ئەمریکا سێ کورد دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ کوردی وەکو سەرکردەی "بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە" راگەیاند و دەڵێت لە سنووری نێوان ئێران و عێراق چالاکی ئەنجام دەدەن.

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناوی ئەو سێ کەسەی ئاشکراکردووە و دەڵێت "پۆلێنکردنی ئیسماعیل فوئاد رەسوول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نووری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریف وەکو سەرکردەی بەتالیۆنی کوردیی رێکخراوی قاعیدە رادەگەیێنم کە گرووپێکی سەر بە قاعیدەیە لە سنووری نێوان ئێران و عێراق چالاکی ئەنجامدەدات".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی زیاتری لەبارەی ناسنامەی ئەو سێ کەسەوە نەخستووەتەڕوو.

لە نوێترین لێدوانیدا و بەبێ ئەوەی بەڵگەی بەهێز بخاتەڕوو پۆمپەیۆ ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند "ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە" و ئەو وڵاتەش بەوە تۆمەتباردەکات کە دەستی هەبووە لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر بۆسەر دوو تاوەرە بازرگانییەکەی وڵاتەکەی، دەشڵێت، ئێران "بۆ قاعیدە بووە بە ئەفغانستان".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سێ دەیەیە ئێران پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە هەیە و یارمەتیی ئەو رێکخراوەی داوە لە 11ی سێبتەمبەر، ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێران پارە و پاسپۆرتی داوەتە بەرپرسانی قاعیدە و قاعیدەش کار بۆ پاراستنی ئێران دەکات".

پۆمپەیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا هەندێک سەرکردەی قاعیدە لە ئێرانن؛ پێش ئەوەی قسەکانیشی تەواو بکات، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی دایەوە و رایگەیاند "هیچ کەسێک فریو ناخوات. هەموو تیرۆریستانی 11ی سێپتەمبەر لە وڵاتە دڵخوازەکەی مایک پۆمپەیۆوە هاتوون؛ هیچیان لە ئێرانەوە نەهاتوون".

لە ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن ئەمریکاوە گوشاری خراوەتەسەر، ئێستاش کە سەرۆکی ئەمریکا چەند رۆژێکی ماوە لە پۆستەکەیدا، لەلایەن هەندێک بەرپرسی ئەمریکییەوە هۆشداری دراوە و داوای دوورخستنەوە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی سزاکانیانەوە بۆسەر ئێران، بودجەی پێشنیازکراوی سەربازیی ئێران ئەمساڵ 24% دابەزیوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە زیاتر لە هەزار و 500 کەسایەتیی و لایەنی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و توانیویانە 70 ملیار دۆلار زیانیان پێبگەیێنن کە پێشتر "پاڵپشتیی تیرۆر، مووشەکی بالستی و پرۆگرامی ناوکییان پێ کردووە".

پۆمپەیۆ کە پێشتر بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بوو، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2017 رایگەیاندبوو، "چەندین جار ئێرانییەکان لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە کاریان کردووە".

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووە، ئەبو محەممەد میسری کە سەر بە قاعیدە بووە، تۆمەتبارە بە هاوکاریکردن لە بۆمبارانکردنی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفریقا و لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە. ئێرانیش ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ "تیرۆریستێکی قاعیدە" لەسەر خاکی وڵاتەکەی نییە. پۆمپەیۆ لەبارەی کوژرانی ئەبو محەممەد میسرییەوە گوتی، بۆ یەکەمجارە کە رایدەگەیێنێت، میسری لە 7ی ئابی 2020 کوژراوە و چوونیشی بۆ ئێران "هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە".

پێشتر لە ساڵی 2001، ئەمریکا بە بیانووی بوونی قاعیدە، کە تۆمەتبارە بە هێرشەکانی سەر دوو باڵەخانە بازرگانییەکەی نیویۆرک، هێرشەکانی بۆسەر ئەفغانستان دەستپێکرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif