گەڕانەوە بۆ بەهەشت، بۆ بەغداد!

ليست هناك تعليقات

 


سه‌ردار عه‌زیز

ناوی شاری بەغداد لەباخ و دادەوە هاتووە، کەڕەنگە مانای باخی خودا بدات، هەردوو چەمکەکە گرنگن. لەمێژووی ئاگایی مرۆییدا پەیوەندییەکی پتەوە هەیە لەنێوان باخ و خودادا. ئەم پێکەوە گرێدانە، ئاماژەیە بۆ بەهەشت وەک نموونەی باڵای باخ، زۆربەی باخەکانی مرۆڤ لەبەر خەیاڵی بەهەشت دروستکراون، باخ هەوڵدانێکی دونیاییە بۆ دروستکردنی بەهەشت، بەهەشت چەمک و دیاردەیەکی ئێجگار سەرنجڕاکێشە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا. لەئاینی جولەکەدا جەنەتی عەدەن بەمانای باخی خۆشی دێت. بەهەمانشێوە لەئاینی مەسیحی و ئیسلامدا جەناتی عەدەن ئەو جێگایەیە کەمرۆڤ پێش ئەوەی گوناه بکات، تیایدا نیشتەجێبوەوە و لەدۆخێکی سروشتی بێ ئەرک و کارو رەنج و هەوڵدا ژیاوە، بەڵام لەئەنجامی گوناهێک باوکی مرۆڤ لەم بەهەشتە دەردەکرێت و ئیتر ناچار دەبێت خۆی مشوری خۆی بخوات و لەمیانەی ئەم ماوەیەی کە هەیەتی دەبێت هەوڵی ئەوە بدات کەچۆن بگەڕێتەوە بۆ ئەو بەهەشتەی کە لێی دەرکراوە. چیرۆکی دەرکردن و گەڕانەوە، دەکرێت بڵێین چیرۆکی بڕێکی ئێجگار زۆری کۆمەڵگاو شارستانیەتەکانە، خوداناس و بیرمەندو قەشە و کاهنەکان زۆر بەدوای شوێنی بەهەشتدا گەڕاون و لێکدانەوە زۆرە بۆ شوێنی بەهەشت. بەڵام لەسەردەمی دابڕانی ئاینی ئەوروپاوە، دابڕانێک لەگەڵ لێکدانەوە ئاینیەکەی بەهەشتدا دروست دەبێت و لێکدانەوەیەکی دونیایی یان عەلمانی دێتە ئاراوە. ئەم لێکدانەوە عەلمانییە لەکۆمەڵێک فەلسەفە و روانیندا بەرجەستە دەبێت، کەپوختەکەی ئەوەیە چۆن لەسەر زەوی بەهەشتێک دروستبکرێت. دەکرێت هەردوو بەهەشتەکە بە بەهەشتی باوەڕو بەهەشتی عەقڵ پۆلێن بکەین.

فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوئێل کانت هەوڵیداوە لەچەند جێگایەکەدا ڤێرژنی عەلمانی یان عەقڵانی چیرۆکی دەرکردنی مرۆڤ بنووسێتەوە. هەرە دیارترینیان وتاری سەرەتایەکی ناڕوونی مێژووی مرۆڤە، کە لەساڵی ١٧٨٦دا دەینوسێت Conjectural Beginning of Human History (1786) لە بەهەشتدا مرۆڤ لەدۆخی سروشتیدایە یان دۆخی بایولۆجیدایە، ئەوەی جەستەو ئارەوزەکانی دەیانەوێت بوونی هەیە، بەڵام مرۆڤ لەبەهەشتدا ئیرادەو ئازادی و بەرپرسیارێتی و ئەرکی نیە، بەم پێیە مرۆڤ لەدۆخی بەهەشتیدا خاوەن خۆی نیە، جودایی لەگەڵ ئەوانی تردا نیە، تۆپەڵەیەکە لە بوون یان بونێکی گەورەتر، بەبێ بوونی هیچ جوداییەکی تایبەتی .

لەساڵی ١٩٩١ کۆمەڵگای کوردی لەباشور لەدۆخێکی ئێجگار خراپدا، لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە فەرامۆشکرا، ئەم دۆخی فەرامۆشکردنە، وەک دۆخی دەرکردنی مرۆڤی یەکەمە لەبەهەشت، کاتێک حکومەتی ناوەندی ئەوکاتە کوردی فەرامۆشکرد، وەهای بیرکردەوە کەناتوانێت ژیان و ژیاری خۆی بەڕێوەبەرێت، هەرچەندە حکومەتی ناوەندی وەک دەوڵەت کۆتایی هات و چووە قۆناغی لادەولەوە، بەڵام بۆ مەبەستی پرسەکەی ئێمە لێرەدا، هاوشێوەییەک دەبینین لەنێوان دەستبەرداربونی حکومەتی ناوەندی و دەرکردنی ئادەم لەبەهەشت، چۆن دەرکردنی مرۆڤ لەبەهەشت مرۆڤ ناچارکرا بەمرۆڤبوون، بەهەوڵدان و تێکۆشان و کێبڕکێ و ململانێ و جەنگ و دۆڕان و زۆر خەسڵەتی تر، بەهەمانشێوە کە کورد ناچاربوو خۆی بەڕێوەبەرێت، رووبەڕووی هەموو تەنگوچەڵەمەکانی بەڕێوەبردن بووەوە. کەواتە ئازادی، یان ئازادبون دۆخێکە کە بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبردن و ململانێی دەهێنێتە ئاراوە، مرۆڤ لەهەوڵی بۆ گەڕانەوە بۆ بەهەشت دۆزەخێکی بێوێنەی دروست کردووە، ئەو بیرە عەلمانیانەش کە بڕوایان وەهایە کە دەبێت بەهەشت لەسەر زەوی دروستبکرێت زیاتر لەئەوەدا سەرکەوتوو بوون کەدۆزەخ دروست بکەن، هەتا بەهەشت.

بانگەشەی ئەمڕۆی گەڕانەوە بۆ بەغدا، بەهەمان ئاوازی ئاینییە کەئێمە خۆمان وەک خۆمان ناتوانین ئیدارەی خۆمان بدەین و وەها باشترە، حوکمی خۆمان بدەینە دەستی دەسەڵاتێکی تر، یان دەسەڵاتی پێشینە، لەم پێناوەدا دەبینن چۆن رەوایی بو دیکتاتۆرییەتەو جینۆساید و قڕکردن و راگوازتن و لاقەکردن و زۆر دیاردەی تر دەدرێت، دیارە ڤێرژنی ئەم دیاردەیە لەباشوریش هەیە، کاتێک خەڵک دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی سەدام، زۆر خەڵک دەڵێن، ئەوە نەبێت ئازاد نەبووین هەموو شتێک هەبوو. ئەم دیدە هەمان دیدە لەڕوانین لەبەهەشت. کۆتاییهێنان بەئازادی و بەرپرسیارێتی، بە هەمانشێوەی گەڕانەوەیە بۆ بەهەشت لای مرۆڤ. دیارە خەڵک هەیە چاکە دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بەهەشت و خەڵکی تریش هەن زیان بە ئەوانیتر دەگەیەنن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەهەشت. گەڕانەوەش بۆ بەغدا بەهەمانشێوەیە. دیارە بەغدا تەنها بەناوەکەی باخی خودایی یان دادە، ئەگینا بۆ خەڵکەکەی جگە لەدانیشتوانی ناوچەی سەوز، یەکێکە لەدۆزەخەکانی سەر زەوی، بەڵام گەڕانەوە بۆ بەهەشت یان بەغدا چەند رەهەندێکی هەیە:

یەکەم، مرۆڤی کورد فێرنەبووە حاکمی خۆی بێت، بۆیە سۆزێک هەیە بۆ حوکمی ئەویتر، ئەگەرچی خراپتریش بێت، ئەم سۆزە، چەند رەهەندێکی هەیە، کەهیچ کامیان واقیعی نین، رەهەندێکی نەبینینی سروشتی راستەقینەی بەغدایە، رەهەندێکی تری لەئەنجامی پەرچەکردارو ناڕەزاییە لەخود.

دووەم، وەک چۆن لە نەگەڕانەوەدا بەرژەوەندی هەندێکی تیادایە، بەهەمانشێوە گەڕانەوەش بۆ بەغدا یان بەهەشت بەرژەوەندیی هەندێکی تیادایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا مرۆڤ خۆی حوکمی خۆی بکات یان کەسێکی تر؟ یان بەمانایەکی تر، ئایا مرۆڤ لەنزیکەوە حوکم بکرێت یان لە دوورەوە، باشترە؟ بەهەموو لێکدانەوەکان مرۆڤ لەنزیکەوە حوکم بکرێت باشترە.

سێیەم، خراپی حوکمڕانیی کوردی، مانای ئەوەنیە کەحوکمڕانییەکی تری باشی ئامادەکراو هەیە، وەک چۆن بەهەشت ئامادەیە. لەسەر گۆی زەوی بەهەشت بوونی نیە، چونکە مرۆڤ لەدۆخی مرۆڤیدایە. کەواتە هەر هەوڵدانێک بۆ سپاردنی ئەرکی حوکمڕانی بە ئەویترو چاوەروانکردنی باشە، جگە لەخۆشخەیاڵییەکی ئاینی هیچی تر نیە.

چوارهەم، ئەگەر دەتەوێت لەدۆخی مرۆڤبووندا بمێنێتەوە، ئەوا دەبێت هەوڵی دابینکردنی حوکمێکی مرۆڤانە بدەی، ئەمجۆرە حوکمە لاوازو کاتیی و گۆڕاوو پڕ لەکێشەیە، هەرگیز ناتوانرێت سیستەمێکی حوکمڕانی دروست بکرێت و ئیتر پاڵی لێبدرێتەوە، ئەمە تەنها لەیوتوپیاکاندا بوونی هەیە، یوتوپیاکان لەسەر ئەو بنەما نامرۆییە وێناکراون کە مرۆڤ چیدی مرۆڤ نیە، دژایەتی و رارایی و ترس و خاوەندارێتی و زۆر خەسڵەتی تری نەماوە. گەڕانەوە بۆ بەهەشت دەرخەری شکستی حوکمڕانی کوردییە. ئەم شکستە هێندە ئازاری دروستکردووە کە مرۆڤ رابردوو وەها بەرهەم بهێنێتەوە، کەوەک دەرچەیەک بێت بۆ واقیعی سەختی ئێستای، لەهەمانکاتدا بڕوابوونە بەدوبارەبوونەوە، دووبارە پرسێکی ئاینی و فیکریی و سیاسی گەورەیە لەکاتێکدا دوبارەبوونەوە مەحاڵە، بەڵام مرۆڤ هەوڵدەدات بڕوای پێی هەبێت وەک ئەفیونێک بۆ ئاسانکاری ئێستا، بەڵام ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ حوکمی کوردیی و حوکمی عێراقیدا هیچ دەرئەنجامی نابێت، وەک چۆن بەهەشت لەسەر زەوی بوونی نییە، بەهەمانشێوە حوکمڕانییەکی کامڵی بێ کێشە لەسەر زەوی بوونی نییە. قەدەری مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤبووندا بەشەڕ بێت هەتا کەمێک زیاتر مرۆڤ بێت، ئەگەر کەمێک کانتیانە بیربکەینەوە، رەنگە سەرەتا مرۆڤ بەئامانجی بەرژەوەندیی شەخسی بەشداربووبێت لەکۆمەڵگا، بەڵام لەمیانەی پێکەوەبون لەخۆپەرستییەوە دەگۆڕێت بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خودو پاشان بۆ خۆنەویستی، لەپاش ئەم قۆناغانە مرۆڤ دەتوانێت ببێتە کەسێک کەخاوەن ئەخلاقێکی عەقڵانی بێت. کەواتە بەردەوامی لەحوکمڕانی، لەفشار، لەڕەخنە، لەمامەڵەی جڤاتیی، بنەمای ئەوەیە کەقۆرغکاریی و پەرتەوازەیی و خۆپەرستیی کۆتایی بێت، چونکە بەهەشت نیە، تەنها پەناگە عەقڵە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق