پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان بڕیارەکەی دادگای هەولێر تەمیز دەکەنەوە

ليست هناك تعليقات

پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان ئەمڕۆ بڕیارەکەی دادگایان لەبارەی سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوان تەمیز کردەوە و دەڵێن" هیچ رژێم و دەوڵەت و کیانێک بەبێ دادپەروەری بەردەوام نابێت".

لەوبارەیەوە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە" پەیماننامە و جاڕنامە و رێککەوتنە تایبەتەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی دادوەری جەخت لەسەر سەربەخۆبوون و بێلایەنی ئەو دەسەڵاتە دەکەنەوە لە هەموو پاشکۆیەتی و دەستتێوەردانی حزبی و حکومی".

دەشڵێن" لەسەر ئاستی ناوخۆش لە دەستوری عێراق و لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستاندا ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٠٧ هەمان جەختکردنەوە هەیە".

ئەو پارێزەرانە باسیان لەوەشکردووە، هیچ رژێم و دەوڵەت و کیانێک بەبێ دادپەروەری بەردەوام نابێت، بە داخەوە لە دوای ئەو وتانەی لەدوای تاوانبارکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بەبێ چاوەڕوانیکردنی بڕیاری کۆتایی دادگا درکمان بە مەترسی کرد لە بەڕێوەچونی پڕۆسەی دادگاییکردن و سزادانی دەستگیرکراوەکان، ئەو ترسەشمان لە جێگەی خۆیدا بوو کاتێک لە رۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ دادگاییکردن و حوکمدانی دەستگیرکراوانی بادینان نادی و بێدایەکمان بەدیکرد، ئەمە جگە لە گرتنبەری کۆمەڵێک رێکار لەناو هۆڵی دادگا کە هەست بەوەنەدەکرا مەبەست لە دادگاییکردنەکە بەدیهێنانی دادپەروەری بێت.

ئەوەشیان خستەڕوو، سەرجەم تۆمەتباران ئاماژەیان بەوەکردوە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراون و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵدا کراوە، کە دەبوایە دادگای تاوانەکانی هەولێر هەڵوێستی هەبوایە و وتەکانیان لەبەردەم دادگای تاوانەکان بە بنەما دابنرایە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی‌ ١٦ی‌ شووباتی ٢٠٢١، دادگای‌ تاوانەکانی‌ دووی‌ هه‌ولێر سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانی‌ به‌سه‌ر هەریەک لە (ئه‌یاس ئه‌كره‌م، شێروان شێروانی‌، شڤان سه‌عید بەڕۆژکی، گوهدار موحەممەد زێباری‌ و هاریوان عیسا) سەپاند، کە ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێكەوتۆتەوە و داوا لەدادگای پێداچوونەوە دەكرێت بە بڕیارەكەدا بچێتەوە.

هەر لەوبارەیەوە، ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو" مافی سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاساییی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە".

هەروەها رۆژی ١٩ی ئەم مانگەش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا وتی" بە وردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانیان کردووە، پێشتریش لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و لە داهاتووشدا دەیکەن".

لە پاش پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م كه‌ ڕێز له‌ سیسته‌می دادوه‌ریی له‌ هه‌رێمی كوردستان بگرن بۆئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێ ده‌ستوه‌ردان كاره‌كانی ئه‌نجامبدات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif