لە پاککردنەوەی تەوالێتی ماڵانەوە بۆ مەریخ

ليست هناك تعليقات


زۆربەی ئەوانەی لە جیهان ناوبانگیان هەیە و جێ دەستیان دیارە، ژیانیان پڕە لە چیرۆکی سەرنجڕاکێش. یەکێک لەوانە کچێکی کۆڵۆمبییە کە لە هەژاری و بێ کەسی و لە پاککردنەوەی ماڵانەوە گەیشتووەتە گەورەترین ئاژانسی گەردوونناسی جیهان و ئێستا سەرکردایەتیی تیمی ئەندازیاریی رۆبۆتەکەی ناسا دەکات کە هەفتەی رابردوو بە سەرکەوتوویی لە مەریخ نیشتەوە.

دیانا ترۆخیلۆ خەڵکی کۆڵۆمبیایە، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی سی بی ئێس، باسی ژیانی خۆی کردووە و دەڵێت، لە تەمەنی 17 ساڵیدا و دوای جیابوونەوەی دایک و باوکی وڵاتەکەی جێهێشت، دوای گەیشتنی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها 300 دۆلاری ئەمریکی پێ بووە، تەنانەت زمانی ئینگلیزیشی بە باشی نەزانیوە.

دیانا دەڵێت بۆ دابینکردنی کرێی خوێندنی، کە ئەندازیاریی گەردوونی خوێندووە، ناچاربووە ئیشی پاککردنەوەی ماڵان بکات و لە چەند ماڵێک کاری کردووە. هەر ئەوەش بوو کە لە ساڵی 2017 بەهۆی زیرەکییەکەیەوە دواجار چووە رێزی ئەندامانی ئاژانسی ناسا.

ئێستا دیانا یەکێکە لە ئەندامانی تاقیگەیەکی ناسا کە کاریان لەسەر ئەو تیمە کردووە کە قۆڵیی رۆبۆتیان دروستکردووە بۆ ئەوەی نموونەی بەرد لەسەر مەریخ کۆبکاتەوە، ئەو دەڵێت "ئایا ئێمە بەتەنیا لەو گەردوونە دەژین؟ ئەوە پرسیارەکەیە، هیوادارم لەماوەی ساڵێکدا بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرین".


دیانا ترۆخیلۆ وێنە؛ AFP

دیانا باس لەوە دەکات کە هەرگیز بێ ئومێد نەبووە و بەردەوام هەستی بە دڵخۆشی کردووە بەو کارەی هەیەتی و دەڵێت" بەردەوام بەخۆمم دەگوت من خۆشبەختم کە کارێکم هەیە، دەتوانم خواردن بکڕم و ماڵێکم هەیە تیایدا بخەوم".

دیانا پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیدا گوتبووی "من لە کۆڵۆمبیا لەدایکبووم و لەوێ گەورە بووم، لەوێ تووندوتیژی زۆر هەبوو، لەبەر ئەوە تاکە شوێنی پارێزراو بۆ من سەیرکردنی ئاسمان و ئەستێرەکان بوو".

دیانا دەڵێت کە ئەزموونی ئەو وەک کۆچبەرێک کە لە تەمەنێکی زوو کۆچی کردووە هانی داوە کە هەمیشە باشترینەکان هەڵبژێرێت، بەتایبەت کە ئەو لە وڵاتێکەوە هاتووە کە دەرفەتی کار تێیدا سنووردار بووە.

ئەو زانا گەنجە ئەوەشی روونکردەوە کە یەکێکی دێکە لەو هۆکارانەی هانی داوە بۆ گەیشتن بە خەونەکەی 'بەدرۆ خستنەوەی' چەند ئەندامێکی خێزانەکەی بووە، بەتایبەت کوڕەکان کە بەردەوام پێیان گوتووە تۆ ناتوانیت بگەیتە ئامانجەکەت. دیانا هەروەها دەڵێت" ژیان بەردەوام هەلی باشی بۆ رەخساندووم، چاوەڕێ دەکەین دوای ئەمە چی دێت".

چیرۆکی سەرکەوتنی دیانا بووەتە سەرچاوەی ئیلهامی زۆر کەس، تەنانەت نووسەرێکی ئەمریکی چیرۆکەکەی کردووەتە کتێبێک بە ناوی ' ئەندازیاری تاقیگەی زانستیی مەریخ'. دیانا لە ئەکاونتی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە کە ئەو ساڵی 2011 و2012 ش سەرکردایەتیی گەشتێکی دیکەی کردووە بۆ مەریخ.

کەشتیی ئاسمانیی "مەریخ 2020" پێکهاتووە لە رۆبۆتێکی گەڕۆک بە ناوی پێرسێڤێرانس و هەلیکۆپتەرێک بۆ کاتی نیشتنەوەی گەڕۆکەکە. ئەو رۆبۆتە لە 30 تەممووزی 2020 بەڕێکەوتووە، دوای نزیکەی حەوت مانگ و بڕینی نزیکەی 470 ملیۆن کیلۆمەتر، کەشتی ئاسمانیی پێرسەڤێرانس لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە، خەرجی گەشتەکە نزیکەی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.



رۆبۆتێکی گەڕۆکی پێرسێڤێرانس وێنە؛ afp

کەشتیی پێرسێڤێرانس چوارەمین کەشتیی ناسایە، کە لەسەر هەسارەی مەریخ دەنیشێتەوە، بەڵام لە سێ کەشتییەکەی دیکە پێشکەوتووترە و بڕیارە نموونەی بەردی سەر مەریخ وەربگرێت، ئەمەش دەبێتە یەکەمین نموونەی بەرد، کە مرۆڤ تاوەکو ئێستا لە مەریخی وەرگرتبێت.

رۆبۆتی کیریۆسیتی کە لە ساڵی 2012 لەسەر مەریخ نیشتەوە تاوەکو ئێستاش لە ناوچەی گەیل دەگەڕێت و، چەند بەڵگەیەکی دەستکەوتووە لەبارەی شوێنەواری ئاو، ئێستاش گەڕۆکی پێرسێرڤێرانس بۆ زیندەوەری بە بەردبوو و بەڵگەی ژیان دەگەڕێت.

گەشتەکەی ئەمجارەی ناسا جگە لەوەی سەرکەوتنێکە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، هەروەها وەکو سەرکەوتنێکە بۆ ئەمریکا بە تایبەتی. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دوای گەیشتنی گەڕۆکەکە بە مەریخ لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە هەوڵیانداوە لە سەرکەتنی گەشتەکە، لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا بایدن ئاماژە بە بەهێزیی ئەمریکا دەدات و دەڵێت: "ئەمڕۆ دووبارە سەلمێنرا لەڕێگەی توانای زانست و زیرەکیی ئەمریکا، هیچ شتێک مەحاڵ نییە"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif