای ساڵێک و 3 مانگ راگرتنی گەشتەکانی بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، یەکەم گەشتی خۆی بە هاتن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. سەردانەکەی پاپا فرانسیس لە زۆر بوارەوە گرنگ بوو، بەڵام چاوی هەموو جیهان لەسەر چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بوو. چاوپێکەوتنێک کە زۆر کەس بە "چاوپێکەوتنی مێژوو" ناوی دەبەن لەنێوان دوو سەرکردەی گەورەی ئایینی کە دەتوانێ ببێتە هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژییە پێکهاتەیی و ئایینەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ شاری ئوور، شاری شارستانیەت و مێژوو، شار و شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم بە چاوێکی تایبەت سەیر دەکرا، چونکە جیا لە دڵخۆشکردنی کریستیانەکان ئەم شارە، خەونی لە مێژینەی پاپاکانی ڤاتیکانی بۆ زیارەتکردنی شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم هێنایە دی.

بینینی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمێکی بچووک و کردنەوەی دەرگەیەکی نوێ بەرووی جیهانێکی گەورە

رۆژی یەکشەممە 7ی مارس، پاپا فرانسیس بە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێینایە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، تا ببێتە یەکەم سەرکردەیەکی ئایینی کە دێتە نێو خاکی هەرێمێکەوە. دواتر لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆببێتەوە کە حەوت ساڵ بەسەر دوایین دیداریان تێپەڕیبوو.

پاپا فرانسیس بە سەردانی بۆ هەر گۆشەیەکی هەرێمی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە. هیوایەک بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانیکی نوێ بۆ کریستیانەکانی قەرەقۆش و موسڵ کە هێشتا ئاسەواری شەڕ و وێرانی سیمای ئەو شارەی داپۆشیوە.

لە هەولێر نزیکەی 10 هەزار کەس مانگێک پێش سەردانەکە، ناوی خۆیان بۆ بینینی پاپا فرانسیس لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری تۆمارکردبوو. لە گۆڕەپانێکی گەورەی شارۆچکەی عەنکاوە ئامادەکاری کرابوو تاوەکو لە کاژێر 11:00ـی بەیانی تاوەکو 02:30 نیوەڕۆ ببردرێنە یاریگەی فرەنسۆ هەریری، هەمووان بە دڵخۆشی دەهاتن تاوەکو بە پاسی تایبەت ببردرێنە یاریگە، بەڵام دوور لێرە و لە گۆشەیەکی دیکەی عەنکاوە هەموو شت جیاواز دەردەکەوت.

کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆیە، هەتاوێکی نە زۆر گەرم و بایەکی بەهاری خۆش دێت. جووتسایدی عەنکاوە شۆردراوە و هەموو شەقامەکە پاکوخاوێن کراوە، بڕیار وایە کاژێر 02:30 پاپا فرانسیس بەم شەقامەدا تێپەڕێت و سڵاو لە خەڵک بکات. هێشتا زووە و ئێرە زۆر بێدەنگە نە کەس دێت و نە کەس دەڕوات وەک ئەوەی هیچ رێوڕەسمێک بەڕێوەناچێت! بە خۆم دەڵێم بڵێی ئێرە قەرەباڵخ بێت و خەڵک بێن؟ "خۆ هێشتا زووە، بێگومان دێن".

لەو بیرکردنەوانەدا بووم، چەن ژن و پیاوێک لەنێو کۆڵانێکدا هاتنە سەر شەقام. هەموویان یەکێک چڵە زەیتوونێک بەدەستیانەوەیە و لەنێو خۆیاندا قسەدەکەن و دڵخۆش دیارن. ئەوان خەڵکی سووریان، پەرۆشییان بۆ بینینی پاپا وایکردووە کە دوو کاژێر زووتر لە هاتنی پاپا فرانسیس بێنن و لێرە راوەستن.

لەگەڵ نەهی قاورما، ژنێکی قسەخۆشی تەمەن 60 ساڵ کەوتینە قسە و باس. نەهی خان لە سووریا مامۆستای زمانی فەرەنسی بووە، ژیانێکی ئارام و بێکێشەی هەبوو، بەڵام بەردەوامبوونی شەڕ و زۆرەملێی سەربازی وایکرد، تاوەکو دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ هاوژین و دوو کوڕەکەی بێنە هەرێمی کوردستان و لە عەنکاوە نیشتەجێ بن.

پێی گوتم، "دەزانی دڵنیا من و هاوژینەکەم لەپێناو سەلامەتیی کوڕەکانمان خاک، خزم و کەسوکارمان بەجێهێشت تاوەکو ئەوان بپارێزین. هیچ رێگەیەکی دیکەمان نەبوو. بۆ من زەحمەتە ببینم کوڕەکانم دەچن بۆ شەڕ. من ئێستا لەناو خاکی کوردستانم، ئەوان بە باوەشێکی کراوە پێشوازیان لە ئێمە کرد. کاتێک بیری لێدەکەمەوە، گەر لە سووریا بماباین، ئێستا کوڕەکانم بەرامبەر بە کوردەکانی سووریا شەڕیان دەکرد! هەستێکی ناخۆشم هەیە."

کە قسە دەکات ئارامییەک بە رووخسارییەوە دیارە، بەڵام هیوایەکی زۆری بە داهاتوو نییە. گوتی، "ئەو چڵە زەیتوونە لەدەستم دەبینی، بۆ نیشاندانی ئارامی و ئاشتییە بە پاپا فرانسیس، دەمانەوێت بەمە پێشوازی لێبکەین و نیشانی بدەین لە ژیانێکی ئاسوودەدا دەژین، بەڵام داهاتوومان دیار نییە، ناتوانین بگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان و حەزدەکەین بڕۆین بۆ ئەوروپا، بەڵام ئەویش جێبەجێ نابێت! بەرای تۆ ئەمڕۆ پاپا گوێ لە داواکارییەکانی ئێمە دەگرێ؟ دەتوانێ هیچمان بۆ بکات؟"

لەو ماوەیەی کە ئێمە قسەمان دەکرد، پەیتا پەیتا خەڵک دەهاتن و لە چاو ترووکانێکدا هەزاران ژن، پیاو، پیر و گەنج و منداڵان بە جلوبەرگی جیاواز و ئاڵای کوردستان و ئاڵای ڤاتیکان، گوڵی سپی و چڵە زەیتوونەکان هاتنە سەر شەقام.

کاژێر 01:30 خولەکە و شەقامی عەنکاوە بە تەواوی پڕە لە خەڵک. هەمووان بە پەرۆشن بۆ بینینی پاپا فرانسیس. دەنگی دەهۆڵ و شمشاڵ خۆشی خەڵکەکەی زیاتر کردووە، منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ بە جلوبەرگی تایبەتی کریستانەکان لەگەڵ دەنگی مۆسیقاکە شایی دەکات و سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی راکێشاوە.

لەگەڵ خەڵکی زیاتر قسەدەکەم، دەمەوێ بزانم هەستی ئەوان بۆ بینینی پاپا چۆنە؟ بەڕای ئەوان ئەم سەفەرە گرنگە بۆ کوردستان؟

ژنێکی تەمەن 72 ساڵ لە عەنکاوە لە دایک بووە، لە سەر کورسییەک دانیشتووە و سێ گوڵی سووری بەدەستەوەیە. دەڵێت، "گوڵەکەی من جیاوازە وتم با وەک ئەوانی دیکە نەبێت، خوشحاڵم لەم تەمەنەدا دەتوانم پاپا ببینم. دەمەوێ بیدەم بە پاپا فرانسیس و پێی بڵێم بەخێرهاتی بۆ خاکی ئێمە، ئاشتیت لەگەڵ خۆت هێناوە. بێگومان هاتنی بۆ کوردستان گرنگە. دەزانی دونیا زیاتر ئێمە دەناسێ؟ دەزانن عەنکاوە لە کوێیە و دەزانن کوردستان چەن ئارامە."

لە کاتی قسەکردنم لەگەڵ ژنە بەتەمەنەکە، کچێکی تەمەن 10 ساڵ بە ماسکێکی جوانی منداڵانە چاوی لە ئێمە بوو. لێم پرسی تۆ هیچ پەیامێکت هەیە بۆ پاپا فرانسیس؟ ئەو کچە کە ناوی رەفیف بوو، گوتی، زۆر دڵخۆشم کە لێرە پاپا دەبینم، ئەو سیمبولی خۆشەویستی و سەلامەتی بۆ هەموومانە. ئەو وەکو کەسێکی گەورەیە کە دێتە ئەم شارە و دەستخۆشی لێدەکەم کە تەنانەت لەم دۆخەکەی کۆرۆنا دێت و ئێمە دەبینێت.

کریستیانەکانی موسڵ، سووریا، عێراق، شەقڵاوە و عەنکاوە هەموویان لە ماوەی سێ کاژێر چاوەڕوانی و لەسەرپێی وەستانیان بۆ پاپا فرانسیس یەک پەیامی هاوبەشیان بوو "تۆ دەبێ ببینی لە ناوچەیەکی شەڕلێدراو، پڕ لە ئاژاوە و زۆڵمێک کە لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکرێت، ئێمە چۆن لە شەقامێکی ئارام و پڕ لە خۆشەویستی هەولێر وەستاوین و چاوەڕوانی بینینی تۆ دەکەین. لێرە هیچ کەنیسەیەک تێکنەشکێندراوە و هەموو یەکشەممان نزای خۆمان دەکەین، ملوانکەی سەلیبمان لە ملە و بێ ترس دەچینە نێو بازاڕ. ئێرە پڕە لە ئاشتی و پێکەوەژیان، وەرە ئەمە ببینە و ئاوەدانی بخەوە نێو کەنیسەکانمان."

پاپا فرانسیس کاژێر 03:00 دوای نانخواردن و گفتوگۆ لەگەڵ قەشەکانی عەنکاوە گەیشتە نێو شەقام. لە پێشەوە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی رەش داپۆشراو بە پەڕە گوڵی سوور و سپی هاتە نێو شەقامێکی عەنکاوە، دەستی بۆ خەڵک بەرزکردەوە و هەموو ئەو کەسانەی دڵخۆش کرد کە رێگەی دوور و نزیکیان بڕیبوو تاوەکو بێن و ئەو ببینن. گەرچی پاپا فرانسیس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی دانەبەزی، بەڵام ئەو هەزاران کەسەی کە لەسەر شەقام وەستابوون پێیانوابوو، شەکانەوەی ئاڵای کوردستان و ئاڵای ڤاتیکان، گوڵە سپییەکان، چڵە زەیتوونەکان هەموو پەیامی دڵی ئەوانی گەیاندە پاپا فرانسیس".

پاپا فرانسیس دوای نوێژکردن لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لەنێو ئاپۆڕای خەڵک بەڕێکرایەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێوە بۆ رۆما، لەوێش گەشتەکەی کۆتاییهات، بەڵام ئەوە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە مێژووی کوردستان و کردنەوەی دەرگەیەکی نوێی دیپلۆماسیەت بوو بە رووی هەرێمی کوردستاندا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif