چواره‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستیپێكرد

ليست هناك تعليقات

كاره‌كانی چواره‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ستی پێكردو دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت، له‌ كۆنگره‌دا گفتوگۆی چڕ له‌سه‌ر په‌یڕه‌وو پرۆگرامی حزب ده‌كرێت و كه‌سی یه‌كه‌می حزب و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵده‌بژێردرێن.


كۆنگره‌ له‌ پارێزگای سلێمانی و له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ تاسڵوجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، 892 كه‌س ئه‌ندامی كۆنگره‌ی چواره‌من، كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام ڕووماڵی هه‌موو كۆنگره‌كه‌ ده‌كات، كۆنگره‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵ دوو ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، تێیدا سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێ بۆ حزبه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت و په‌یڕه‌ و پڕۆگرام و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵ ده‌خرێته‌ به‌ر باس و گفتوگۆی چڕ و پڕی ئه‌ندامانی كۆنگره‌.

له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆمه‌ڵی ئیسلامیدا بڕگه‌یه‌كی یاسایی هاتووه‌ كه‌ ده‌ڵێ كۆنگره‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌، به‌و مانایه‌ی له‌یه‌ك كاتدا چۆن ده‌توانێت شه‌رعییه‌ت له‌هه‌ر خولێكی سه‌ركردایه‌تی وه‌ربگرێته‌وه‌، ئاواش سه‌رله‌نوێ شه‌رعییه‌ت به‌داموده‌زگاكانی حزب ده‌به‌خشێته‌وه‌.

كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ 31ـی ئایاری 2001 راگه‌یه‌نراوه‌، تا هه‌نووكه‌ 4 كۆنگره‌ی به‌ستووه‌، ئه‌گه‌ر چی له‌ رووی زه‌مه‌نییه‌وه‌ بۆ هه‌ر 5 ساڵ جارێك كۆنگره‌یه‌كی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش هۆكاری بابه‌تیی خۆی هه‌بووه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵ بارودۆخی ناله‌باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی بۆ هاتوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ پرۆسه‌ی كاری كۆنگره‌یان خاوكردوه‌ته‌وه‌.
كۆمه‌ڵی ئیسلامی تا هه‌نووكه‌ 4 كۆنگره‌ی به‌ستووه‌ به‌م شێوه‌یه‌.


- كۆنگره‌ی یه‌كه‌م: ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ رۆژانی 10ـو 11ـو 12ـی تشرینی دووه‌می 2005 دوای راگه‌یاندنی 4 ساڵ و 6 مانگ له‌ رۆژی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌وه‌ له‌ شاری سلێمانی و له‌ هۆڵی كارگه‌ی ئه‌لبیسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو كه‌ 485 ئه‌ندامی كۆنگره‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌و له‌و كۆنگره‌یه‌دا پێشه‌واو ئه‌میرو سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ به‌شێوه‌ی مه‌ركه‌زی و به‌یه‌ك بازنه‌ هه‌ڵبژێدران.


- كۆنگره‌ی دووه‌م: ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ رۆژانی 15ـو 16ـو 17ـی ته‌مووزی 2010 له‌ شاری هه‌ولێرو له‌ هۆڵی خانزاد به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ 632 ئه‌ندام به‌شدارییان تێداكرد، له‌م كۆنگره‌یه‌شدا پێشه‌واو ئه‌میرو 29 سه‌ركردایه‌تی به‌شێوه‌ی مه‌ركه‌زی و به‌ یه‌ك بازنه‌ هه‌ڵبژێدران.


- كۆنگره‌ی سێیه‌م: ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌ رۆژانی 30ـو 31ـی نیسان و 1ـی ئایاری 2015 له‌ شاری هه‌ولێرو له‌ هۆڵی ئه‌وتار به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ 802 ئه‌ندام تێیدا به‌شداربوون، له‌م كۆنگره‌یه‌شدا به‌ ده‌نگدانی ئاشكرا ئه‌میری كۆمه‌ڵ و له‌م كۆنگره‌یه‌دا په‌یكه‌ری دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ (ئه‌نجومه‌نه‌كانی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجومه‌نی سیاسی، ئه‌نجومه‌نی چاودێری و لێپرسینه‌وه‌، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان) دامه‌زران.


- كۆنگره‌ی چواره‌م: ئه‌م كۆنگره‌یه‌ به‌سێ قۆناغی جیاواز ده‌ستی پێكرد.
أ، قۆناغی یه‌كه‌م، ئه‌م قۆناغه‌ بریتی بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌كان و 176 كۆبوونه‌وه‌ی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدراوه‌،‌ 5 هه‌زارو 861 ئه‌ندام به‌شدارییان تیاكردووه‌ 571 ئه‌ندامی كۆنفرانسی تیا هه‌ڵبژێدراوه‌.
ب، قۆناغی دووه‌م، ئه‌م قۆناغه‌ بریتی بوو له‌ به‌ستنی كۆنفرانسه‌ ناوچه‌ییه‌كان، بۆ هه‌ر 12 مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌م قۆناغه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه‌ كراو پێشنیازی له‌سه‌ر وه‌رگیرا، هه‌روه‌ها 20 كاندید بۆ وه‌رگرتنی پۆستی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان هه‌بوون، 256 ئه‌ندامی كۆنگره‌ له‌ كۆنفرانسه‌ ناوچه‌ییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵبژێدراون.
ج- قۆناغی دووه‌م، به‌ستنی كۆنگره‌، كۆنگره‌ ئه‌مرۆو سبه‌یی، 18ـو 19ـی شوباتی 2021 له‌ شاری سلێمانی و له‌هۆڵی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌وتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌م كۆنگره‌یه‌دا 892 ئه‌ندام تێیدا به‌شدارن، 212 ئه‌ندام له‌ خوشكان و 770 ئه‌ندام له‌ برایان.
له‌م كۆنگره‌یه‌دا گفتوگۆی ئه‌و به‌شه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ده‌كرێ كه‌ ڕای جیاواز هه‌ڵده‌گرێت و پێشنیازی كۆنفرانسه‌ ناوچه‌ییه‌كانی له‌سه‌ر هاتووه‌، هه‌روه‌ها 51 كاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی 20 پۆستی سه‌ركردایه‌تی.
هه‌روه‌ها 20 كاندید كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی 6 پۆستی ئه‌نجومه‌نی چاودێری و لێپرسینه‌وه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق