هەسەدە زیاتر لە 100 چەكداری داعش رادەستی بەغدا دەكاتەوە

ليست هناك تعليقات



سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق رایدەگەیێنن لە سێ رۆژی رابردوودا هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) زیاتر لە 100 چەكداری داعشی عێراقییان رادەستی بەغدا كردووەتەوە، ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریش دەڵێت، گوشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی لەسەر عێراق هەیە بۆ وەرگرتنەوەیان.

گاتع نەجمان، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارە داعشانەی بە رەگەز عێراقین و لە گرتووخانەکانی هەسەدەدان، زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەوانە لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەكان كاریان كردووە و دەستیان بە خوێنی هاوڵاتیانی عێراق سووربووە."

بەگوتەی نەجمان وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارانە لەسەر داوای حكومەت نییە و دەڵێت: "گوشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی لەسەر عێراق هەیە بۆ وەرگرتنەوەیان، پێشموایە وەرگرتنەوەی بەشێكی دیكەی چەكدارانی داعش لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە".
ئەو پەرلەمانتارە داوا لە حكومەتی كازمی دەکات روونكردنەوە لەبارەی ئەو دۆسیەیە بدات، بەتایبەتی لە پەرلەمانی عێراق.

پێشتر سەرچاوە سەربازیەكانی عێراقی رایانگەیاند: "لە سێ رۆژی رابردوودا هێزەكانی سووریای دیموكرات لە دەروازەی رەبیعەی نێوان پارێزگای نەینەوا و حەسەكە زیاتر لە 100 چەكداری عێراقیان رادەستی دەسەڵاتدارانی ئەمنی پارێزگای نەینەوا كردووەتەوە، كە ژمارەیەكیان چەكداری دیاری داعشن و گوێزراوەتەوە زیندانێكی تایبەت لە پارێزگاكە".

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە پڕۆسەكە بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش کراوە و ژمارەیەكی زۆری چەكداری داعشی عێراقیش هێشتا لە زیندانەكانی هەسەدە ماون، لە داهاتووشدا هەموویان رادەستی عێراق دەكرێنەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسای عێراقی دادگایی بكرێن.

فازڵ ئەبو رغیف، شارەزای بواری ئەمنی نزیك لە دەزگای هەواڵگریی عێراق دەڵێت وڵاتەكەی سوودی زۆر لە وەرگرتنەوەی ئەو چەكدارە داعشانە وەردەگرێت، كە لەلایەن هەسەدە زیندانیكراون، ساڵی رابردووش عێراق ژمارەیەك چەکداری داعشی وەرگرتەوە كە فەرماندەی دیاری تێدابوو و لە چەندین پرۆسەی کوشتنی بە کۆمەڵ تێوەگلابوون و لە نێو عێراق دادگاییكران.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق